مەتبەخی سیاسی و دروستکردنی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان.
2018-12-07 21:34:37
■ بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز .
پێکهێنانی ئەم حکومەتە دەکەوێتە بەردەم گۆڕانکاری ناوچەیی و جیهانەوە لەسەر عێراق ، بە پێ ی بۆچونەکان زەمەنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دەکەوێتە زەمەنێکەوە کە ڕای وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی بەرەوە بەهێزکردنی ناوەند دەچێت ، واتا چی ئێران و چی تورکیاش ناچارن بچنە سەر ئەو سەکۆیەی کە وڵاتانی زل هێز بەلایانەوە گرنگە ئەمەش لە بەهێز کردنی ناوەندا خۆی دەبینێتەوە ، چی تر هەولێر و سلێمانی وەک دو زۆنی درێژکراوەی ئێران و تورکیا گرنگی ئەوتۆیان نامێنێ بەهۆی بەهێزکردنی ناوەند و عێراقێکی بەهێز ، هەر بۆیە پارتی کە هەڵگری ڕیفراندۆم بوە بە پەلە دەیەوێت پێگەی لە بەغداد بەهێز بێت ، ئەم مەتبەخە سیاسیە کە بۆ دروستکردنی حکومەت پێکهێنراوە ، بەندە بە دەستوری عێراقی و ئەو هەشت وەزارەتەی کە لە بەغداد ماوە ، تا چەندێ بە پێ ی پێگەی بەهێزی پارتی و یەکێتی لە هەرێم دەتوانرێت باڵانسی هێز لە بەغدادیش ڕابگیرێ کاریگەری لەسەر مەتبەخی دروستکردنی حکومەتی هەرێمیش دەبێت ، ململانێکان بۆ دروستکردنی حکومەتی هەرێم قورس تر دەبێت بەو حکومەی کە هەرێم لە ٢٠١٩ دەدا کۆمەڵێک قەیران تێدەپەڕێنێت و کارتی ئۆپۆزسیۆن بون لاواز دەبێت ، بە تایبەت پاشەکەوتی موچە ، بەم پێ یە مەتبەخی سیاسی دروستکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەت و خولی پێنجەمی پەرلەمان دەکەونە بەردەم ململانێیەکی قورسەوە ، کە دەکرێت سەرەتای دابەشکردنی پۆستەکان دەستی پێ کردبێت و هەر یەکەیان ( پارتی + یەکێتی+گۆڕان+کۆمەڵ ) یاریەکانیان دەست پێ بکات .
چوار دەستەڵات ( سەرۆکایەتی هەرێم + ئەنجومەنی دادوەری+پەرلەمان+حکومەت) دەکەونە بەردەم ئەگەری دابەشکاری لەم مەتبەخەدا :
1. سەرۆکایەتی هەرێم : ئەگەر چی ئەم دەستەڵاتە هەڵپسێراوە ، بەڵام پارتی دەیەوێت لەم خولەی پەرلەماندا کارای بکاتەوە بۆیە بۆ ناوخۆی حیزبەکەی دەبێتە پۆستێک ئاستی بەریەککەوتنە ناوخۆییەکانی پارتی پێ تێدەپەڕێنێ ، بەڵام لە ئێستادا ئەم دەستەڵاتە دابەشکراوە بەسەر ( حکومەت و پەرلەمان و دادوەری) دا و ناکەوێتە بەردەم دابەشکاری و ناچێتە ناو مەتبەخەوە ، بەڵکو لە کۆگای مەتبەخەکەدا دەبێت تا ئەو کاتەی جارێک تر دەهێنرێتەوە مەتبەخەکە و ئەو کات بە پێ ی خاڵ حیزبەکان پۆستیان بەردەکەوێ .
2. دادوەری : لەبەر ئەوەی دەستەلاتێکی بێلایەنە ناکەوێتە بەردەم دابەشکاری خاڵبەندی یەوە ، بە تەوافقی سیایسی دادەنرێت ، هەرچەندە ئەگەر لە پشتی کەوالیسەوە تەوافق هەبێت بۆ ١١ ئەندامەکەی دادوەری ، دەکرێ لە خاڵبەندی پێکهێنانی حکومەت و پەرلەماندا گۆڕانکاری دروست بکات .
3. پەرلەمان : ئەڵبەت قورسای زۆر دەکەوێتە سەر دو کێڵگە کە پەرلەمان و حکومەتە ( یاسادانان و چاودێری و دەستەڵاتی جێبەجێ کردن ) لەم نێوەندەدا لایەنەکان کارتەکانیان بەرامبەر یەکتر بەکار دەهێنن ئەگەر چی لە گشتدا ڕێککەوتنێک هەیە کە پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ حکومەت دروست بکەن ، بەڵام لە وردەکاریدا لایەنەکان دەکەونە دروستکردنی گوشار لەسەر یەکتر بۆ بەدەست هێنانی پۆستی زیاتر ، لە وردەکاریدا ناتوانرێ ئەم دو فایلە لەیەکتر جیا بکرێتەوە ، بۆ نمونە پارتی دەیوست هەردو سەرۆکایەتی بۆ خۆی بێت ( پەرلەمان و حکومەت ) بەڵام یەکێتی لەڕێ ی گوشاری دانەنای جێگری دووەم بۆ سەرۆکی حکومەت و گوشاری تێک چونی باڵانسی هێز و ڕێککەوتنی ستراتیژی توانی پارتی ڕازی بکات وەرگرتنی سەرۆکی پەرلەمان و دانانی جێگری دوەم بۆ سەرۆکی حکومەت ، واتا دوو جێگر ( مالی و ئیداری ) ، لەم نێوەندادا پارتی دەیەوێت بە یاری کردن لە نێوان یەکێتی و گۆڕاندا زیاتر پۆستە گەورەکان ببات بۆ خۆێ ، یەکێتیش بە حوکمی باڵانسی هێز و ڕێکەوتنی ستراتیژی و یاری لە نێوان گۆڕان و پارتییدا دەکات ، گۆرانیش یاری لە نێوان یەکێتی و پارتیدا دەکات و دەیەوێت ببێتە بەشێکی گرنگی دروستکردنی حکومەت و پەرلەمان لەم مەتبەخەدا ، بەکورتی لە پەرلەماندا ئەگەر سەرۆکەیاتی هەرێم (١٢) خاڵ بێت و جێگری یەکەم (سکرتێر) (٦) خاڵ بێت و جێگری دوەم (٥) خاڵ بێت ، ئەوا دەبێت بە پێ ی سازانی سیاسی هەمو حیزبەکان لە پۆستە باڵاکان و پۆستە سیادیەکاندا پشکیان هەبێت ، ئەگەر چی خاڵی کەمیشیان پێ بێت ، خۆ ئەگەر کۆمەڵ بەشدار بێت ئەوا (پارتی ٤٥+یەکێتی٢١+گۆڕان١٢+کۆمەڵ٧+پێکهاتەکان١١) کۆی کورسیەکانی پێکهێنانی پەرلەمان و (٩٦) کورسی ، وە (نەوەی نوێ و یەکگرتو و حیزبە بچوکەکان دەبنە ئۆپۆزسیونێکی پەرلەمانی بەشدار نابن ، بۆیە (١٥) کورسیەکەی تر دابەش دەبێت بەسەر حیزبەکاندا بەم شیوەیە (کۆمەڵ ١ ، گۆران ٣ ، یەکێتی ٥ ، پارتی ٦) واتا (پارتی ٥١+یەكێتی ٢٦+گۆڕان١٥ ، کۆمەڵ ٨، پێکهاتەکان ١١) ، بۆ هەر خاڵێک کورسیەکی پەرلەمانە ، بەم پێ یە بێت سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی بێت (١٢) خاڵ ، جێگری یەکەم بۆ پارتی بێت کە (٦) خاڵە ، جێگری دوەم بۆ گۆڕان کە (٥) خاڵە .
پۆستە باڵاكان بەپێی خاڵ
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (لەگەڵ بەشێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم: 20 خاڵ
• جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران: 6 خاڵ
• سەرۆكی پەرلەمان: 12 خاڵ
• جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: 6 خاڵ
• جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: 5 خاڵ
• وەزیری دارایی: 4 خاڵ
• وەزیری ناوخۆ: 4 خاڵ
• وەزیری پێشمەرگە: 4 خاڵ
• وەزیری سامانە سروشتییەكان: 4 خاڵ
• وەزیری پلاندانان: 2 خاڵ
• وەزیری گواستنەوەو گەیاندن: 2 خاڵ
• وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی: 2 خاڵ
• وەزیری پەروەردە: 2 خاڵ
• وەزیری داد: 2 خاڵ
• وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی: 2 خاڵ
• وەزیری شارەوانیو گەشتوگوزار: 2 خاڵ
• وەزیری شەهیدانو ئەنفالكراوەكان: 2 خاڵ
• وەزیری ئەشغالو ئاوەدانكردنەوە: 2 خاڵ
• وەزیری كارەبا: 2 خاڵ
• وەزیری تەندروستی: 2 خاڵ
• وەزیری پیشەسازیو بازرگانی: 2 خاڵ
• وەزیری ئەوقافو كاروباری ئایینی: 2 خاڵ
• وەزیری كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو: 2 خاڵ
• وەزیری رۆشنبیریو لاوان: 2 خاڵ
• سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران: 2 خاڵ
• دەستەی وەبەرهێنان: 2 خاڵ
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە: 1 خاڵ
• فەرمانگەی پەیوەندیۆەكانی دەرەوە: 1 خاڵ
• وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان: 1 خاڵ
• فەرمانگەی میدیاو زانیاری: 1 خاڵ
• فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون: 1 خاڵ
• فەرمانگەی كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم: 1 خاڵ
• دەزگای كاروباری مین: 1 خاڵ
• ئەنجومەنی باڵای خانمان: 1 خاڵ
• دەستەی گەشتوگوزار: 1 خاڵ
• ئەنجومەنی ئاسایشو پاراستنی هەرێم: 3 خاڵ
ئەم زانیاریانەی سەرەوە لە سایتی (درەو میدیا وەرگیراوە )
بەم پێ یە ئەگەر جێگری دووەم بۆ حکومەت زیاد بکرێت دەبێت دەستکاری ئەم خاڵبەندیە بکرێت بە هەردوو جێگرکە یەکی (٣) خاڵی بەر بکەوێت ئەوا ئەنجامەکە بەدەر لە سازانی سیاسی ئاوا دەبێت :
1 یەکێتی:ئەگەر ئەم پۆستانەی بەربکەوێت ( سەرۆکی پەرلەمان ١٢ خاڵ + وەزارەتی پێشمەرگە ٤+جێگری سەرۆکی حکومەت ٣=١٩ خاڵ ) کەواتە لە کۆی (٢٦) خاڵ تەنها (٧) خاڵی پێ دەمێنێت بۆ کێڵگەکانی تر.
2 گۆڕان : ئەگەر ئەم پۆستانەی بەر بکەوێت( جێگری دووەمی پەرلەمان ٥ خاڵ + جێگری دووەمی سەرۆکی حکومەت ٣ خاڵ +وەزارەتی دارایی ٤ خاڵ =١٢ خاڵ) تەنها ٣ خاڵی پێ دەبێت بۆ کێڵگەکانی تر.
3 کۆمەڵ : دەکەوێتە کێڵگەی بەشەکانی تر و توانای بەشداری نابێت لە پۆستە باڵاکاندا بە (٨) خاڵەوە .
4 پێکهاتەکان : دەکەوێتە کێڵگەی بەشەکانی تر و توانای بەشداری نابێت لە پۆستە باڵاکاندا بە (١١) خاڵەوە.
5 پارتی : ئەگەر ئەم پۆستانەی بەر بکەوێت ( سەرۆک حکومەت ٢٠خاڵ+جێگری یەکەمی پەرلەمان ٦خاڵ+وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و پێشمەرگە ٨ خاڵ=٣٤ خاڵ ) ١٧ خاڵی پێ دەمێنێ بۆ بەشەکانی تر و پێکهاتەکان ١١ کورسین کە پاشکۆی پارتین ، بەم پێودانگە پارتی دەتوانێت بە تەواوی کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێم بکات ، بەڵام دوا جار زۆنی سەوز و زەرد هیچ لایەکیان بێ ئەوی تریان ناتوانێت حکومەت لەم مەتبەخەدا دروست بکات کە دەستەڵاتی بەسەر کۆی هەرێمدا ببێت ، هەر بەم پێوەرە پارتی دەبێ ناچار بێت باڵانسی هێز بپارێزێ و بە شێوەیەکی کاڵ دوو ئیدارەیەکیە جاران پەیڕەو بکات.
هەمو ئەم دابەشکاریە لە مەتبەخی سیاسیدا ئەگەری گۆڕان دەبێت بە پێ ی ململانێی حیزبەکان و تەوافقی سیاسی بە تایبەت لە نێوان یەکێی و پارتیدا و بە تایبەتیتر لە ناوەند و دوای یەکلابونەوەی (٨) وەزارەتەکەی عێراق .