Draw Media

تورکیا و ئێران؛ دۆستایەتیی ناچاری "پارچەیەکی لێ دادڕن"

تورکیا و ئێران؛ دۆستایەتیی ناچاری "پارچەیەکی لێ دادڕن"

2018-12-07 08:15:49


د. هەردی مەهدی میکە
پاش نوێکردنەوەی سزا و فشارەکان بۆ سەر ئێران. تورکیا سەرەڕای ئەوەی موڵەتی لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا وەرگرتبوو کە نەوت لە ئێران بکڕێت و ئەمریکاش ئەمەی پەسەندکردبوو، بەڵام پێچەوانەی تکاکەی، لە مانگی تشرینی دووەمدا (۱۱) هەر ئەم تورکیایە هیچ نەوتێکی لە ئێران نەکڕی و رێژەکەی سفرکردەوە. پێدەچێت ئەمە هەلی نوێ بداتەوە بە هەولێر و بەغدا و بەهێزکردنەوەی پێگەی ئابوریی حکومەتی هەرێم گەر سیاسەتڕێژانی هەرێم ئەو هەلە بقۆزنەوە و لە جیۆئیکۆنۆمی هەرێمی کوردستان تێبگەن!
ئەم هەنگاوەی تورکیا، هاوشێوەی هەنگاوێکی سێ مانگی رابردووی هیندستانە لە کاتێکدا لە مۆڵەتپێدراوانی ئەمریکایە بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێراندا، کەچی هەندێک لە کۆمپانیاکانی (سەرەڕای گرێبەستەکانیان) ئێرانیان جێهێشت.
تورکیا لە چەند ساڵی رابردووی پڕ لە ئاڵۆزییدا ئابورییەکەی نانێکی باشی بەسەر قەیرانەکانی ناوچەکە و دەرکەوتنی داعشەوە خوارد. سیاسەتکردن لەسەر تاڵەمووی مەعاویە یەکێکە لە زیرەکی و فێڵەسیاسییەکانی سیاسەتڕێژی تورکیا و ئەردۆگان. 
ئەمە نمونەیەکە و دەیکەمە دەسکەلا بۆ خستنەڕووی رۆحی مێژوویی پەیوەندییەکانی سەدەی رابردووی تورکیا و ئێران.
ئەم دوو وڵاتە جەنگ و رکابەریی و نەیارییە مێژووییەکانیان نکوڵی لێنەکراوە، بەڵام لە بیستەکانی سەدەی بیستەم و پێکهاتنەوەی هەردوو وڵات پاش "مۆدێرنسازییەکان"ی رەزاشای پەهلەوی و مستەفا ئەتاتورک، لەبری هەڵبژاردنی ئەزموونی شائیسماعیل _ سوڵتان_سەلیم ـی پڕ لەجەنگی مێژووییان، ئەزموونی نەشەڕو نیوەئاشتیانەی شاتەهماسپ و سوڵتان_سلێمان -یان زیندووکردەوە و کۆتاییان بە جەنگ و خوێنڕێژی دژی یەک هێنا. بەدرێژایی سەدەی رابردوو تا ئەمڕۆ هەردوو دوو وڵاتە ئەم ئەزموونە پیادەدەکەن کە ئەندازیارەکانی فروغی و ئینینۆ بوون و ئیرادەکەشی رەزاشا و ئەتاتورک نواندییان و لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردووەوە تا هەنوکە ناچاریی یەکتریان قبوڵکرد و هەڕەشەی لەتبوون و مەترسی بزوتنەوە جیاخواز و نارازییەکانی کوردستانیان کەمتر و کەمتر کردۆتەوە، لەبری رێگای دۆڕاو_دۆڕاو، براوە_براوە یان هەڵبژارد و هەردوولا مانەوە.
ئەم ئەزمونانە یانی پێکەوەژیان و هاوسێیەتی ناچاریی، دەکرێت پارچەیەکی بۆ ئەزموونی شکستخواردووی پێکەوەهەڵنەکردنی کورد-کوردی لێداڕنرێت و ئەگەرچی نەیاریش بن رێگەی براوە-براوە هەڵبژێرن بەرامبەر نەیاران و مەترسییە هاوبەشەکان.
#ئێرانناسی #کوردستان #ئێران #تورکیا #کەرکوک #بەغدا # ئەردۆگان #روحانی #رچاشاه #ئەتاتورک #hardimahdi
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand