Draw Media

بوتەفلیقەو نێچیرڤان بارزانی

بوتەفلیقەو نێچیرڤان بارزانی

2018-12-02 09:08:11


■  ئەحمەد میرە


 (بوتەفلیقە) دەهەمین سەرۆكی جەزائیر، بیست ساڵی ڕێكە سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەیە. هەمیشە لە هەڵبژاردنەكاندا بە شێوەی فێڵی یاسایی و گزیكاریی دەبێتەوە بە سەرۆك. ماوەی چەند ساڵێكیشە نەخۆشەو توانای بەڕێوەبردن و سیاسەتكردنی نەماوە، بەڵام ئەو دەستبەرداری كورسیی حوكمڕانیی نەبووە. 

لە ئێستادا بەو بارودۆخەوە دەیەوێت بۆ خولێكی نوێی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەی خۆی كاندیدبكاتەوە. لەبارەی ئەم خۆكاندیدكردنەوەیەی بوتەفلیقەوە ڕۆژنامە عەرەبییەكان نوسسیان (بوتەفلیقە كاندیدێكی نەمر و هەتاهەتاییە!) هەرچەندە ئەو تەمەنی هەشتاویەك ساڵە، پێش ئەوەی ببێتە سەرۆك كۆماری جەزائیر، چەندین پۆستی گرنگی لە حكومەتەكانی پێشوودا هەبووە، وەك وەزیری دەرەوەی جەزائیر و ڕاوێژكاری سەرۆك كۆمار. 

بوتەفلیقەو نێچیرڤان بارزانی، سەرەڕای ئەوەی بیست و نۆ ساڵ جیاوازی تەمەنیان هەیە، بەڵام لە ڕووی بەردەوام كاندیدبوون و حەزیان بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پێشوویان تەواو لە یەكتر دەچن. 

نێچیرڤان لە ساڵی (1996) ەوە بیست و دوو ساڵە، یان سەرۆكی حكومەت بووە، یاخود جێگری سەرۆكی حكومەت بووە. بە بەردەوامییش ئەو هەڵبژاردنانەی ئەویان بەو پۆستە گەیاندووە، لێوانلێو بوون لە ساختەكاریی، بەڵام ئەو هەمیشە بە دڵخۆشییەوە قبوڵیكردوون. لە ماوەی ئەم بیست و دوو ساڵەیشدا ئەم پیاوە تەنها گۆڕانكاریی لە دیزاینی جلوبەرگ و ڕوخساریدا ئەنجامداوە، لە پیاوێكی سمێڵدارەوە بووە پیاوێكی مۆدێرنی بێ_سمێڵ. 

هەرچەندە وەك سەرچاوە جیاوازەكان باسیدەكەن، ململانێكانی ناو بنەماڵەی بارزانیی لە جاران تۆختربوونەتەوەو ڕەنگە ئەم جارەیان بازی سەرۆكایەتیی حكومەت لەسەر شانە زێڕێنەكانی نێچیرڤان نەنیشێتەوەو هەڵبفڕێت بۆ سەر جامانە سوورەكەی مەسروری ئامۆزای، بەڵام لەم كاتەیشدا ئەم پیاوە هەر دەبێت وشەیەكی سەرۆك ئاوەڵناوی بێت، دەگوترێت بۆ قەرەبووكردنەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆی، پارتیی دەیەوێت بە هەر شێوەیك بێت، پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم كارابكاتەوەو نێچیرڤان بارزانیی بچێتەسەر ئەو تەختەیش. ئەگەر ئەم سیناریۆیە ڕووبدات، ئەوە هەرێمی كوردستان نەگبەتییەكی تری بۆ زیاددەبێت و لە قۆناغی حوكمدارێتیی مام و برازاوە دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی حوكمدارێتیی دوو ئامۆزای ناكۆك پڕ كینە لە یەكتر. 

بە هەموو پێوانەكان لە نێوان نێچیرڤان بارزانیی و مەسروور بارزانیی ئامۆزایدا، سەرەڕای كەموكورتیی و پیلانگێڕیی و یارییە سیاسییەكانی، نێچیرڤان بارزانیی دەموچاوێكی قبوڵكراوترەو توانای بەڕێوەبردنی باشترە و لانی كەم وەك مەسروور گرژ و مۆن و دەمارگیر نیەو دەكرێت لە ڕێی دانوستاندنەوە گفتوگۆی سیاسییانەی لەگەڵدا ئەنجامبدرێت. بەكورتیی بە گۆڕینی نێچیرڤان بە مەسروور، وەك كورد دەڵێت؛ دەبێت سەد ڕەحمەت بۆ كفندز بنێریت، چونكە لەناو بنەماڵەی بارزانییدا نێچیرڤان بارزانیی تاكە كەسیانە، كە لە كۆڕی سیاسیی لایەنەكانی تردا قسە_لێوەرگیراو بێت و تا ڕادەیەكی زۆریش دەموچاوی قبوڵكراو بێت. واتە ئەگەر مەرج بێت ئەم پۆستە تاپۆی ڕەشی عوسمانیی بۆ بنەماڵەی بارزانییەكان لێدرابێت، ئەوە گونجاوترە نێچیرڤان ببێتە سەرۆكە نەمرەكە و بۆ هەتاهەتایە لەسەر كورسیی پڕ خێر و بەرەكەتی سەرۆكایەتیی حكومەت چوارمشقیی دابنیشێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand