Draw Media

ئایا خەڵكی سلێمانی عێراقچێتی دەكەن؟

ئایا خەڵكی سلێمانی عێراقچێتی دەكەن؟

2018-12-04 20:25:05


 

■ نەجات نوری 

ناسیۆنالیزم، ئەم ئایدۆلۆژیایە لای هەندێك كەس بە درێژای دەیان ساڵە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكانی گەیشتن بە دەسەڵاتێكی ستەمكارانە‌و تۆقێنەرانە‌و دەیان میللەت باجی قورسیان تێداداوە، ئەم چەمكە زۆر لە مێژە هەڵگری دەیان خوێندنەوەو تێڕامانە تا بە ئێستا دەگات، لە زۆركاتدا ئەو كەسانەی لە یەك لاوە لەم چەمكەیان روانیبێت‌و كردبێتیان بە دەستكەوتی خۆیان بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی نەتەوەی لە دواجاردا ئەو دەوڵەتە بۆتە خراپترین دەوڵەتی ستەمكاری‌و دیكتاتۆریانە. بەڵام لەلای هەندێك خۆرهەڵاتی تا بە لای ئێمەش دەگات نەتەوەخوازی ئەو خوێندنەوە وردەی بۆ نەكراوە تا بە گرنگیەوە لێی تێبگەن‌و بزانین كەی‌و چۆن‌و بۆچی كاری بۆدەكەین، ئەم گروپانە لەم تێڕوانینانەیانەوە هەمیشە ئەم ئایدۆلۆژیایەیان كردووە هۆكارێكی تۆقێنەرانەو زاڵمانە دژ بە نەیارو شارەكانی تر. 
بە هەرحال ئەوە یەك دوو جارە لە زۆر كەناڵ‌و گفتوگۆدا گوێم لێدەبێت بەتایبەت زۆكەسی كۆمۆنیست‌و ئیسلامی فاشل دێن لە دەوڵەتی نەتەوەیی دەدوێن‌و دەیانەوێت وا خۆیان پیشانبدەن كە جگە لە خۆیان ئیتر كەسی تر نیە بیری لای دەوڵەتی نەتەوەی‌و سەربەخۆی كوردستان بێت... ئەمانە هەر بەم دەنگە بچوكەی خۆیانەوە نەوەستاون هاتوون بە دەهۆڵێكی دڕاوی كۆن دەیانەوێت خەڵكی (سلێمانی) وا پیشانی خەڵكی دهۆك‌و هەولێر بدەن كە ئەمانە بەرەو عێراقی دەچن‌و دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر عێراق‌و دووركەوتوونەتەوە لەبیری نەتەوەو سەربەخۆی... ئەم دەنگە بچوكە نەشارەزایانە لەم كاتانەدا بۆچی دێن خەڵكی دەڤەری سلێمانی بەم ناوە تاوانباردەكەن؟ دەیانەوێت چی لە خەڵكی سلێمانی بكەن؟ هیچ گومانی تێدانیە ئەم دەنگە بچوكانە نایانەوێت دان بەشكست‌و گەندەڵی‌و ناسیاسی خۆیاندا بنێن، دێن خەڵكی ئەم دەڤەرە زیندووە بەتاوانباردەكەن كە خەڵكی سلێمانی بیریان لەلای عێراقەو دەیانەوێت بچنەوە سەر عێراق... دەهۆڵكوتان بۆ ناشیرینكردنی خەڵكی سلێمانی زۆر لە مێژە لەلاین زۆر كەسانی شكست خواردوی ناسیاسی‌و نا رۆشنبیری كوردو عەرەبەوە لێدەدرێت... هەر جارە لەژێر بیانویەكدا بۆ پاساوی شكستی دەسەڵات‌و بەرنامەكانیان دێن ئەم شارە دەخەنە بەرەی خراپەكاران‌و دوژمن بە كوردستان‌و سەر بەخۆییەوە... ئەم دەنگە نەزان‌و بچوكانە چەند بدوێن هیچ لە ئیرادەو دیدی پێشكەوتخوازانەی خەڵكی سلێمانی كەم ناكاتەوە. دیارە خەڵكی ئەم دەڤەرە باش لە رەفتارە شكست خواردۆكانی نەتەوەخوازەكانی كورستان تێدەگەن‌و دەزانن لە چ روانگەو مەرامێكەوە ئەمانە دەیانەوێت داوای سەربەخۆی بكەن... زۆر باش ئەم دەنگە نا سیاسیانە لە ئەمڕۆدا تێدەگەن خۆ ئەگەر خەڵكی ئەم دەڤەرە زنیدووەی سلێمانی نەبووایە ئێستا كوردستان هەر نەدەبوو بەم شێوەیی ئێستا، كە ئەم خاڵە گرنگە دەزانن ناتوانن دان بە حەقیقەت‌و راستی لەمێژینەی خەڵكی سلێمانیدا بنێن بۆ خەبات‌و شۆڕش‌و بیری نەتەوەی گەورەیان، بۆیە دێن دەیانەوێت شكستی سەربەخۆی بخەنە ئەستۆی خەڵكی ئەم شارەو دەوروبەری بیكەن بە لەكەیەكی خراپ لە مێژوی ئەم شارەدا. ئەم هەوڵانەیان ئەوەندە بچوكە كە دەبێت شەرم لە هەموو تەمەنی خۆیان بكەن‌و نەوێرن لەدووریشەوە باسی ئیرادەو بیری خەڵكی سلێمانی بكەن... بەداخەوەم بۆ بێدەنگ بوونی زۆر لە نووسەران‌و ئەدیبان‌و پیاوە مەردەكانی ئەم شارە كە لەئاست ئەم هەموو تۆمەتە بێبەنەمایانەدا بێدەنگ بوون... 
دەبێت بڵێم خەڵكی سلێمانی باش ئەوەدەزانێت كە دەوڵەتی سەربەخۆی مانای چییەو لەكوێدا‌و كەی دێتەدی، ئەوە خەڵكی سلێمانی نین كە بوون بە عێراقچی‌و دەچنەوە بە بەغداد، بەڵكو ئەوە سەربەخۆی خوازەكانبوون چوونەوە بە بەغداد‌و پشتیان كردە گەل‌و ئومێدەكانیان... ئەوە خەڵكی سلێمانی یە كە دژی هەموو ئەو گەندەڵ‌و كەسە ناسیاسی‌و شكستخواردوانەن كە بیست‌و هەشت ساڵە لە پێناو گیرفانی خۆیاندا میللەت بە دەیان بیرو وێنەی وهمی فریودەدەن. 
بۆیە باشترە ئەم دەنگە بچوكانە كە لە هەموو بوارەكاندا شكستیان خواردووە باسی ئیرادەو بیری خەڵكی سلێمانی نەكەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand