کۆبوونەوە یان قەشمەریی ؟
2018-12-02 12:59:59
■ ئارام سەعید
لە پرخەی خەودایت، لەپڕ دەنگێک بەرزدەبێتەوە، تەماشادەکەیت لەسەر شاشەی تیڤی نوسراوە، بەپەلە: سەرکردایەتیی فڵان لە کۆبونەوەدایە، بە پەلە کۆبونەوەکە تایبەتە بە پێکهێنانی حکومەت. دوای کۆبونەوەکە بڕیار دەدرێت لەسەر بەشدارییکردن لە حکومەتدا، لای هەندێکی تر دوای کۆبونەوەکە بڕیاردەدرێت بەشداریی حکومەت بکەین یان نا؟ هەندیکی تر ئەڵێن کۆبونەوەکە دواخرا بۆ هەفتەی داهاتوو چونکە نەگەیشتنە ئەنجام. دواتر بەپەلەیەکی تر کۆنگرەی رۆژنامەنوسی لەسەر ئەنجامەکانی کۆبونەوە، بڕیاردرا بەردەوام بین لە کۆبونەوەکان. ئینجا قەشمەرەکان و بازرگانانی نەوت دێنە سەر تیڤی و بەناوی بەرژەوەندیی خەڵکەوە لێدوان دەدەن.
لەمە ترسناکتر بەدرێژایی مێژوو ئەو رێژەیە لە رۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ و چاودێریی بێکەڵک نەبووە کە بەرگریی لەم قەشمەریاتە بکات، دێنە سەر تیڤیەکان و باسی گرنگیی کۆبونەوەکە دەکەن، هەوڵئەدەن پاساو بۆ ئەو هەموو دزیە بهێننەوە. فیستیڤاڵ دەکەن، بۆنەی تایبەت رێکدەخەن، پێشانگا دەکەنەوە، رەنگ دەڕێژن بەناوی هونەرەوە تابلۆی ناشرین ئەکەن، پەیکەری نامۆ دروست ئەکەن، لە هەموو بوارەکان سوپایەکی تر لەو نوسەر و هونەرمەندانە هەن کە راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ بەرگریی لەو تاڵانکردنی ئەم هەرێمە دەکەن، سەرەرای کۆمەڵێک نوسەری ڕانتخۆر و دەرباری تاراوگە کە جگە لە جوێندان هیچ لە ئەزمونی وڵاتان فێرنەبوون.
نمونەیەکی زۆر سادە، کابینەی پێشوو یەکێتی کاندیدی هەبوو بۆ چیگری سەرۆکی حکومەت، بارزانی پێی رازی نەبوو، دانەنرا! لە دێگەلە رێگەی کرا لە جێگری سەرۆکی هەرێم بچیتە هەولێرەوە، کەواتە ڕایگرن یان واز لەو قەشمەریاتە بهێنن و هاوڵاتی سیخناخ مەکەن بە کۆبونەوەی درۆ.
ئەم قەشمەریاتە دەمێ ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوامە، کە هەمووی جگە لە گاڵتەکردن بە خەڵک هیچی تر نیە، هەموو هاوڵاتیان باش ئەزانن کێکی گەورە لای کێیە و کێ بڕیاری دابەشکردنی دەدات! کە ئەویش بارزانیی یە، کە دواخستن و پێشختن و مەرجی دانیشتن هەموی لەدەسەڵاتی ئەودایە، ئەمانی تر خۆیان بە کۆبونەوە سەغڵەت کردوە، ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکێک نە شەرعیەتی یاسایی هەیە نەسیاسی، پارلەمان دائەخا! ئیتر کۆبونەوەی چی ئەکەن!! رایگرن ئەو قەشمەریاتە بە ئازارەکانی خەڵک.
کۆببنەوە.. کۆببنەوە، بەڵام وەک رۆژی روناک دیارە، هیچ کام لەو کۆبونەوانە پەیوەندیی بە پاشەکەوتی موچە و خزمەتگوزاریی خەڵکەوە نیە، پەیوەندیی بە شەفافیەت و ئازادی رادەربڕینەوە نیە، هیچیان تیانیە بۆ خەڵک، چاکسازیی، بۆ یەکڕیزی، تەنها دابەشکردنی پلەو پۆستەکانە بەسەر حزبدا و ئەویش بۆ چەند کەسێکی دیاریکراو لە لایەن بنەماڵەکانی دەسەڵاتەوە.
بێئومێدبوون لە حکومەتی ئایندە تەواو دیارە، هاوکێشەیەکی زۆر ئاسانە، لە ماوەی رابردوو ئەم هێزانە چیان کردوە دوبارەی دەکەنەوەو رۆژبەرۆژ سنوری ئازادیی بەرتەسک دەکەنەوە، رۆژبەرۆژ ئاستی بژێوی خەڵک و ئابوری هەرێم خراپتر دەکەن، لە بەغدا شەڕی پۆستەکان و لە هەرێم بەهەمان شێوە. مۆدێلی ئەم سیاسەتکردن وشێوازی بەڕێوەبڕدنە بەسەرچووە. کۆبونەوە راگرن، بەسە کۆبونەوە، یاخود کە ئێوە بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکانتان کۆدەبنەوە مەیکەن بە هەواڵی بەپەلە. مەشیکەن بە هەواڵێکی ئاسایی، پێوستمان پێی نیە.