Draw Media

کە "نەوشیروان مستەفا" ڕۆیشت، شکا سوپامان

کە "نەوشیروان مستەفا" ڕۆیشت، شکا سوپامان

2018-12-03 08:57:13


■  هادی حەمەرەشید
بە مەبەست و بەبێ مەبەست، لە چەندین پۆستدا ئەو گلەییەم بەرچاو کەوتووە; کە بۆچی خەڵکێکی زۆر بێدەنگن لەو هەنگاوە نوێیانەی یەکێتی بە ئاراستەی خۆفرۆشی زیاتر بە وڵاتانی هەرێمایەتی؟!
بۆچی بە داخستنی بارەگاکانی (تەڤگەری ئازادیی) لەلایەن یەکێتییەوە، زۆرێك لەوانەی کە قسە و هەڵوێستیان لەسەر زۆر بابەت و پرۆسەیتر هەبووە وا ئێستا بێدەنگ و خەمساردن؟!

باسەکە تێکەڵ بە هۆکارە ئایدۆلۆژیی و حیزبییەکان ئەکرێت، لەکاتێکدا (بە سانایی) زوو وتمان: تەڤگەر و پێشتریش پارتی چارەسەر کوڕێکی شەرعیی و میراتگرێکی حەقیقیی پەکەکە نەبوون و نین. بۆ خۆیان زیاتر لە دوو دەیەیە لە دڵداریی و موغازەلەی یەکێتی و ماڵی تاڵەبانیدان، ئێستاش کە یەکێتی وەك ئیلتیزاماتێك بەرامبەر بە تورکیا هەرچی ئەکات، هێندەی کێشەیەکی ناوخۆیی و شەڕێکی نێوان تەکەتولە جیاوازەکان کاریگەریی لەسەر ئازادیی بیروڕا هەیە، تەڤگەر ئەوەندەی ڕۆڵەی دڵسۆزیی یەکێتی بوون، هیچ سەروسەودایەکیان لەگەڵ ڕێبازی ئاپۆ و پەکەدا نەبووە و ناشبێت!
ئەمە پاساو نیە بۆ کردە دزێوەکانی یەکێتی، ئازادیی دەربڕین درۆیەکی گەورەیە لەلایان، کەی بیانەوێت هەموو مێزەکە هەڵئەگێڕنەوە بەسەر هەرکەسێکدا کە کاتی هاتبێت و بیانهەوێت!

بەڵام لە بنەڕەتدا پرسیارەکە ڕەوایە و هێشتا حەقە فراوانتریش بکرێت; بۆچی ئەوانەی کە پێشتر لە پەنهاندا و تاك و تەرا نۆکەرایەتی بێگانەیان ئەکرد، ئێستا بە ئاشکرا و لە ڕۆژی ڕووناکدا و بەکۆمەڵ جاڕی جاشایەتیی و سەرشۆڕیی ئەدەن؟!
بۆچی بەرەی ئازادیخوازان ئەو پاشەکشە گەورەیەیان کردووە؟! بۆچی ڕووناکییەکی ڕاستەقینە بەدی ناکرێت؟!
بۆچی وڵاتفرۆشان دەنگیان دلێر و نیشتیمانپەروەران نوزەیان لەبەر بڕاوە و بە ئاستەم هەست بە مانیشیان ناکرێت؟!
ئەسڵەن بۆچی خۆپێگەیاندن و هاوڕێ و ڕێبازفرۆشیی و تەسلیمبوون بە خواستە کەسیی و خێزانییەکان بووە بە فەزیلەت و (دیپلۆماسیەتی باڵا!)؟!!

دڵنیام بەشێك لەهۆکارەکان ڕوونن، هەریەك لە ئێوە توانای یاداشت کردنی چەندین خاڵ و سەرنجتان هەیە لەوبارەیەوە، بەڵام دیارترین و سەرەکیترین هۆکار نەمانی سەرکردە و ڕابەرێکە کە بتوانێت هەم ئیدارەی ئەم لەشکرە ناڕازییە بدات و دیسانیش لە پانتایی گشتیدا ئەوەندە بە "دژە گەندەڵ" و "دژە ناپاکان" ناسرابێت، تاك و تەرا نەبێت خەڵکی نەوێرن بە ئاشکرا سەودا و مامەڵە بە خۆیان و چارەنووسی نیشتیمانەکەشیانەوە بکەن.

نزیك بەسەدەیەکە کورد بەبێ سەرکردە و ڕابەر نەیتوانیوە بەردێك بخاتە سەر بەردێك، جا ئەو سەرکردە و ڕابەرانە چاکیان کردبێت یان خراپ، ڕۆڵیان نکولی نەکراو بووە.

(ڕۆڵی سەرکردە و کاریزما، بابەتێکی جیاواز و سەربەخۆیە، ئەرکی ئەم چەند دێڕەی ئێمە نیە) بەڵام لەناو ئەو سەکردانەدا #نەوشیروان_مستەفا وەك مۆمێك سووتا، گەنجیی و کامڵیی و کۆتایی تەمەنی، دەرفەتێك بوو کە بە ئێمە درا، ئەتوانرا لەڕێگایەوە زۆر بەردی گەورە لە بناغەی تەلاری فەرمانڕەوایەتیدا دابنێین و نەمانکرد، نەکرا چونکە لەشکری خۆپەرستان و فورسەتتەڵەبان هێندە بەرفراوان بوون(لە هەموو لایەك) بڕستیان لە کاکە نەوەی هەمووان و کەمینەیەکی کەم بڕیی بوو!

زۆر لەسەر ئەو پیاوە وتراوە، تەنانەت بەشێك لە فورسەتتەڵەبان کە بۆ ڕۆژگارێك و سەردەمێك هەلی هاوڕێیەتی ئەویان بۆ رەخسابێت، ئێستا بازرگانی بە وێنە و ڕووداو و بەسەرهاتەکانییەوە ئەکەن، ( ناڕەوایە بڵێین هەموو جوڵە و ئاکتێکی ئەم پیاوە تەواو و بێ هەڵە بووە، هەر خۆی لە کتێبەکانیدا دانیناوە بە کۆمەڵێك هەڵەدا کە لە بەرکەوتنی ڕۆژانەیدا ڕوویداوە، ئێمەومانانیش ڕاشکاوانە تا لەژیاندا بوو بۆچوونەکانی خۆمانمان ڕووبەڕوو و ناڕاستەوخۆش لە ڕێگای وتارەوە خستووەتە ڕوو).

بەڵام ئەتوانین بە دەنگی دلێر و بڵند بڵێین; سەرکردەیەکی منەوەر و خوێندەوار و پاك و تێکۆشەر و نیشتیمانپەرەوەر بوو، تاوانی سیاسیی و ناپاکیی نیشتیمانیی لەفەرهەنگیدا نەبوو، بگرە زۆر ڕادیکاڵانە دژ بوو بە نۆکەرانی بێگانە و توند بوو دەرهەق بە گەندەڵ و پاشەڵپیس و داڕزاوانی ئەخلاق، نە لە سەنگەر و بەرەی تێکۆشانی چەکدارییدا هەڵهات و نە لە سەنگەری خەباتی مەدەنیدا چاوشۆڕیی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار بوو، تا کۆتا ڕۆژەکانی تەمەنی بەپێوە بوو، تەنانەت مردنەکەی بۆ خەڵکیی زۆر لەناکاو و کتوپڕ بوو، چونکە تا چرکەکانی راگەیاندنی مردنەکەشی خەڵکی بێ دەرەتانی کوردستان چاوەڕێی لێدوان و قسە ئارامبەخش و پڕ ورە و وزەکانی بوون.

بەکورتی ئەم مەرگە بۆشاییەکی گەورەی بەجێهێشت، لەگەڵ خۆیدا بەشێکی زۆر لە ئومێدی برد، قەڵایەك بوو بە سارا و پشتی ئەوانەی شکاند کە چاوەڕێی ئایندەیەك بوون کە جوانتر بوو لەمەی ئەمڕۆمان، ئێوە ببینن لەدوای ئەم مەرگەوە چۆن قۆناغی(چەك ڕوو بەخوار) و هەڵکردنی ئاڵای سپی لەلایەن هاوڕێکانییەوە دەستی پێکرد؟!

ببینن چۆن (بەناو) سەرکردەکانی کورد و سیمبۆلەکانی هەردوو ماڵبات لەپشتی مێز(ستەیج)ـی کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسییەوە تەمەلوق بۆ بەغدا و ئۆردۆگان و هەموولایەك ئەکەن؟!
چۆنیش بڕیاربەدەستی بزووتنەوەکەی (عاقڵ) و بێدەنگ زوو زوو بەیعەت بەم دز و خۆفرۆش و خاکفرۆشانە ئەدەنەوە!
دیسان چۆن هەموو سەرکردەی حیزبەکان(بە کۆن و نوێیانەوە) کڕ و بێ جوڵەن(جوڵە نەك هات و هاواری بازرگان و تازەپیاکەوتووەکان)!

چ ڕۆژگارێکی ڕەشە! لە وەها دۆخێکدا فیعلەن کەمینەی ئازادیخوازان فریای چەند دۆسێی دزێوی گەندەڵیی و نۆکارایەتیی و وڵاتفرۆشیی بکەون؟!
بۆچی خەڵکی وڵاتەکەمان سەرگەرم بکەین بە کۆمەڵێك ئومێدی موزەیەفەوە، هەرچەندە تا "دوا پشوو ڕێبواری ڕێگای ئازادیی" ئەبین، بەڵام "نالی"ووتەنی:

منم سەرکردەتان بۆ لەشکری غەم
دەترسم من بڕۆم، بشکێ سوپاتان

بەڵێ کە ئەو ڕۆیشت، شکا سوپامان، پێویستمان بە خۆڕێکخستنەوە و بیرکردنەوەیەکی قوڵە لەوەی "چی بکەین؟" چۆن تەلیسمی ئەو کۆچە ناوادەیە بشکێنین و لەنوێوە تێهەڵچینەوە، پەیامی تەسلیم نەبوون بە نەمریی بهێڵینەوە؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand