Draw Media

سیاسەتی ژێربەژێر

سیاسەتی ژێربەژێر

2018-12-07 19:20:31


 

■ ئارام سەعید 
لە سادەترین پێناسەدا، ئەرکی حکومەت بریتیيە لە: 
"پاراستنی هاوڵاتیان لە توندوتیژی، پیادەکردنی سەروەری یاسا، پاراستنی ئاسایش‌و هێمنی هاونیشتمانیان، دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی کە هاوڵاتیان خۆیان ناتوانن دابینی بکەن، پەرەپێدان‌و بونیادنانی پرۆژە گەورەو ستراتیژیيەکان، پاراستنی مافی کەمئەندامان، بەساڵاچوان، توشبوانی نەخۆشیيە درێژخایەنەکان، کەمکردنەوەو نەهێشتنی بێکاری.. هتد ".
پێم ناڵێن حکومەتی هەرێم لە کام لەو بوارانەدا کە لەسەرەوە نوسراوە سەرکەوتوو بوە؟!!
کەواتە ئەگەر حکومەت پێكبێت یان پێكنەیەت چ جیاوازیەک دروستدەکات؟ لە چ بوارێکدا؟ ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە کوردستاندا شتێک نیە پێی بڵێن حکومەتی کاربەڕێکەر، حکومەت وەک نە بای دی بێت نە باران، هەڵبژاردن دوابخری‌و پێکهێنانی حکومەت دوابکەوێت، هەر فەرمانڕەواو کاربەدەستن‌و ئیشوکارەکان دەکەن وەک ئەوەی دەیانەوێت.
لەکاتێکدا هەندێک لەو هێزانەی دەرەوەی یەکێتی‌و پارتی دەیانەوێت بە هەندێک دەسکەوتی بچوک بچنە دەسەڵاتەوەو دەستەمۆ بوون بە وەرگرتنی بەڕێوەبەرێك، وەکیل وەزیرێک یان وەزیرێک، تەنانەت رێخۆشکەربوون بۆ ئەوەی پارتی بتوانیت ئیرادەی خۆی فەرزبکات.. ئەو یاسایانە تێپەڕێنێت کە خوازیاری بوو ( یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم)، بەڵام بە هاوکاری هێزەکانی تری بەناو ئەوەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن بە ئاسانی بۆی چووە سەر. لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە ئەم روداوانەی ئێستا رودەدەن پاش شکستی ریفراندۆم‌و ١٦ی ئۆکتۆبەر دێت! دوای دەرکردنی سەرۆکی پارلەمان، دوای دەرکردنی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە پاش ئەو هەموو کارەساتە هێشتا پشتی ئەو لایەنانە دەگرن کە کوردستانیان گەیاندە لێواری کەوتنەخوارەوەو داڕمان. سەرئەنجام بە پیادەکردنی ئەم سیاسەتە بارزانی ئێستا کە سەرۆکی هەرێم نیە دەسەڵاتەکانی لەوکاتە زیاترە کە سەرۆکی هەرێم بوو کە ئەوکات شەرعیەتی یاسایی هەبوو. 
ئەو هۆکارانەی باسمان کردن بەشێکن لەو ئەنجامانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا ئەی بینین. 
بۆیە ئیتر کاتی ئەوەیە هێزی سیاسی بوێرو راستگۆ بێت‌و راشکاوانە بەرگری لەو سیاسەتە بکات کە بڕوای پێیەتی‌و کاری بۆ دەکات، نەک لە گوتارە میدیایيەکانیدا بەریگاربێت لە هەڵویستێک‌و لەژێرەوە کاربۆ پێچەوانەکەی بکات. سیاسی سەرکەوتوو لەمێژودا ئەوانە بوون کە راشکاو و راستگۆ بوون بەرامبەر هاوڵاتیان‌و بەرگریکار بوون لە بیرورای ئازایانەی خۆیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand