ئێران ئەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆم
2018-12-01 13:22:22
■ دانا حەمەعەزیز
"ئەگەر پێویست بکا، گژوگیا ئەخۆین تەنها بۆ ئەوەی بۆمبی ناوکیی دروست بکەین" ئەمە قسەی زوڵفەقار عەلی بۆتۆ سەرۆکی ئەوکاتەی پاکستان بوو، دوای یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی هیندستان لە ئایاری ١٩٧٤ دا.
لە بنەڕەتدا پاکستان لەبەرامبەر زەبەلاحیی توانای سەربازیی هندستاندا، داماو بوو. خەرجیی تێچووی بەرگریی تەقلیدی بێ هودە، پاکستانی بەرەو مایەپوچیی دەبرد.
سەرباری تێبینی زۆر لەسەر ئابوری پاکستان، ئیستا بونی نزیکەی 120 بۆمبی ئەتۆم، تا رادەیکی باش گرەنتیی دڵنیایی توانای بەرگری ئەم ولاتەیە.
ئێران، دەوڵەتێکی گرنگی سەر زەویە. بەدرێژایی مێژوو، وەک کیانێکی سیاسی گەورە ی خاوەن ناسنامەی فارسیی-شیعە لەگەڵ عەرەب و دەوروبەرەکەیدا، لە ململانیدایە. دەیان ساڵە ئێران لەبەرامبەر باڵادەستی توانای بەرگری ئاسمانی و تەقلیدی رکابەرەکانیدا، لاوازە. ئەمە لە کاتێکدا لە ڕوی توانای زانستی و بەشەریەوە، لەسەرجەم وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراست (جگە لە ئیسرائیل) پایەدارترە.
خۆ پڕچەککردنی-تەقلیدی ئێران، لەگەڵ ئەوەی ساڵانە دەیان ملیاردۆلار لە داهاتی وڵات هەڵەلوشێ، هەمیشەش بێ هودە پێویستی بە ئەپدەیت و تازە کردنەوە هەیە.
ئەو پارەیەی ئێران لە ساڵێکدا بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگری تەقلیدی خەرجی ئەکا، کەمترە لە خەرجی هەوێنکردنی بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆم کە توانای بەرهەمهێنانی چەندین بۆمبی ناوکی هەیە. بێگومان توانای ماددیی و تەکنۆلۆجیای ئێران زۆر لەسەروو توانای 44 ساڵ پێش ئێستای پاکستانەوەیە و، بێ هیچ گومانێك توانای دروستکردنی هەردوو جۆرەکەی بۆمبی ئەتۆم(پەرتکردن و لکاندن) ی هەیە.
هێشتا دەزگا هەواڵگریەکانی خۆراوا پشتراستیان نەکردۆتەوە، بەڵام سەرەنجام ئێران بەهەر نرخێ بێ، بۆمبی ئەتۆمیی دروست ئەکا، دروستکردنیشی لەسەر کات وەستاوە.
بوونی چەکی ئەتۆم واتای بەکارهێنانی نیە، وەك چۆن ئیسرایل لە ١٩٦٧ و ١٩٧٣ دا دژی میسر و سوریا بەکاری نەهێنا، بەڵام ئەو وڵاتەی خاوەن چەکی ئەتۆمە، مامەڵەکردن لە گەڵ ڕژێمەکەیدا، ئاسان نیە!