ئۆپۆزسیۆن مەکوژن
2018-12-01 17:10:26
■ عەبدولڕەحمان رەزگەیی
بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دامەزراندنیەوە وەک ھێزێکی کاریگەر و ڕێکخراو لە ختاب و بانگەشە و شێوازی کارکردنی و زۆر جیاوازتر دەرکەوت، گۆڕان یەکەم ھێزی ئۆپۆزسیۆنی بێچەک بوو لە مێژوی باشوری کوردستان و ھەموو عێڕاقدا، بەمەش لەگەڵ لەدایک بوونی گۆڕاندا، فۆڕم و شێوازێکی نوی لە دروستکردنی کولتوورێکی ململانێی سیاسیی نوێ داھێنا
بزوتنەوەی گۆڕان لە ساتەوەختێکدا سەریھەڵدا کە کۆمەڵگای کوردستان دوای دوای دەیان ساڵ لە ململانێی چەکداریی و ماڵوێرانکاریی، لەبەردەم مەترسیی پەکخستن و سڕینەوەی تەواوەتی کولتووری ململانێی سیاسییدا بوو، بەمەش گۆڕان یەکەم ئەزمونی نوێی لە ھەرێمی کوردستاندا داھێنا ئەویش ململانێی مەدەنی سیاسی کردە جێگرەوەی ململانێی شەڕو چەک و ماڵوێرانی، بزوتنەوەی گۆڕان لەچرکەساتی لەدایکبوونیدا ئەم دۆخە چەقبەستووەی شڵەقاند و فۆرمێکی نوێی لە کولتووری ململانێی سیاسیی داھێنا کە پێشتر لەکۆمەڵگای ئێمەدا بوونی نەبوو، ئەویش کولتووری ئاشتییانەی خەباتی مەدەنیی و سیاسییە.
یەکێک لە لەھەرە تایبەتمەندیە گرنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دروستکردنی کۆمەڵێگ گوتار بوو کە پێشتر فەرھەنگی سیاسی ھەرێمی کوردستان پێی نامۆ بوو لەوانە:-
پرسی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەڕێگای ململانێی یاسایی و ئاشتییانەوە و بەگژاچوونەوەی خراپی ئیدارەدان و نەبوونی شەفافییەت و بونی احتێکار و مەحسوبییەت لە ئابوری و قۆرخکردنێکی تەواوی سێکتەرە ئابورییەکان و باڵادەست بوونی حزب و شەقس بەسەریدا و دامەزراندنی سوپایەکی نیشتیمانیی بۆ ھەرێم و بەدامەزراوەیکردنی ھێزەکانی پۆلیس و ئاساییش و ھێنانە دەرەوەیان لا چنگی حزب، گۆڕینی سرکی ئەمنی لە سرکی حیزبییەوە و کردنی بە موڵکی گشتیی و وە لە ھوشیان گرنگتر شەفافکردنی مەلەفی نەوت کە بڕبڕەی پشتی داھاتی نیشتیمانییە و، کردنی پرسی بودجە و نەبوونی شەفافییەت تیایدا، کردنی سەروەری یاسا و کردنی پرسی دادەپەروەریی کۆمەڵایەتیی، بە پرسە سەرەکییەکانی کایەی سیاسەتکردن لە ھەرێمدا، ھەموو ئەمانەش وایکرد کە گۆڕانی کرد بە ھێزێک زۆرینەی خەڵکی ناڕازی لە دەوەری ئەم بزوتنەوەیە کۆببنەوە و ئومێدی گەوەرەی لەسەر بنیات بنێن.
ئۆپۆزسیۆن بوون یان بەشداریکردن لە حکومەتدا.
بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتاوە تاوەکو ئێستا ھەردوو ئەزمونی ئۆپۆزسیۆن بوون و بەشداریکردنی لە حکومەتدا تاقیکردۆتەوە، لێکەوتەکانی ھەریەک لەو دوو ئەزمونەش ڕێڕەوەی ڕاست و ھەڵەی بزوتنەوەکە نیشان دەدەن کە ئایا گۆڕان لە کامیاندا شکستی ھێناوە و لە کامیاندا سەرکەوتوو بووە، گۆڕان لەسەرەتای دروستبونیەوە سێ جار بەشداریکردوە لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندنی پەڕڵەمانی کوردستاندا، دوای ھەڵبژاردنی یەکەم كاتێك لە 2009 بۆ 2013 ئۆپۆزسیۆن بوو، ئەو هێزە بوو كە روحی كرد بە بەری پەرلەماندا و كردییە سەنگەرێك بۆ بەرگریكردن لە پرۆژە سیاسیەكانی و روبەروو بونەوەی گەندەڵی و بە 25 كورسی پەرلەمانیەوە توانی روبەروی دوو هێزی سیاسی ببێتەوە كە زیاتر لە 17 ساڵ بوو دەسەڵاتداری ئەم هەرێمە بون و تەواوی هێزی كوردستان و داهاتی ئەم وڵاتەیان لەبەردەستدابوو، ئەم قۆناغەش سەردەمی زێڕینی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، دووبارە دەنگدانەوەی خەڵکیش بە گۆڕان گەواھیدەری ئەم ڕاستە بوون، کە گۆڕان جارێکی تر توانی 24 کورسی بەدەستبێنێتەوە، بەڵام گەمیتەکانی شکستی گۆڕان کاتێک سەریان ھەڵدا کە بەشداری لە حکومەتدا کرد، بەبێ ئەوەی گۆڕان حساب بۆ ئەوە بکات کە شەراکەتی ڕاستەقینە و گۆڕانکاریکردن بەڕێگایەکی مەدەنی و یاسایی لەگەڵ ھێزێکی مەدەنی و یاساییدا دەکرێت نەک پارتی و یەکێتی، گۆڕان بێ حسابکردن بۆ ئەوەی کە پارتی و یەکێتێ دوو ھێزن ھەرکاتێک بەرژەوەندی حزبیان بکەوێتە خەتەرەوە ئامادەن وڵات بخەمە سەر لێواری وێرانی و ھەرکات ئامادەن شەڕی ناوخۆ دەستپێبکەنەوە و سڵ لە ھیچ شتێک ناکەنەوە بۆمانەوەی خۆیان، ئەمەش بابەتێک بوو کە گۆڕان بە نادیدەی گرتبوو وە بەشداریکرد لە حکومەتی یەکێتی و پارتی ئەم شەراکەتەش تا ئەو شوێنە بوو کە مەترسی دروستکرد لەسەر دەسەڵاتەکانی مسعود بارزانی و پارتی پەڕڵەمانی داخست و وەزیرەکانی گۆڕانی لە حکومەت دەرکرد.
پێویستە گۆڕان چی بکات.
ئەوەی کە لێرەدە پێویستە بگوترێت ئەوەیە کە سەرەڕای بوونی ئەزمەنێکی پڕ فەشەل و تاڵی گۆڕان لە حکومەتی یەکێتێ وپارتیدا، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش ئێستا گۆڕان سەرگەرمی تاوتوێکردنی پرسی بەشداریکردنە لە حکومەتدا، ئەگەر جاران گۆڕان ئەزمونی نەبوبێت لە شەراکەتی یەکێتێ و پارتیدا، ئەوا ئەمڕۆ گۆڕان خاوەن ئەزمونێکی لەم شێوەیەیە، با گۆڕان پرسیار لە خۆی بکات ئایا پارتی و یەکێتی، بەتایبەت پارتی ڕازیدەبێت ھێزی پێشمەرگە بە نیشتیمانی بکات، مەلەفی نەوت شەفاف بکات ، سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان بانگھێشتێ پەڕڵەمان بکەن، قبوڵدەکات پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم پەیوەندیی نیشتیمانیی بن نەک هی حزب، ئەمانە و چەندین پرسی تریش ھەن کە گۆڕان باش دەزانێت پارتی ھیچ یەکێک لەمانە ناکات، پێویستە گۆڕان بزانێت ئەم پارتیە ھەر ھەمان حزبەکەی دوێنی یە، ھەر ھەمان میتۆد و عەقڵیەتی پێشترە و نەبۆتە فریشتەی دیمۆکراسی.
بۆیە دووبارە ھاوبەشیکردن لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا نەک ھەر ھەڵەیەک ستراتیژییە بگرە ئینتیحاری سیاسیە و گۆڕان بچوکتر دەکاتەوە و دواین بزمار دەبێت لە تابوتی مەرگی گۆڕان دەدرێت.
گۆڕان پڕۆژەیەکی تەواونەبووە، ھێزێکی سیاسیی گرنگ و کاریگەرە بە کۆمەڵێک ئاکار و گوتاری سیاسیی گرنگەوە دەناسرێتەوە کە تاوەکو ئەمڕۆش دەنگی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمەی لەگەڵدایە. بەڵام ئەم بزوتنەوەیە گەر بەرامبەر بە گوتارەکانی خۆی ڕاستگۆ نەبێت
و بەھۆی نوخبەیەکی مەسڵەحەت چیەوە کە پێدەچێت ھەموو شتێک بکەن بۆ پاراستنی ئەو پێگە سیاسییەی کە ھەیانە دووبارە ھاوبەشێتی یەکێتی و پارتی بکاتەوە ئەوا ئەمە، نەک ھەر گۆڕان توشی نوشستێکی گەورە دەبێت، بەڵکو خودی پڕۆژەکە خۆشی ڕووبەڕووی شکستی گەورە و بنەڕەتیی دەبێتەوە. بەمەش زیانێکی گەورە بە پرۆسەی سیاسیی و ھۆشیاریی رەخنەیی و خواستی گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەگەیەنێت.