Draw Media

ئیمزاكەی رێكخەری گۆڕان بە نمونە

ئیمزاكەی رێكخەری گۆڕان بە نمونە

2018-12-08 17:07:56


ره‌حمان غه‌ریب

لە بەردەم نسكۆی میدیای ئازاد، دەیان میدیای دیجیتاڵی علوج رۆژانە لینكێك یان هەوالێكی نوێ، وەك راستییەكی سەلمێنراو دەخەنە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەمانە بێ ئەوەی لانی كەمی ئەخلاقی پیشەیی پەیڕەو بكەن، هەر جارەو كەسێك‌ و لایەنێك دەكەنە ئامانج.

ئەمجارەیان نوسراوێك بە ئیمزای رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كاك عومەری سەید عەلی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیركرد. هەندێك لە نەزانین‌ و بێئاگایی و زۆرێك بە ئامانجی شكاندنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیج‌ و ئەكاوتنەكانیان بەبێ ئەوەی لایەنێكی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان پشتراستیكردبێتەوە، وەك زانیاری بڵاویانكردەوە.

قسەم لەسەر ئەوە نییە هەندێك جار سیاسەت پێویستی بە دەستنەرمكردنە لەگەڵ رووداوەكان‌و هەڵوێست‌و گوتاری حزبەكان‌و میدیاكانیان گۆڕانكاری بەسەردا دێت. بەڵام بەڵگەكە كە ئیمزای رێكخەری لەسەرە، لە ساتەوەختێكدایە هەموان دژ بە هەموانن، دەبوو بەر لە بڵاوكردنەوەی پانتایی گومان زیاتر بێت.

هەواڵی ساختەو هۆنینەوەی درۆ لە میدیای دیجیتاڵ، چەند جۆرێكن بەڵام دیارترینیان دوو جۆرن‌و یەك ئامانجیان هەیە، هەردوكیان بە ناوی میدیای ئازاد خەڵكی پێ چەواشەدەكرێت. یەكەمیان سەفەقەی نێوان خاوەنەكەی و كەسایەتییەك یا كادرێكی حزبە.

جۆری دووهەم نەناسراون وەك بێخاوەن دەردەكەوێت، بەڵام خاوەنی راستەقینەیان هەر مەسئول‌ و كوڕە مەسئولە، یان نزیك لە هەردوكیان، خاوەندارێتی دەكات.

ئامانجیان شكاندنی نەیارەكانیانە، لەناو حزبەكانی خۆیان‌و دەرەوە. خەڵكێكی ساختەچی‌و هەواڵدز بەڕێوەیدەبات، كاری دزە كردنە بە درۆو شكاندنی كەسایەتی نەیارەكان. ئەمانە بە مەنتیق‌و ئەخلاقی رۆژنامەنوس كار ناكەن، بەڵكو بە مەنتیقی قازانج. نوێنەرایەتی خەڵك ناكەن لە چاودێریكردن، بەڵكو نوێنەرایەتی حزب‌و لەناو حزبەكانیش سێبەری كەسێكی مەدەنی یان سەربازی‌ و ئەمنین.

ئاراستەی كاركردنیان دروستكردنی هەواڵی ساختەیە، دەڵێن: ئێمە درۆكە دروستدەكەین‌ و بڵاویدەكەینەوە، تۆش رونكردنەوەی خۆت بنێرە. من دەتكەم بە پەندی زەمانە تۆش وەڵامم بدەروە. زۆر جاریش رونكدنەوەكەیش بڵاوناكەنەوە.

لەناو جەنگەڵی هەواڵی ئەم زەمەنە ناشرینەی سیاسەت، هەواڵ‌و دیكۆمێنتی درۆ بەرهەم دێت‌و بە پارەی سیاسی بازاڕی بۆ گەرم دەكرێت، میدیاییەكی دیجیتاڵی خاڵی لە ئەخلاقی پیشەیی حەقیقەتی پێ لەكەدار دەكرێت. وا لە خوێنەران دەكرێت هەواڵی راست‌و درۆ جیانەكاتەوە.

بەرپرسیارێتی لەناو ئەم جەستە پاتاڵەی میدیای علوج، وونە. پێویستمان بە جۆرێك لە بەرگری هەیە لەو ڤایرۆسانەی پەیجی ساختەو میدیای ئەلیكترۆنی علوج كە بە پارەی سیاسی بەڕێوەدەبرێت. بەرگرییەك كە نەبێتە مایەی بەرتەسكردنەوەی ئازادی‌و ئازادیش نەكرێتنە بەردەبازی هێرش‌و ناوزڕاندن‌و دروستكردنی كارگەی درۆ‌و "میدیاكار"ی ساختەچی‌ و هەواڵدز.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand