پاریس و یاخیگەرە تازەکانی
2018-12-10 16:17:41
■ مەریوان وریا قانع
(١)
ڕەنگە ئەمڕۆکە پاریس یەکێک لەو شارانە بێت کە کەس حەزنەکات سەریلێبدات و بیبینێت، شارێک کە کەسانێکی زۆر وەک پایتەختی ئەوروپا و پایتەختی فیکر و پایتەختی شارستانیەتی مۆدێرن ناویدەبەن. ئەو شەپۆلە گەورەیەی ناڕازییدەربڕین و خۆپیشاندان کە ڕووی لە فەرەنسا کردوە، بەشێک لە تووڕەبوونەکانی تووڕەبوونە لە پاریس خۆشی، لەو حوکمڕان و چینە دەوڵەمەند و ھێز و دەزگا بە گڵۆبالبوانەی ناو پاریس، کە ئاگایان لە دۆخی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاکە نەماوە.
سەرەڕای پەنابردن بۆ بەکارھێنانی توندوتیژیی و تاڵانکاریی و شڕەخۆریی، سەرەڕای شکاندن و سوتاندن و لێدان و پەلاماردان و گرتن، ئەوەی ڕووئەدات تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیی گەورەیە، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو ژینگە نیولیبرالەوە ھەیە کە لە سێ دەیەی ڕابردوودا لە ئەوروپادا سەروەربووە. ناڕەزاییەکە سەرەتا ناڕەازیی کۆمەڵێک شۆفێر بوو دژ بە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین، بەڵام لە ئێستادا گەشەیکردوە بۆ بزوتنەوەیەکی گەورەی ناڕەزاییدەربڕین کە تەنانەت وڵاتانێکی وەک بەلجیکا و ھۆڵەنداشی گرتۆتەوە.
ھێزی گەورەی پشتی ئەم ناڕەزاییدەربڕینە بەشی خوارەوەی چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگای فەرەنسییە، ئەمەشلە ڕاستیدا بەشە ھەرە ھەژارەکەی کۆمەڵگای فەرنسیی نییە، بەڵکو کەسانێکی خاوەن کار و پیشەی تایبەتن و ڕۆژانە سەرساختانە کارکانی خۆیان دەکەن، بەڵام کێشەیان لەوەدایە ئەو بڕە پارەیەی پەیدایدەی دەکەن، بەشی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان و ژیانی خێزانەکانیان ناکات. ئەمانە ئیشێکی زۆر بەرامبەر بە داھاتێکی کەم دەکەن. بەڵام گرفتی ئەمانە تەنھا ئەوە نییە کە داھاتەکەیان کەمە، بەڵکو ھەستێکی قووڵیش بەوە دەکەن کە لەناو کۆمەڵگای فەرەنسیدا کەس گوێیان لێناگرێت، بەتایبەتیی حومکڕانانی وڵاتەکە و دەزگا نێودەوڵەتییە زەبەلاحەکان و چینە دەوڵەمەندەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا. ئەمانە پێیانوایە ئەو نوخبەیەی لە پاریسدا حوکمڕانی دەکات ئەمان نابینێت و وەک نەبوو مامەڵەیان دەکات، کاتێکیش لەڕێگای خۆپیشاندانەوە ھەوڵی ئەوە ئەدەن کە ببینرێن، ئەوا گوێیان لێناگیرێت و وەڵامی داواکارییەکانیان نادرێتەوە. بە کورتییەکەی ئەمانە کەسانێکن ھەم لەسەرێکەوە تەواو ناڕازین بەرامبەر بەو دۆخەی کە ھەیە و دروستکراوە، ھەم گومانی گەورەشیان بەرامبەر دەسەڵاتداران لەلا دروستبووە و باوەڕیان بەوە نەماوە کە ئەو دەسەڵاتدارانە بتوانن کێشەکانیان چارەسەربکەن.
شارەزایانی کۆمەڵگای فەرەنسیی و کۆمەڵگا ئەوروپییەکان. باس لە گۆڕانی دۆخی دەرونیی چینی ناوەڕاست لە ئەوروپادا دەکەن، ئەم چینە لە ئێستادا ترسێکی گەورەی لە ئایندە ھەیە، باوەڕی وایە ئیشکردنی زۆر و خۆماندووکردنی بەردەوام دڵنیایی نابەخشێت و گەرانتی سەرکەوتن ناکات. ئەم سایکۆلۆژیایەش شتێک نییە ئەمڕۆکە دروستبووبێت بەڵکو دەرەنجامی قەیرانە گەورەکانی ئەو سیستمە ئابوریی و سیاسییە نیولیبرالەیە کە سێ دەیە زیاترە لە ئەوروپادا باڵادەستە. کەسانێک ھەن باس لە کۆتایی ”کاپیتالیزم بۆ ھەمووان“ و کۆتایی ”کاپیتالیزمی میلەت“ دەکەن. ئەوەی دروستبووە سیستمێکە نوخبەیەکی بچووکی بەجیھانیبوو دەوڵەمەند دەکات و زۆرینەی چینەکانی خوارەوە و بەشێکی گرنگی چینی ناوەڕاستیش، بۆ ھەژاریی و نائومێدیی بەجێدەھێڵێت. زۆرینەی ئەم زۆرینەیەش خەڵکی لادێ و شارە بچووکەکانی دەرەوەی پاریس و شارە گەورەکانی فەرنسان و ڕق لە حکومەت و ڕق لە پاریس لەلایان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەیەکتری تێکەڵبووە.
بە پێچەوانەی شۆڕشی فەرەنسیی و یاخیبوونی خوێندکارانی ساڵی ١٩٦٨ ەوە، کە ھەردووکیان ھەڵگریی ئایدیۆلۆژیایەکی چەپگەر و ھیومانیستیی و گەردونیی بوون، ئەم یاخیگەرە تازانە بەرنامەیەک یان دروشمێک یان دیدێکی ھاوبەش کۆیانناکاتەوە. ئەوەی ھەیە بڕێکی زۆر گەورەیە لە بێزاریی و نائومێدیی. ھەندێکیان دژ بە ئەوروپای یەکگرتوون، ھەندێکیان دژ بە سیاسەتی باجوەرگرتنی دەوڵەتن، ھەندێکیان دژ بە ھەژاریی و نەدارین، ھەندێکیان دژ بە کۆچبەر و پەناھەندەن، ھەندێکیان دژ بە میدیان. بەڵام ھەموویان دژ بەو نوخبە سیاسییەن کە حوکمڕانە.
(٢)
ڕۆژی شەمەی ڕابوردو جارێکی تر ١٣٦ ھەزار کەس لە فەرەنسادا چوونەوە سەر شەقامەکان، لەوانە ١٠ ھەزاریان لە پاریس. ژمارەی ئەو پۆلیسیانەی لە پاریسدا خرابوونە سەر شەقامەکان بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایی دەربڕینەکان، نزیکبوو لە ژمارەی ئەوانەی لەو شەرەدا لە خۆپیشاندانەکاندا، بەشداربوون. ئەو ڕێگایانەش کە پاریس بە ناوچەکەنای دەرەوەیەوە گرێئەدات، لەلایەن پۆلیسەوە کۆنترۆڵکرابو، لەزۆر شوێنی شارەکەشدا بەشێکی زۆر لە دوکان و بازاڕەکان داخرابوون. پاریس لەم ڕۆژانەدا چیتر ئەو شارە نییە کە لە خەیاڵی زۆرێک لە مرۆڤەکانی سەر ئەم ئەستێرەیەدا ھەیە.
ناڕەزاییدەربڕینی ئەم جارەی فەرەنسا تەنھا تەحەدای پایتەختی وڵاتەکە ناکات، بەڵکو تەحەدای سەرجەمی سیستمی دیموکراسیی وەک گشتێک دەکات. لە دوای جەنگی جیھانی دووھەم و کۆتاییھاتنی فاشیزمەوە سیستمی دیموکراسیی بەڕادەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە نەبۆتەوە. ئەوەی ڕووئەدات تەعبیر لە توڕەبوون و ناڕەزاییدەربڕینێک دەکات کە لای نزیکەی ٧٠ % کۆمەڵگای فەرەنسیی ئامادەیە. ئەوانەی دەچنە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایی دەبڕین توڕەیی و نائومێدییەک دەیانجوڵێنێت کە لەناو زۆرینەی کۆمەڵگای فەرەنسیی و لە بەشێکی تری کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا، ئامادەیە. ئەمانە تا ڕادەدەیکی زۆر باوەڕیان بەو پارتە سیاسیانە نەماوە کە لەناو سیستمی دیموکراسیی ئەمڕۆکەی فەرەنسادا ئامادەن و وادەکەن سیستمە سیاسییەکە ئیشبکات. چوونە سەر شەقام بەو ژمارە گەورەیە خۆشی مانای باوەڕنەمان بە ”سیاسەت“ خۆشی وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانیان. ئەمە وادەکات چەندان شارەزا ئەم بزوتنەوەیە بە بزوتنەوەیەکی ”دژە سیاسەت“ ناوببەن.
بە بۆچونی من، ڕووە گەش و گرنگەکەی ئەم تووڕەبوونە کۆمەڵایەتییە لەوەدایە کە بەگژاچوونەوەیەکی بەھێزی ئەو سیاسەتە نیولیبرالەیە کە نوخبە حومکڕانەکانی ئەوروپا، لە سێ دەیەی ڕابردوودا بەسەر کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا سەپاندویانە. نوخبەیەکی نیولیبرال کە بەشی زۆری کۆمەڵگاکەی خۆیان، بە تایبەتی چینەکانی خوارەوەی ئەو کۆمەڵگایە، بە گەمژە و نەزان و گەلحۆ دەزانن و وەک بوونەوەری بچووک و ھیچ لەباردانەبوو وێنایاندەکەن.
نیولیبرالیزم بە مانا ھەرە سادە و ھەرە ڕاستەوخۆکەی ھێما بۆ ئەو سیاسەت و ستراتیژە ئابورییانە دەکات، کە دزیی لە ھەژاران دەکات و دزیەکەش بە دەوڵەمەندەکان دەبەخشێت. مرۆڤ پێویست ناکات مارکسیی بێت بۆئەوەی نیولیبرالیزم بەو مانایە ببینێت و پێناسبکات. ئەو ستراتیژەش لە دزیکردن فرەجۆرە، بەڵام ھەرە ئاشکراکانیان بریتیە لەڵ بەرزبوونەوەی نرخی شت و مەک، بەرزکردنەوەی باج لەسەر چینەکانی خوارەوە، ھێشتنەوە یان دابەزاندنی داھاتی ئەم چینانە. ھەموو ئەمانەش لە قازانجی کۆمپانیا مەڵتی ناشناڵەکان و بانکەکان و دەوڵەمەندانی وڵاتەکە. ئەم دۆخی دزیکردنەیە ڕاڤەی ئەو دروشەمە دەکات کە ھەندێک لە خۆپیشاندەرانی پاریس بەرزیان کردۆتەوە: ”پارەکانمان بدەنەوە“.
ئەم بزوتنەوەیە لە بەشی خوارەوەی کۆمەڵگاوە ھاتووە، لە شوێنێکی وەک فەرەنسادا، لە دوو ھەزار شارەوانیدا ئامادەیە، تا ئێستا بەبێ سەرۆک و ئۆرگانی رەسمییە، بەبێ پارە و بەبێ دەزگا دروستبووە، پارت و ئۆرگانی سیاسیی دیاریکراویان لە پشتەوە نییە، ئەوەی ھاوبەشە ھەستکردنی بەشداربووەکانە بەوە کە ئەوان زیانێکی گەورە و بەردەوام لە ھەلومەرجێک دەکەن کە خۆیان بەشدار نین لە دروستکردنیدا. لە سێ دەیەی ڕابردوودا ئەوەی لە ئەوروپادا پێیدەڵێن ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“، welfare state، بەتەواوی لاوازکراوە و زۆربەی ئەو کەرتانەی کە جاران ئەم دەوڵەتە بەڕێوەیدەبردن بەتایبەتیی کراون و خراونەتە بەردەمی لۆژیکی ”بازاڕیی ئازاد“ەوە. لەوانەش سیستمی خوێندن و تەندروستیی و ھاتوچۆ و پارەی خانەنشینیی و زۆر شتی تر. ئەمەش مانای لابردنی ئەو کۆمەکەی کە دەوڵەت لەم کەرتانەدا بە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای دەکرد. بە کورتیەکەی ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“، کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە خەمی ھێزە لاواز و پەراوێزیی و ھەژارەکانی ناو کۆمەڵگادا بوو، لە سی ساڵی ڕابردوودا بە تەواوی بچووک و لاوازکراوە ھۆڵەندییەکان دەڵێن ئەم دەوڵەتە ”ڕووتکراوەتەوە و جل و بەرگیی لەبەردا نەھێڵدراوە“.
بەڵام ئەم دۆخە گشتییە لەناو یەک ستراتیژیی ناڕەزاییدەربڕینی ئاشکرا و لەناو یەک پرۆگرامی سیاسیی ھاوبەشەدا کۆنەبۆتەوە. ھەندێک مارکسیی خۆشباوەڕ و کورتبین ئەم جوڵەیە وەک شۆڕشی کرێکاران وێنادەکەن و ھەندێک ڕەشبینیش کورتیدەکەنەوە بۆ بزوتنەوەیەکی ڕاستیستی و نیمچە فاشیستیی. بەڵام ئەوەی لە ڕاستییەوە نزیکە ئەوەیە کە ھێلەکە زەردەکان لەناو خۆیاندا ھێندە دابەش و جیاوازن، وەک نووسەرێکی ھۆڵەندیی دەڵێت، پێدەچێت ”تاقە شتێکی ھاوبەش کە ھەیانبێت ھێلەکە زەردەکانیان بێت“. ھەندێک لە بەشداربووان باوەڕی تەواویان بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی ھەیە، ھەندێکی تریان تەواو ئاشتیخوازن، ھەندێکیان چەپگەر و ھەندێکیان ڕاستڕەون، ھەندێکیان ڕاسیستن و ھەندێکیان ھیومانیست، ھەندێکیان دیموکراس و ھەندێکیان دژ بە دیموکرسییەت، ھەندێکیان پێشکەوتنخواز و ھەنێکیان کۆنەپارێز، کەسانێکی تێدایە داوای کۆتاییھێنان بە کاپیتالیزم دەکەن، کەسانێکی دیکەی تێدایە دژ بە کۆچبەر و بیناییەکانی ناو ئەورپان، وەکچۆن کەسانێکی تری تێدایە کە داوای گەڕانەوەی سیستمی شاھانە و کۆتایی سیستمی کۆماریی لە فەرەنسادا دەکەن.
ئەم ھەمەڕەنگیی و جیاوازییە ناوەکییە خاڵێکە وادەکات ئەم بزوتنەوەیە بشێت ھەم بە ئاقارێکی دیموکراسییانەدا بڕوات و لە دۆخی سەرکەوتنیدا دەسکارییەکی گەورەی سیستمەکە بەئاراستەی دەستەبەرکردنی دادپەروەرییەکی گەورەتردا، بکات، بەڵام دەشێت بە ئاراستەی دروستکردنی سیستمێکی ڕاسیستیی و دەسەڵاتگەر و نادیموکراسدا بڕوات کە زیانێکی گەورە بە کۆمەڵگای فەرەنسیی بگەینەێت.
ھەردوو ئەگەرەکە ئامادەیە، ئەوەی شوێنی دڵخۆشییە عەقڵە ڕەخنەیی و دیموکراسەکانی ناو ئەوروپا خۆی، ھەردوو دیویی دیاردەکە دەبینن و کورتی ناکەنەوە بۆ یەک دەرکەوت لە دەرکەوتەکانی.