سوپاس بۆ تەزویرچییەكان
2018-12-12 15:08:59
■ كهمال رهئوف
چەند ساڵێك لەمەوبەر برادەرانی پارتی لەرێگەی دوو گۆڤاری سێبەرەوە كتابێكیان بەناوی رێكخستنی یەكێتیەوە لەسەر بەندە بڵاوكردەوە، ناوەرۆكەكەی ئەوە بوو گوایە لەرێگەی كەسایەتیەكی سلێمانیەوە، بومەتە یەكێتی و مانگانەیان بۆ بریومەتەوە.
دوای ئەوەی داوای یاسایم لەسەر گۆڤارەكان تۆمار كرد، كیسەكەیان بۆدەستی دەستی حەواڵەی هەولێر كرد، هەموو جارێكیش لەبری ئەوەی ئەوانەی كتابەكەیان تەزویر كردوە منیان بەگیر ئەهێناو هەرەشەی دەستگیركردنیان ئەكرد، بەڵام خۆشبەختانە یەكێك لەسەر نووسەرەكان پاش چەند ساڵێك ویژدانی جوڵاو روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ئەوەی نوسی كە ئەو كتابە تەزویر بووە.
زەریبەی ئەو كاتبە تەزویرە ئەوەبوو لەو ماوەیەدا بەندە رۆڵم هەبوو لە نزیكردنەوەی بزووتنەوەی گۆران و یەكێتی، بۆ ئەو مەبەستە چەندجارێك مام جەلالم بینیبوو.
ئەوەی مەبەستمە بیڵێم، لەو كاتە كۆمەڵێك بەناو "رەخنەگر"، ئەوەیان بڵاو كردەوە، گوایە لە بەرامبەر ئەو چاوپێكەوتنە چەند دۆنمێك زەویم وەرگرتوە، وەك ئەوەی تاڵەبانی پەكی لەسەر ئەوە كەوتبووبێت، لە میدیایەكی كوردی مقابەلەی بكرێت!.
لە چەند رۆژی رابردوو، لەپەیجێك كە خۆیان بەدۆستی گۆران و نزیك لەوان ئەزانن، بابەتێك لەسەر بەندە بڵاوكرایەوە، بەناونیشانی "كەمال رەئوف" چەكە نوێكەی یەكێتی، لەراستیدا ئاستی هەڵمەتەكە ئەوەندە نزم و گاڵتە ئامێز بوو، بەباشم زانی وەڵامی نەدەمەوە و بێدەنگەم لێكرد، چونكە پێشتر چەند جارێك لەمیدیاكانەوە بەوە تۆمەتبار كرابووم كە گۆرانم و ئیش بۆ ئەوان ئەكەم.
لەیەك دوورۆژی رابردو، جارێكی تر نوسراوێكی تری تەزویر، بەڵام ئەمجارە بەناوی پارتییەوە بڵاوكراوەتەوە، گوایە شەش هەزار دۆلار بۆ بەندە خەرج كراوە، دیارە ئەم نوسراوە هی هەر كەس و لایەنێك بێت، پارتی لێ بێبەرییە، چونكە هیچ نەبێت ئەوان ئەزانن ناوی دەزگاكەی خۆیان بەراستی بنوسن، كە لەم نوسراوەدا كاكی تەزویر چی ناوەكەی بەهەڵە نوسیوە، لەنوسراوەكەدا ناوی ( ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی پارێزگای سلێمانی ) هاتووە ، لەكاتێكدا خۆی ناوی راستی ( ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی - هەڵەبجە)یە.
من سوپاسی تەزویر چییەكان ئەكەم، چونكە هەرجارە شتێك بڵاوئەكەنەوە، هەڵەیەكی جەرگ برئەكەن و دەستەكەیان دەكەوێتە روو، لەوەی یەكەمجاری لای برادەرانی پارتی نوسراوەكەیان بەناوی رێكخستنی تایبەتەوە كردبوو، كە یەكێتی نەئەوساو نەئێستاش شتێكی نییە بەناوی رێكخستنی تایبەتەوە.
هەرچۆنێك بێت لام سەیر نییەو خۆم دەزانم دەردی ئەم كتابە تەزویرە تازەیەش چییەو دەشزانم برادەرانی تەزویرچی كوێیان ئێشێت، بەدوریشی نازانم لە لەئایندەیەكی نزیكدا بەهەمان شێوە پەلاماری چەند كەسێكی تر بدرێت و لەسەر ئێمەش چەند بارەی بكەنەوە، بەڵام ئەوەی لام سەیرە ئەوەیە كۆمەڵێك كە بەحساب لەگەڵ دەسەڵات نین، حەزیان لەوەیە ریوایەت بۆ ئەم تەزویرچیانە بهۆننەوە، جا ئەمە یان كاڵفامییە، یان هەر حەزیان لەوەیە هەموو دنیا ناشرین بكەن تاجوانی خۆیان دەرخەن..
كەمال رەئوف