کێ بێ وەفایە ئیمە یان ئەمریکا؟
2018-12-06 13:37:01
■ دانا حەمەعەزیز
کەوتنی کۆماری مهاباد لە ناوەڕاستی چلەکاندا، بە چاوپۆشین لە ساویلکەیی کورد، ناپاکیی و نامەردی ڕوسەکان بوو. لەبەرامبەردا، ئاشبەتاڵی ٧٥ جگە لە ترسنۆکیی و بێ مەرج خۆ بەدەستەوەدانی سەرانی ئەوسای کورد، دەستی هیچ کەس و لایەنێکی تێدا نەبوو بە ئەمریکاشەوە. ئەمریکا هۆکاری هەڵگیرسانی یاخیبونی ئەیلول نەبوە، هاوکاری ڕاستەوخۆی بزوتنەوە چەکداریەکە و دراوسێی کوردوستانیش نەبوە، نە لەدەسڵاتیدا بوو، نە ئیش و بەرژەوەندیشی بەئەوە هەبوو ڕێ لە زەلیللی و خۆ بەدەستەوەدانی سەرانی کورد بگرێ.
هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ، دەست و پشتیوانی ئەمریکای لەپشتەوە نەبوو، بە پێچەوانەوە ئەم شۆڕشە هەڵگری ئایدۆلۆجیای چەپ بوو کە سوڤیەت سەرکردایەتی ئەکرد، پشت ئەستور بوو بەکۆمەکی راستەوخۆی وڵاتە عەرەبیە ئیشتراکیەکانی وەك سوریا و لیبیا و دواتریش ئێران کە هەموویان لەسەنگەری دژایەتی کردنی ئەمریکادا بوون، ئەمە لەکاتێکدا سەدام بە ڕیژەی لە ٩٠% پشتی بە کڕینی فڕۆکە و تانك و چەكی سۆڤیەتی بەستبوو لەشەڕ دژی ئێران و کورد بە ئەنفالیشەوە.
دوای کۆرەوەکە، ئەمریکا و فرەنسا و بریتانیا بڕیاری ٦٨٨ یان لە ئەنجونەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەرکرد، راستەوخۆ ناوچەی ئارام و دژەفڕینیان لە سەروو هیڵی پانی ٣٦ وە ڕاگەیاند، بنکەی تەنسیقی سەربازیان هینایە زاخۆ. بەڵام کاتێ پارتی دەبابە و حەرەس جمهوری ئەهێنیتە سەر هەولێر و کوردوستان، ئەمریکا و خۆراوا شەرمەزار و بێ ئامانج ئەمێننەوە، ئەمریکا ناچارە MCC بۆ ناو تورکیا و هەزاران کوردی خاوەن سکیڵ بەپەلە بۆ دورگەکانی پاسفیک و لەوێشەوە بۆ ئەمریکا بگوازێتەوە.
هەموو هەوڵیکی خۆراوا بۆ کۆتایی هێنان بوو بەرژیمی بەعس. ئەمریکا ئاسمان و زەمینی لێ داخستبوو، بەئاشکرا گەڕی بەسەدام ئەکرد، کەچی پارتی شانازی بە هاوپەیمانیتی ئەم کابرایەوە ئەکرد، برایم خەلیلی کردبوە دەروازەی بەعس و، سەرە تاوانبارەکانی ئەم ڕژێمە بەڕێزەوە لێرەوە هاتوچۆیان ئەکرد.
ساڵی ١٩٩٥، بەدەسپیشکەری فرەنسای شەریکی ئەمریکا، ڕێکكەوتننامەی پاریس وەك هەوێنی دەوڵەتی دامەزراوەی کوردوستانی عێراق ئیمزا ئەکرا، بەڵام کە پارتی بە تورکیای ئەفرۆشێ، کلینتن و میتران و مەیجەر لە شەرمەزاری بەولاوە چیان بۆ ئەمێنێتەوە؟!
دوای روخانی سەدام، ئەمریکا دەوڵەتێکی تازەی لە عیراق دروستکردو، لەپێناویدا هەزاران سەربازی بەکوشتدا و سەدان ملیار دۆلاری خەرجکرد، کەچی بارزانی کەوتە موقاتەعە و دژایەتیکردنی ئەم دەڵەتە.
هەموو دنیا دژی داعش وەستا، کەچی بارزانی بە درواسێی نوێ ناوی برد!
ئەمریکا و زلهیزەکانی خۆراوا، بەئاشکرا پشتیان کردۆتە گەورەترین دۆستی ستراتیجیان لە ناوچەکە و، ڕاستەوخۆ پشتیوانی کوردوستانی سوریا ئەکەن، کەچی پارتی دژایەتیان ئەکا و سنوریان لێ دائەخا!
ئەمریکا لەبەرزترین ئاستدا ڕجای لەبارزانی کرد ڕیفراندۆم نەکا، وەزیری دەرەوە بەدۆکۆمینت بەڵێنی گەورەترین پشتیوانی بە کورد دا و ڕاستگۆیانەش عاقیبەتەکانی ڕیفراندۆمی پێ ڕاگەیاند، بەڵام بارزانی پەنجەی هەڕەشەی لە ئەمریکا بەرزکردەوە!
عێراق ١٥ ساڵە بەدەست تیرۆرەوە ئەناڵێنێ، خەڵتانی خوێن بووە، سەدان هەزاری لێکوژراوە و داعش نیوەی خاکەکەی داگیر و کاولکرد، کەچی بە یەکگرتوویی ماوەتەوە، هەڵبژاردن ئەکا، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ئەکا، پرۆسەی دیمۆکراسیی و ئاوادەنیی و گەشەی ئابوری رۆژبەڕۆژ بۆ پێشەوە هەنگاو ئەنێ. بەڵام لە هەولێر بارزانی ئیمارەتێکی ڕەجعی رائەگەیەنێ، زمان و خاکی هەرێم لەت ئەکا، هەموو کایەکانی ژیان مۆنۆپۆڵ ئەکا و پەتای دووبەرەکیی و جیاکاریی لەنێوان ناوچەکانی هەرێمدا ڕۆژ بەرۆژ زیاتر بڵاو ئەکاتەوە.
بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراقە و هەموو دنیا ڕێزی ئەگرێ، کەچی بارزانی دژایەتی ئەکا.
ئەمریکا خاوەن بەرژەوەندی و ستراتیجی خۆیەتی و، لەو چوارچیوەیەدا لەگەڵ دۆست و نەیارەکانی مامەڵە ئەکا، بێ مەعنایە تۆ بێ منەت بیت لە میللەتەکەی خۆت، لەدەرەوەی بەرژەوەندی ئەمریکا و بە فیتی ئەم و ئەو بجوڵێیت و گلەیی بێ وەفایی لە ئەمریکا بکەیت.
بۆچونێکی هەڵەشە، ئەگەر پێمان وابێ لادانی بارزانی پەیوەستە بە هەڵوێستی دووڕوویی ئەمریکاوە، چونکە مانەوەی بارزانی لەناوچەیەکی ستراتیجیی هاوسنور لەگەڵ هەرچوار داگیرکەرەکەی کوردوستان، ویست و ئیرادەی هەر چواریانی لەسەرە و، گرەنتی جڵەوکردنی بزوتنەوەی سیاسیە لە هەموو کوردستان.