Draw Media

ماناكانی پشت نۆبڵه‌كه‌ی نادیه‌ موراد

ماناكانی پشت نۆبڵه‌كه‌ی نادیه‌ موراد

2018-12-10 18:35:21


■  ئومێد قه‌ره‌داخی

له‌دوای په‌لاماری داعشه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئێزدییه‌كان ، ژنێكی رزگاربوو له‌ چنگی كۆیلایه‌تی ، به‌ ده‌نگێكی دلێره‌وه‌ ده‌ركه‌وت ، ئه‌م ژنه‌ قسه‌كه‌رێكی جدی و ئازایه‌تییه‌كی بێوینه‌ی له‌ گێرانه‌وه‌ی راستگۆیانه‌ی روداوه‌كاندا نیشاندا ، له‌سه‌ر شانۆی جیهانیدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو پێشوازی لێكراو و چه‌ندین خه‌ڵاتی گرنگی جیهانی به‌ده‌ستهێنا، دواترینیشیان خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو ، وه‌گرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ و ئه‌م پێشوازییه‌ جیهانییه‌ له‌م ژنه‌ و چیرۆكه‌كانی كۆمه‌ڵێك مانای راسته‌قینه‌ی هه‌یه‌ ، كه‌ من لێره‌دا له‌سه‌ر سێ مانای سه‌ره‌كی رائه‌وه‌ستم:
یه‌كه‌م : پێشوازی گه‌وره‌ له‌ نادیه‌ موراد و چیرۆكه‌ به‌ ئازاره‌كانی به‌ كه‌نیزه‌ككردنی ژنان ، پێش هه‌ر شتێك شه‌رمه‌زاركردنی جۆرێكه‌ له‌ تێز و دنیا بینی كه‌ هێشتا باوه‌ری به‌ كه‌نیزه‌ككردنی ژنان هه‌یه‌ ،باوه‌ری به‌وه‌ هه‌یه‌ جیاوازی ئایین پاساو بێت بۆ ئه‌وه‌ی ژن وه‌ك ده‌سكه‌وتنی جه‌نگ، وه‌ك غه‌نیمه‌ت سه‌یر بكرێت و هاو شێوه‌ی جۆره‌كانی دیكه‌ی غه‌نیمه‌ت له‌ بازاری كۆیله‌ فرۆشیدا بكردرێت و بفرۆشرێت ، ئه‌م تێزه‌ ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر ده‌ستی بزووتنه‌وه‌یه‌كی توندره‌وه‌ی وه‌ك داعشدا و دژ به‌ هاوڵاتیانی ئێزدی پیاده‌كرا، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی به‌ كه‌نیزه‌ككردن قوڵایه‌كی فیقهی و تیوری هه‌یه‌ له‌ كه‌لتووری ئیسلامیدا و كارێكی رێگا پێدراوه‌ ، ئێستاش كتێبه‌ فیقهییه‌كان پرن له‌و به‌ند و ده‌ستورانه‌ی كه‌ پێویسته‌ ره‌چاو بكرێن بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌نیزه‌ك ، پێویسته‌ ره‌چاو بكرێن له‌ كڕین و فرۆشتنی كچانی به‌كه‌نیزه‌ككراودا ، به‌مه‌ش داعش تاكه‌ هێز نیه‌ ، تاكه‌ ئاراسته‌ی فیكری و سیاسی نیه‌ كه‌ له‌ پشتییه‌وه‌ باوه‌ری به‌ كه‌نیزه‌ككردنی ئینسان راوه‌ستاوه‌ ، به‌ڵكو به‌شێكی هه‌ره‌ زاڵ و به‌رینی ئیسلامی باڵاده‌ست له‌ جیهانی ئیسلامیدا وه‌ك پره‌نسیپ باوه‌ری به‌ كه‌نیزه‌ك هه‌یه‌، تا ئێستاش جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌كردوه‌ كتێبه‌ فیقهیه‌كان له‌ باس و خواسه‌كانی كه‌نیزه‌ك پاك بكه‌نه‌وه‌ ،ته‌نانه‌ت جورئه‌تی ئه‌وه‌شیان نه‌بوه‌ به‌ كه‌نیزه‌ككردن وه‌ك ئه‌ركێكی ئایینی رێگاپێدراو سه‌یر نه‌كه‌ن، هه‌ربۆیه‌ دوای تاوانی بوكه‌نیزه‌ككردنی نزیكه‌ی چوار هه‌زار ژنی ئێزدی ره‌وت و دامه‌زراوه‌ ئیسلامگه‌راییه‌كانی كورد و جیهانی ئیسلامیش ، ئه‌گه‌رچی تاوانه‌كانی داعشیان مه‌حكوم كرد، به‌ڵام هه‌رگیز پره‌نسیپی به‌ كه‌نیزه‌كردنیان ره‌تنه‌كردوه‌ ، هه‌رگیز نه‌یانتوانی كه‌نیزه‌ككردن وه‌ك پره‌سێكی نا ئینسانی و نا ئه‌خلاقی وێنا بكه‌ن، ئه‌مه‌ش شه‌رمه‌زاری و له‌ هه‌مانكاتدا مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ ، جیهانی ئیسلامی ئه‌مرۆ نه‌توانن كتێبه‌ فیقهیه‌كانی خۆیان له‌ بابه‌تێكی وه‌ك كه‌نیزه‌ك پاك بكه‌نه‌وه‌ و ره‌وایه‌تی ئایینی له‌ كرین و فرۆشتنی مرۆڤ بسه‌ننه‌وه‌ ، ده‌ركه‌وتنی نادیه‌ موراد وه‌ك كه‌نیزه‌یه‌كی ئازاد بوو ، وه‌ك ژنێك كه‌ به‌ جورئه‌ته‌وه‌ چیرۆكی به‌ كه‌نیزه‌كبوونی خۆی ئه‌گێرێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ پێش شه‌رمه‌زاركردنی داعش شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌و هزر و ئاراسته‌ دینییه‌یه‌ كه‌ هێشتا باوه‌ری به‌ كه‌نیزه‌كردنی ئینسان هه‌یه‌، هێشتا ئاماده‌یه‌ ئیسنان وه‌ك غه‌نیمه‌ت و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نك سه‌یر بكات و به‌سه‌ر جه‌نگاوه‌ره‌كانیدا دابه‌شی بكات
دووه‌م : ده‌ركه‌وتنی نادیه‌ موراد له‌ شانۆی نێوده‌وڵه‌تیدا ئاشكرابوونی سكانداڵی ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌رێمی و ناوچه‌ییه‌كانه‌ له‌ پاراستنی كه‌مایه‌تییه‌ ئایینیه‌كاندا، فه‌شه‌لی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یه‌ به‌ ئیمتیاز ، ناوچه‌ی شه‌نگال و كه‌مایه‌تی ئێزدی كه‌ به‌ سنووری جوگرافی به‌شێكه‌ له‌ خاكی عێراق و ، له‌ رووی كارگێری و ده‌سه‌ڵاتداریی ناوچه‌ییه‌وه‌ به‌ كرده‌وه‌ له‌ژێر ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بوه‌ ، پارتی و ده‌سه‌ڵاته‌ ناوچه‌ییه‌كه‌ی به‌رپرسیار بوو له‌ پاراستنی شه‌نگال و گیانی ئێزدییه‌كان ، به‌ڵام له‌یه‌كه‌مین تاقیكردنه‌وه‌دا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ شكستی هێنا ، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م په‌لاماری داعشدا پارتی و هه‌زاران چه‌كداری بێ هیچ به‌رگرییه‌ك شه‌نگالیان ته‌سلیم كرد ،به‌م كاره‌ش یه‌كێك له‌ كه‌مایه‌تیه‌ ئایینیه‌ ره‌سه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست كه‌وته‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ر جینۆساید، به‌ پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی به‌رێوبه‌رایه‌تی كاروباری ئیزدییه‌كان 3548 سێ هه‌زار و پێنج سه‌د و چل و هه‌شت ژنی ئێزدی كراون به‌ كه‌نیزه‌ك، 2869 پیاوی ئێزدی فرێندراون وه‌ك كۆیله‌ كاریان پێكراوه‌ ، تا ئێستا 71 گۆری به‌ كۆمه‌ڵی ئێزدی دۆزراونه‌ته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ كۆی 550000 پێنجسه‌د و په‌نجا هه‌زار هاوڵاتی ئێزدی، 360000 سێ سه‌د و شه‌ست هه‌زاریان ئاواره‌ بوون ، له‌و ژماره‌یه‌ نزیكه‌ی 100000 سه‌د هه‌زاریان ئاواره‌ی ولاتانی ده‌ره‌وه‌ بوون ، ئه‌م جینۆسایده‌ گه‌وره‌یه‌ به‌رهه‌می فه‌شه‌لی حوكم و به‌رپرسیارێتی پارتیه‌ ، ده‌ركه‌وتنی نادیه‌ موراد و خه‌ڵاتی نوبڵه‌كه‌شی ئاشكراكردنی ئه‌م شكسته‌ قوڵه‌یه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌ر شانۆی جیهانیدا
سێیه‌م : ده‌ركه‌وتنی نادیه‌ موراد وه‌ك ده‌نگێكی عیراقی ، وه‌ك كه‌مایه‌تییه‌ك له‌ باكوری عێراقدا و كه‌متر گرێدانه‌وه‌ی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان به‌ جینۆسایدی كورده‌وه‌ ، له‌راستیدا به‌ڵگه‌ی فه‌شه‌لێكی روون وقه‌یرانێكی ئه‌خلاقی و سیاسی و فیكری گه‌وره‌یه‌ له‌و تایپه‌ له‌ ناسیۆنالیستی كه‌ به‌سه‌ر گوتاری ناسیۆنالیستی كوردستانی عێراقدا بوونی هه‌یه‌ ، گوتارێك كه‌ كه‌ هیچ رێزێك بۆ پره‌نسیپی هاوڵاتیبوون و یه‌كسانی هه‌موان له‌به‌رده‌م یاسادا دانانێت، گوتارێك كه‌ ناتوانێـت پلورالیزمی ئایینی و كه‌لتووری وه‌ك به‌شێكی بنه‌ره‌تی له‌ بیری ناسیۆنالیستی ته‌ماشا بكات ، گوتارێك كه‌ ئازادی تاكه‌كه‌س و ئازادی سیاسی راسته‌قینه‌ له‌ژێر وه‌همی دوژمنی ده‌ره‌كیدا په‌راوێز ئه‌خات ، له‌ گوتارێكی له‌م شێوه‌یه‌دا ئاساییه‌ ئێزدی جینۆساید بكرێت، چاوه‌روانكراوه‌ كه‌ ئایین و ئایینداری ئێزدی زوك شه‌یتان په‌رست و وه‌ك كه‌مایه‌تیه‌كی په‌راوێزخراو سه‌یر بكرێت، ئیدی ئه‌وه‌ش چاوه‌روانكراوه‌ كه‌ نه‌ نادیه‌ موراد و نه‌ك هیچ ئیزدییه‌ك ئینتیمایان بۆ پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی به‌ ناوی پرسی كورد نه‌بیت ، ته‌نانه‌ت بۆ كوردبوونیش ، ئه‌مه‌ش به‌لای منه‌وه‌ بابه‌تێكی ئاساییه‌ ، ئینتیمای مرۆڤ بۆ هه‌ر شتێك مافێكی تایبه‌تیه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئێزدی كه‌مایه‌تییه‌كی ره‌سه‌نی ئه‌م ناوچه‌یه‌ن و كوردن ، به‌ڵام ناسیۆنالیزمی خێله‌كی، بێ فكر و بێ پرۆژه‌، ئه‌وانی له‌ كوردبوون تۆراندوه‌.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand