مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت
2018-12-07 18:41:31
■ ئاری محەمەد ھەرسین
لە سەروبەندی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت لە کابینەی ٧، لە کۆبونەوەیەکی داخراوی سەرکردایەتی حیزبدا، کاک نێچیرڤان بارزانی لەسەر کابینەی حەوتەم گوتی: مۆدێلی کابینەی پێنج بەسەرچوو. بە مانایەکی تر مەبەستی ئەوەبوو بە عەقڵی دوێنێ حوکمی ئەمڕۆ ناکرێت. لەوانەیە ڕەوانترین نیشانەی تەوازوعو مۆدێرن بوون لە ھونەری حوکمڕانیدا، ئەو ڕستە سادەیەی نێچیرڤان بێت. چونکە ئەگەر کەسێک ئامادەگی بەخۆداچوونەوەو جورئەتی دەستپێکردنی ڕیفۆرمی نەبێت، ناتوانێت خۆی بکاتە خاوەنی ئەو قسەیە.
بە نزیکی دوو دەیە دەبێت کە نێچیرڤان بارزانی مومارەسەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات. لەو ماوەیەدا نێچیرڤان مۆدێلی حوکمێکی مەدەنیو مۆدێرنی پێشکەش کرد. کە دەڵێین مۆدێرنو مەدەنی، مەبەستمان بەشێوەیەکی نیسبیو بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە، نەک سویدو نەروێژ.
ئاشکرایە کە لە ھەموو کۆمەڵگەکانی دونیادا بەرپرسان لە سلکی موخابەرات خۆشەویست نین "لەوانیە بتوانین بڵێین ئیسرائیلی لێ دەرچێت". ھۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سروشتی ئیشەکە نھێنیيەو لەو دەزگایانەدا جێگای شەفافیەت نابێتەوە، چونکە موخابەراتی شەفاف دەزگایەکی فاشیلە. بەرپرسی موخابەرات نابێت لە مێزگردێکی تەلەفیزیۆنیدا دابنیشێتو ڕازی دڵی خۆی ھەڵبڕێژێت.
لەپاش بڵاوبونەوەی ناوی کاک مەسرور وەک کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەندێک کەس دەیانەوێت لە خەڵکی کوردستان بگەیەنن کە ئیتر حوکم لەم ھەرێمەدا دەبێتە حوکمی موخابەراتو ڕەشبگیر دەستپێدەکات، زمانی ئازادو ڕاستگۆ دەبڕدرێتو بەکورتی ھەمومان ئەبین بە جاسوس بەسەر یەکترەوەو ڕاپۆرت لەسەر یەکتر بۆ ئاژانسی پاراستن دەنوسین.
لەوانەیە ئەگەر کاک مەسرور کوڕی کاک مەسعود نەبوایە، تواناکانی زیاتر دەربکەوتایەو نەکەوتایەتە بەر ئەم ھێرشە ناڕەوایانەی کە ھەندێک کەسی پۆپۆلیستو بێ ویژدان. مەسرور بارزانی شارەزاییەکی باشی لە فەرھە گی دەوڵەمەندی ئێراندا ھەیەو، بە حوکمی ئەوەی خوێندنی لە ئەمەریکا تەواو کردوە شارەزاییەکی باشیشی لە فەرھەنگی خۆرئاواو سیستەمی بیرکردنەوەی خۆرئاواییەکاندا ھەیە. لەسەرێکی ترەوە لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە بەپێچەوانەی ئەو درۆو دەلەسەیەی کە ھەندێک بەناو خوێندەوار بۆی ھەڵدەبەستن، گوێگرێکی چاکەو بۆچونی خۆی بەسەر بەرامبەرەکەیدا فەرز ناکات " ئەمانەی باسی لێ دەکەم تەجروبەی شەخسی خۆمە لەگەڵ ئەو برایەو، کەس بۆی نەگێڕاومەتەوە. لەکاتێکدا بەندە بۆ چرکە ساتێکیش لە دام و دەزگاکانی ئاژانسی پاراستندا کارم نەکردوە". لەسەروو ھەموو ئەمانەشەوە کەسێکی نەتەوەییو نیشتیمان پارێزەو، بە درێژایی شەڕی دژ بە داعش شان بە شانی سەرۆک بارزانی چاودێری میحوەرەکانی پێشمەرگەی کردوە، ھەر بۆیەش تفەنگ بە مەسرور بارزانی نانەوە، تەقە کردنە لە تاریکیدا، کە مەبەست لێی نانەوەی ئاژاوەو قوڵترکردنەوەی پەرتەوازەییمانە.
گومان لەوەدا نیە کە ئاژانسی پاراستنیش وەک «سی. ئای. ئەی»و «مۆساد»و دەزگا ھەواڵگریيەکانی تر کەسانێکی تێدایە کە بۆ خۆدەرخستن چاوترسێنی خەڵکی بەستەزمانو بێ دەسەڵات، دەسەڵاتەکانیان بە خراپ بەکاردەھێنن. ئەم دیاردە ناشرینە لە ھەموو دونیا ھەیەو بە کەسیش چارەسەرو بنەبڕ ناکرێت، بەڵام دیاردەیەکە کە ھیچ پەیوەندیيەکی بە ڕێنماییەکانی ئاژانسی پاراستنەوە نیەو تەنیا تەعبیر لە شەخسیەتی لاوازی ئەو کەسانە دەکات کە ئەمە ھەڵسوکەوتیانە.
دواجار ئەو کەسانەشی کە فرمێسکی تیمساح بۆ کاک نێچیرڤان دەڕێژن، دەبێت ئەو ڕاستیە بزانن کە لە کۆتایی ڕێگاکەدا، نێچیرڤان پشتی سەرۆکی حکومەت بەرناداتو بەپێچەوانەوە ھەموو ئەو باڵەخانانەی ژێرخانی ھەرێم کە کاک مەسرور دروستیان دەکاتو بەرزیان دەکاتەوە، بەردەوامی ئەو نھۆمانەیە کە کاک نێچیرڤان لەماوەی حوکمڕانیەکەیدا بەرزی کردۆتەوە. بۆیە باشتر وایە چاوەڕوان بینو چاودێری حوکمڕانی کاک مەسرور بکەینو، لە کوێدا ھەر کەسێکی ئەم ھەرێمە سەرنجو ڕەخنەی لە شێوازی حوکمڕانیيەکەی ھەبوو، بەدەنگی بەرز پێی بڵێين.