سەرۆك و سەرۆكوەزیرانێكی نوێ
2018-12-03 06:56:54
■ هێمن عەبدوڵڵا
پاش چاوەڕوانییەكی چەندین هەفتەیی، پارتی خۆی یەكلاییكردەوە كە دەیەوێ پێكهاتەی حوكمڕانی لە چوار ساڵی داهاتوودا چۆن بێت. ئەمجارە پارتی ئامادەیە بۆ قۆناخێكی نوێ ، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كارا دەكرێتەوەو نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان ، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی كوردستان بڕیاری لێدراوەو، مەسروور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات .
ئەو گەنگەشەیەش كە لەنێو پارتیدا هەبوو لەسەر چالاككردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تەواوبووە. نێچیرڤان بارزانی لە چوار ساڵی داهاتوودا سەرۆكی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەبێت لە كوردستاندا . وەك سەرۆك بارزانیش هەفتەی رابردوو لە دانیشتنێكیدا بە میدیاكارانی كوردستانی گوت، لە چوار ساڵی داهاتوودا كوردستان دەبێتە خاوەنی دەستووری خۆیشی.
دوای ئەو یەكلاییبوونەوەیەی پارتی و كردنەوەی گرێكوێرەكە، دوو پرسیار پێویستیان بە وەڵامە: یەكەم، شەریكەكانی پارتی لە چوار ساڵی داهاتوودا چۆن بەشداردەبن؟ دووەمیش كوردستانە بەهێزەكەی پارتی لە چوار ساڵی داهاتوودا چۆن وەدیدێت لە قۆناخی سەرۆكێكی تازەی هەرێمی كوردستاندا؟
وەڵامی پرسیاری یەكەم دەكەوێتە سەر ئەوەی كە هەریەكە لە یەكێتی و گۆڕان بە كام لەو پۆستانەی بۆیان دانراوە رازی دەبن و كامیان چی بەردەكەوێ؟ بۆنموونە وەك كەسێكی ئاگادار لە دانووستاندنەكانی نێوان پارتی و یەكێتی باسیكرد، یەكێتی داوای لە پارتی كردووە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گۆڕان بێت و ئەوان جارێكی دیكە جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرنەوە، بەڵام لەوەشدا یەكێتی بەتەما نییە قوباد تاڵەبانی لەو پۆستە دابنێتەوە و تەمای هەیە حاكم قادر دابنێت.
پاساویشیان بۆ ئەو گۆڕانكارییە ئەوەیە كە حاكم قادر بەحوكمی ئەوەی پارتی بەربژێری سەرۆكی حكومەتی گۆڕی ، ئەوانیش دەیگۆڕن و دەیكەنە كەسێكی ئەمنی و، باشتر لە قوباد تاڵەبانی دەتوانێ لەگەڵ سەرۆكی نوێی حكومەتدا بگونجێ و ئیش بكات. ئەگەر وەك یەكێتی داوایكردووە گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەربگرێت و یەكێتی بتوانێت گۆڕان لە بوونی دوو جێگر لەسەرۆكایەتی حكومەت دوورخاتەوە ، ئەوكات رەنگە یەكێتی لەجیاتی بێگەرد تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەربژێر بكات و هێمن هەورامی ببێتە جێگری .
چونكە هەردووكیان لە هەڵبژاردنی ئەو دواییەدا سەرۆكی لیستی حیزبەكانیان بوون و ئێستاش پەرلەمانتارن . بەڵام لەو نێوانەدا دیار نییە پشكی ماڵباتی كۆسرەت رەسووڵ چی دەبێت و بەو دابەشكردنە رازی دەبن؟ چونكە ئەوانەی لەوەوە نزیكن لەجیاتی حاكم قادر باسی دەرباز كۆسرەت دەكەن كە ببێتە جێگری سەرۆكی حكومەت . وەك دەشزانین ئێستا یەكێتییە نوێكان بەرەو كۆنگرە دەڕۆن و سێ باڵەكەی ناوی هەریەكەیان خەریكی جێپێ قایمكردنن بۆ كاتی كۆنگرە و پێیان گرنگە لەنێو حكومەت و حوكمڕانییەوە هەژموونیان بۆ قۆناخی پاش كۆنگرە بچەسپێنن.
بۆ وەڵامی پرسیاری دووەمیش بەشی هەرە گرنگی ئەوەیە كە هەرچەندە پارتی بە دانانی مەسروور بارزانی، رووخسارێكی نوێ دەداتە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی و خوێنێكی نوێیان تێدەگەڕێنێت . پارتی بە دانانی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە دروستكردنی كوردستانە بەهێزەكە پێویستی بە ئەزموون و شارەزایی و كەسایەتیی كاریگەری نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكایەتیی وڵات هەیە. ئەمەش دروست ئەو شتەیە كە نەك هەر شەریكە ئایندەییەكانی پارتی بەڵكو لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش چانسی كرانەوەی زۆرتر و بەهێزبوونی كوردستان زیاتر دەكات.
هەڵبەت كوردستانی بەهێز تەنیا بە گۆڕین و دابەشكردنی پۆست و كەسەكان ناكرێ و پێویستی بە هەنگاوی گەورە و بوێرانەشە . لەم رۆژانەدا لە سوێد ئەندازیارێكی كوردی زۆر سەركەوتوو باسی ئەو پڕۆژەیەی بۆ دەكردم كە لە ئەفریقیا ئیشی لەسەردەكات و سوود لە وزەی خۆر وەردەگرێ و دەیگۆڕی بە كارەبا و بە كێبڵ لەژێر دەریاوە دەیگەیێنێتە ئەوروپا.
ئەو دەیگوت كاتێك دەست بە پڕۆژەكە كراوە، زۆربەی خەڵك لە ئەوروپا پێكەنینیان پێهاتووە و گوتوویانە سەرناگرێ، بەڵام ئەو دەیگوت سەركردە بوێرەكان لە ئەوروپا ئیشەكەیان كرد و سەریشیگرت. لای ئێمەش نموونەی وامان هەبوو و كاتی خۆی پڕۆژە نەوتییەكەی پارتی بە خەون دەزانرا، بەڵام دواتر دەركەوت بوێریی نێچیرڤان بارزانی سەریگرت و كوردستانی خستە سەر نەخشەكە و بەهێزی كرد ، هەر ئەوەش زۆر یارمەتیدەری بوو كە دوای گشتپرسی و 16ی ئوكتۆبەر ، هەرێمی كوردستان بهێڵێتەوە . جا پێموایە قۆناخی داهاتوو بوێرییەكی نوێی پێویستە و دەكرێ ئەمجارە لەپەنای پەرەپێدانی كەرتی نەوت ، لە بواری پەرەپێدانی تەكنەلۆژیا و ئابووریی نانەوتیدا بێت، كە هەموو دنیا خەریكیەتی و ئەوانەی زووتر دەستیانپێكردووە وڵاتەكانیان زۆرتر بەهێزكردووە.
* روداو