ئایا چاکسازی و گۆڕانکاری لە گۆرانی ئێستادا دەکرێت؟
2018-12-12 08:32:12
■ چیا عەباس
زۆربەی دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان بزوتنەوەکەیان بە دۆخێک گەیاندوە کە نەیار و رکابەرەکانی بە خەونیش خوازیاری نەبون، لە باڵێکی ناسراو بە ریفۆرمی ناو یەکێتیەوە هاتبون.
ئەم بەرێزانە خەبات و قوربانی زۆریان بە نەتەوەکەیان بەخشیوە، کاتێک لاپەرەکانی مێژوی زۆربەیان لە دوای راپەرینەوە هەڵبدرێنەوە کەمن ئەوانەی بە مانا رەسەنەکەی ریفۆرم ریفۆرمکار بون. ئەوانی تر لێرە و لەوێ داوای چاکسازیان کردوە، بەڵام لە ناو یەکێتی ململانێی دەسەڵات و پێگەیان کردوە و زیاد لە مافی خۆیان سودمەندیش بون لە دەسکەوت و ئیمتیازاتی تایبەت. ئەم هەڵسەنگاندنە بێ داتا و بەڵگە و ناو نیە، چەند دۆکیۆمێنتی بڵاوکراو لە لایەن ویکیلیکسەوە باسیان لەو واقیعە کردوە.
بەشێکی زۆر بچوکی ئەو باڵە پێش هاتن بۆ ناو گۆڕان مەرج و داخوازی تایبەتیان هەبو، کاک نەوشیروان بە رێگەی چەند هاورێیەکی نزیک لێی لە پەیوەندیدا بو لە گەڵیان تا بێنە ناو گۆڕان و گوێی بو خواست و داواکاریەکانیان شل کردبو.
کاتێک هاتنە ناو گۆڕانەوە بە ناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان – ریفۆم هاتن، بەو بۆنەیەشەوە بەیانێکیان دەرکرد، دواتر کاک نەوشیروان قەناعەتی پێکردن هەمویان لە ژێر چەتری گۆڕاندا کاربکەن.
زەمانە هات و زەمانە رۆیشت، گۆڕان بوە خاوەنی دەستور و دامەزراوەکانی خۆی، بریار بو راستەوخۆ دوای یەکەم کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان لە ٢٠١٣ خانەی راپەراندن پێک بهێنرێت، بەڵام چوار ساڵ دواتر و بە ماوەیەکی کورت دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان ئەو کارە ئەنجامدرا. کاک نەوشیروان لە دوا ساتەکانی ژیانیدا نامە بەناو بانگەکەی بۆ هاورێکانی نارد بۆ دروستکردنی خانەی راپەراندن، ئەوانیش درێغیان نەکرد یەکێک لە داواکاریە بنەرەتیەکانی رێکخەرە کۆچکردوەکەیان پشتگوێ خست. پێموایە ئەو پشتگوێخستنە سەرەتای کاڵکردنەوەی سەردەمی کاک نەوشیروان بو لای بەشێک لەو دەسەڵاتدارە تازانەی گۆڕانەوە.
هۆکارەکانی پشت دواخستنی دروستکردنی خانەی راپەراندن لە لایەن کاک نەوشیروان ەوە چی بون؟ گەران بەدوای وەڵامەکانی ئەم پرسیارە زۆر شتی گرنگمان بۆ رون دەکاتەوە، ئەمەش کەوتۆتە سەر ویژدان و ئەمەکی کاراکتەر و شایەتحاڵە بە ئاگاکان لە روداوەکان کە چەند لە راستیەکان دەدرکێنن.
نزیکەی ئەو دو ساڵەی کاک نەوشیروان بەهۆی نەخۆشیەوە لە کوردستان دور بو، دەسەڵاتەکانی خۆی بە هاورێکانی دابو، کاتێک گەیشتە ئەو باوەرەی ئەوان وەک پێویست ناتوانن ئیدارەی گۆڕان بکەن رێنماییە ناودارەکەی بۆ دروستکردنی گروپی راوێژ لەو بەرێزانە دەرکرد. دیاریکردنی ئەرک و پێگەی راوێژ لە رێنماییەکەدا بۆ هاورێکانی بە ورد و خەستی دید و هەڵسەنگاندنی کاک نەوشیروان دەردەخات.
کاک نەوشیروان لە کوردستان و لە بەریتانیا بەردەوام بۆ ئەو گروپە هەڵسوراوان و دۆستانەی سەردانیان دەکرد چەندین پرسی دەوروژاند، لەوانە:
- بۆچی بەشێکی بەرچاوی پەرلەمانتارانی گۆڕان ناو بە ناویش بێت ناگەرێنەوە بۆ ئەو جەماوەرەی دەنگیان پێداون و لە نزیکەوە لە بار و دۆخی ژیانیان ناپرسنەوە؟
- بۆچی وەزیرەکانی گۆڕان، تایبەت دارایی و پێشمەرگە، دوای دورخستنەوەیان لە حکومەت بە دەنگێکی بەرز باسی پرۆژەکانی گۆڕان بۆ کابینەی هەشت ناکەن؟
- بۆچی چەند هەڵسوراوێکی باڵا کردیان بە رۆژی حەشر تا پەیوەندیە رێکخراوەییەکانی خۆی لە گەڵ بەرپرسە نارەزاکانی گۆڕان ئاساییان بکاتەوە، کە ئەوەشی کرد هەر هەمان ئەو هەڵسوراوانە کەوتنە گیانی نارەزاکان و گۆڕان یان کردە گۆرەپانی ململانێی توند لە گەڵیاندا؟
- بۆچی ئەوانەی خۆیان بە بەرپرسی گۆڕان دەزانن خەمی پەیاکردنی سەرچاوەی داراییان بۆ بزوتنەوەکە نەخستۆتە ئەستۆی خۆیان؟
- بۆچی ئەوەندە سەرقاڵی مومتەلەکاتی گۆڕانن، لە کاتێکدا رۆڵێکی ئەوتۆیان لە بەدەسهێنانیان نەبوە، ئایا ئەو زەماناتانە چین کە نەریتی کۆمپانیاکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان لە ناو گۆڕاندا دوبارە نابێتەوە؟
هەرچۆنێک بێت ئێستا شتەکانی ناو گۆڕان زۆر رون و ئاشکران، دەرکەوت لە سایەی ئەقڵیەت و ئەو کاراکتارانەدا گۆرانکاری لە ناو گۆڕان نەک هەر ئەستەمە بەڵکو روداوەکان ئاماژەن کە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەروات.
پرسیارێکی سەرەکی ئەوەیە بۆچی؟
ئەو بەرێزانەی ئێستا لە گۆڕاندا باڵادەستن لە بواری رێکخراوەییدا گۆشەکراو و پەروەردەکراوی چەمکەکانی لینینزمن، بۆ ئەوان دەسەڵاتی هەرەمی بناغەی بنەرەتی بەرێوەبردنی حزبە، باوەریان بەوە هەیە هەرچی بۆچون و رای جیاواز و رەخنە و پێشنیازی بنکەکانی رێكخستنە دەبێت بە رێگەی ئەو دامەزراوانەی ئەوان کۆنترۆڵیان کردون و پریان کردونەتەوە بەوان بگات، بە مزاجی خۆشیان بریاریان لێبدەن. لە کاتێکدا کاک نەوشیروان ماڵەکەی کراوە بو، رۆژانە خولیای ئەوە بو راستەوخۆ گوێبیستی بۆچون و رای دەیان هەڵسوراو و گۆرانخواز بێت، بە رێزەوە گفتوگۆی لە گەڵ دەکردن و وەڵام و هەڵسەنگاندنی خۆی راشکاوانە رادەگەیاند. بەردەوام دەشیگوت نەریتی حزبە ستالینستەکان بە سەرچوە، بۆیە پێکهاتەی ئاسۆیی کردە کۆڵەلەکەیەی بنەرەتی رێکخراوەیی بزوتنەوەکە.
دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان لە چەند گروپ و تاقمی نەگونجاو لە گەڵ یەکتر پێکهاتون، زۆربەیان هزر و فکرێکی دیاریکراوی هاوبەشیان نیە تا دەستی پێوە بگرن، بۆیە هەر سات و ئانێک جیا لە یەکتر لێدوان و قسەی جیاوازی فرە ئاراستە دەکەن، دیاردەیەک بۆتە هۆکاری سەر لێشواندن و چەواشەکاری بۆ گۆرانخوازان، لە کاتێکدا کاک نەوشیروان بە یەک دو رستە بابەتەکانی رون و یەکلایی دەکردەوە.
ئەم بەرپرسانەی ئێستا خاوەنی دیدگای تایبەتی خۆیان بۆ گەشەکردنی و بەهێزکردنی گۆڕان نین، ئەوەی بە دەستیانەوە ماوە ئەزمونە رێکخراوەییە کلاسیکیە بەسەرچوەکانە لە گەڵ مناوەرەی سیاسی لە رەوشی ئاڵۆزی کوردستان تا لە سایەیاندا بتوانن بەردەوام بن، بۆیە گۆڕان ئێستا دوای روداوەکان دەکەوێت و توانای خەڵقاندنی روداوی نەماوە. بە پێچەوانەوە کاتێک گۆڕان لە لوتکەی هێزیدا بو و بەشدار بو لە حکومەت، کاک نەوشیروان بۆ پێداگری لە پرەنسیپەکانی راشکاوانە رایگەیاند سەرجەم پرۆسەی پەرلەمانی و سیاسی لە کوردستان کەوتونەتە ژێر پرسیارەوە و نەکەوتە ژێر باری بایکۆت و فشارەکانی دەسەڵاتەوە.
ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستا زۆر ئاسایی پێشوازی لە تەقەکەرانی مەکۆی سەرەکی گۆڕان لە سەر مەزاری کاک نەوشیروان دەکەن، لە کاتێکدا کاک نەوشیروان لە سەر تەعەدایەک، هەرەشەیەک و چاوسورکردنەوەیەک لە هەڵسوراوێکی گۆران ئامادەبو چی پێ دەکرێت بیکات.
ئەم نوخبە دەسەڵاتدارەی گۆڕان ئێستا بە پاساوی کەمکردنەوەی فشار نیەتی جدیان هەیە لە حکومەتی هەرێم بەشدار بن، هاوکاتیش بانگەشە بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی دەکەن، کە دەبێت بکرێتە رێگەی چارەسەری کێشەکان. مەخابن بەشێکی گرنگی ئامادەکاریەکانیان بۆ کۆنفرانسەکە نادەستوریە و سەرقاڵی ئەوەشن دەرئەنجامەکان بە خواستی خۆیان بێت.
ئەم بەرێزانە کاری زۆریان بۆ گۆڕان کردوە، ماندو بون و دڵسۆزی کوردایەتین، ئەم خەسڵەتە بەرزانە ئەو راستیە داناپۆشن کە ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە ناتوانن گۆرانکاری و چاکسازی پێویست لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان بە رێبکەن.
کەوتۆتە سەر شانی هەڵسواراوان چۆن گۆڕان لەم مەینەتیەی تێی کەوتوە رزگار بکەن!