بۆچی پارتی بارەگاكانی تەڤگەر لەسلێمانی دادەخات؟
2018-12-04 15:16:40
■ محەمەد هەورامی
پارتی بەدرێژایی میژویی دوو ئیدارەیی هەرگیز پێی خۆشنیەو نەبووە هێزەكان لەیەكتری نزیكبن، چونكە هەمیشە مێنتاڵیتی وابوو یەكبوونی هێزەكان و سەرهەڵدانی هێزی نوێ واتای بێهێزی پارتی، لەدوا تۆماری دەنگیش ئەم مینتاڵیتیە بەڕوونی بەقسەكانی بارزانیەوە دیاربوو كاتێك باسی یەكبوونی هێزە كوردییەكان دەكات.
من ناچمەوە سەر مێژوو كە دەیان نمونەی تیایە، ئەمەوێت قسە لەسەر داخستنی بارەگاكانی تەڤگەر بكەم كە بە لقی دووەم و مەدەنی پەكەكە دەناسرێن لەباشوری كوردستان، ئەم بارەگایانەو چالاكییەكانی پەكەكەش بەدرێژایی چارەكە سەدەی ڕابردوو لەسلێمانی واڵابوون، بەڵام هەرگیز بەئێستاشەوە پەكەكە لەزۆنی زەرد نەك مەرغوب نەبووە، بەڵكو زۆرجاریش كوشتبڕ كراوە لەوێنەی مەزبەحەكەی جەمال مورتكە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەمیدیاو فیگەرە ناسراوەكانی پارتی دەیبینین كروزانەوەو ماركێتین بۆ ئەوەدەكرێت یەكێتی بارەگاكانی پەكەكەی داخستبێت ئەمەش پاشگرو پێشگری هەیە. بۆچی پارتی ئەم كارە دەكات؟
بڕیاری داخستنی بارەگاكانی تەڤگەر بەفەرمی لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوو، بەڵام بۆچی پارتی دەیەوێت یەكێتی تۆمەتبار بكات؟ لەڕووی لۆژیكی سیاسییەوە ئەگەر سەیری بابەتەكە بكەین، پەكەكەو یەكێتی لەڕووی بنكەی جەماوەری و كاری سیاسیشەوە زۆر نزیكن، نزیكیەكە بەجۆرێك هەرگیز دڵخوازی پارتی نییە، چونكە هەر لەئاستی سلێمانی نیە، بەڵكو لەئاستی پارچەكانی دیكەش كاریگەریی هەبووە، هەر بۆنمونە كردنەوەی نوێنەرایەتی كانتۆنەكان لەسلێمانی.
پارتی دوو ئامانجی سەرەكی هەیە، ئەویش تێكدانی ئەو پەیوەندییە میژووییەی هەیە لەنێوان بنكەی جەماوەری پەكەكەو یەكێتی شڵەژاندنی دۆخی سلێمانی و زۆنی سەوز بەگشتی، پاشان مانەوەی دۆخەكە وەكو خۆی بۆ ئەوەی سزاكانی توركیا بۆ سەر بازاڕی سلێمانی و فرۆكەخانەكەی بەردەوام بێت، ئەمەش بۆ پارتی دۆخە خوازراوەكەیە كە دەوێت.
بەرای من قورسە تێكدانی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پەكەكە، چونكە هەم سەركردایەتی پەكەكە باشتر لەهەمووان لەپیلانەكانی پارتی تێگەشتوە، هەمیش یەكێتی لەدۆخێكی سنورداردا ئەم دۆخەی پێقبوڵەو درزێك ناكاتەوە پارتی بێتە ناوی، هەمیشە ئەوە ڕاستەیەكی حاشا هەڵنەگرە كە پەكەكە بەبێ هاوكاری سلێمانی خەباتی بۆ ئەستەم دەبێت لەقەندیل، بۆیە لەهەموو روویەكەوە ئەو كارتەی پارتی هەڵیدایە حەوزەو پێی ناتەقێت.