کۆمەڵگە بە دیواری مردوو ناپارێزرێت!
2018-11-30 14:45:04
■ لاوك سەڵاح
حیکایەتەکانی پاش جیهانگیری، ئەوانەی کە دونیا دەکاتە یەک گوند، ئەوانەی کە هەموو پێکهاتەکان بێ جیاوازی پێکەوە دەژێن، ئەوانەی لێبوردەیی و مرۆڤەکان سەربەست وئازاد دەکەن بۆ ئەوەی لە کوێ دەخوازن دەتوانن بژێن، ئەمانە لە زنجیرە خەونێکی پڕ درۆ زیاتر نەبوون، لە گەمەیەکی خوێناوی زیاتر نەبوون، راستە گوندەکە هاتە دی بەڵام بووە کوانووی ئاگرین و کڵپەیەک هەمووی وەک مەرەزە سوتاند، ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست روویدا لە شەقامەکانی لەندەن و باریس و ستۆکهۆڵم وئەمستردام و کۆبنهاگن سەدای هەبوو. لە یادتانە؟ چیرۆکی وێنەکردنی کاریکاتۆرەکانی دانیمارکتان لە یادە تەقینەوەکانی پاریس و لەندەن و بازارەکانی سویدتان لە یادە؟
ئەوان، رۆژئاوا، وا تێدەگەیشتن سنوورەکانیان سەلامەتە، کڵپە و پریشکی ئاگر ناگاتە ئەوان، خێزانەکانیان لە پەنجەرەکانیانەوە تەماشای بەفر بارینی سەختی زستان دەکەن و بەئاسانی چێژ لە کریسمس دەبینن، ئێمە وا تێدەگەیشتین ئەوە مێژووی لەعنەتی ئێمەیە کە هەر ئەمە بەرهەم دەهێنێتەوە، ئێمە وا تێدەگەیشتین ئەوە ئێمەین کە ناشرینین، ئێمەین کە هیچیین و لە ماناکانی شارستانی نازانیین و ئێمەین، ئا ئێمەین، دەبێت هەموو گوناهەکە بە تەوێڵمانەوە هەڵواسین، بەڵام لە راستیدا ئێمە نەماندەزانی کە ئەوە هەموو دونیا بوو سەرتاپا ناشرین بوو، دونیا بوو کە ئێمەی کردە مەسخەکەی کافکا و دەیووست دەرزی لە ژینگەیەک بدات و زیاتر نەخۆشی بخات. کە مەسەلەکە دێتە سەر کۆنترۆلکردنی وزە و سەرمایە هەموو سەردەمەکانی خاچ پەرستەکان و موئامەرەکان و کۆلۆنییالیزمەکان و جەنگی سارد زیندوو دەبنەوە، هەموو دەبنە یەک سەردەم و یەک زەمەن.
ئێمە لەگەڵ سەرەتای سەدەیەکی دیکە وامان دەزانی ئەم سەرەتایە جیاوازە لە سەرەتای سەدەکانی پێشوو و جەنگ نابێتە شوناسێکی دیکەی، بەڵام سەد مەخابن، چیرۆک و سەرگوزشتەی جەنگ و شەرانگێزی و مەرگدۆستی سەدەکانی هەر هەمووی پێکەوە گرێدا و لە بری ئەوەی دیوارێک لە بەردەم روودانەوەیاندا هەڵچنرێت، بوونە شێوازێکی دیکە لە تاوان و بێ مروەیی و زیندووکردنەوەی لاپەرە رەشەکانی مێژوو. جەنگەکان هەمیشە بۆ دابینکردن و دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆلکردنی سەرچاوەکانی وزە و سەرمایە بوون، هەر بۆیە جەنگەکانی هەردوو سەدەکە و بەر لەوانیش هەر جەنگی تەماع بوون لە ژێر چەندان ناونیشانی ئایینی و سیاسی و ئایدیۆلۆجی.
ئەوەی لە سیاستەدا روودەدات، رووداوێکی سەرپێیانە نییە، تاقە فیشەکێک نییە کۆتایی بە ژیانی کەسێک بهێنێت و دواتر واتێبگەیت دەتوانیت لاپەرەیەکی نوێی بێگەرد دەستپێبکەیتەوە، وێرانبوونی تاقە خانوویەک و کوشتنی یەک کەس و ژەهراویکردنی ژینگەیەک و بومەلەرزەیەکی بێ زیان نییە، بەڵکو دونیایەک کاریگەری پر مەترسی لەسەر شوناس و کەلتوور و هەموو کایەکانی دیکەی کۆمەڵگە لە مەودایەکی دووردا هەیە، خۆی لە خۆیدا ئەوەندە بەسە کە هەموو حیکایەتەکانی بەرئاگردان لە بری ئەوەی باس لە عەشق و خۆشەویستی نیشتمان و ئازادی و مەردایەتی بکەن دەبنە حیکایەتی جەنگ و قوربانییەکانی و نەوە لە پاش نەوە هەر گوێیان لە سەدای تۆپ و فرۆکە جەنگییەکان و تانکەکان و تارماییەکانی زوڵم دەبێت. بەداخەوە حیکایەتە رەشەکان سپی نابنەوە هەر وەک نەنکم لە منداڵیمدا بە لاوک و حەیرانەوە دەیووتەوە.
لەم سەردەمدا کە ئێمە بووینەتە شاهیدێکی پەرتەوازە و ڵاڵ، توندرەویی و توندوتیژی سیمای هەرە سەرەکییەتی، تۆ بڵێی وێنەی سەربرینی کەسە جل پۆشە پرتەقاڵییەکان لەسەر میدیاکان بە ئاسانی لە یادەوەری و زەینی نەوەکان بسرێنەوە، ئەو جۆرە پەیامانە بە ئاسانی بە سەرتاپا دونیادا بڵاو دەبنەوە، هیچ دەزگایەکی نێودەوڵەتی و هیچ خوڵێکی راهێنان و هیچ دامەزراوەیەکی فیکری لە توانایدا نییە وێنەی ئەو مەرگدۆستییە بگەرێنێتەوە دواوە و لە خەونمانی دوور بخاتەوە ئەگەر دونیایەک کیشور و جوگرافیاش دووربین. ئەو وێنانە چەواشەمان دەکەن بەوەی کە ئەوە گوناهی ئێمە بوو، بەداخەوە نازانین چۆن دەستبەرداری ئەو مێژووە ببین، ناومان و زمان و مێژوومان بەشێکە لەوە، لانی کەم ئەو مێژووە پێویستی بە پرۆسەیەکی هەڵکۆڵین و فۆرمەڵەکردن و فلتەرکردن هەیە.
ئەوە سەرهەڵدانی توندرەوی پێست سپییەکان بوو کە ترەمپی کردە سەرۆکی گەورەتریین وڵاتی جیهان، ئەوە توندرەویی و پۆپیۆلیستی بوو کە لە ناوجەرگەی ئەوروپادا زۆربەی دانیشتوانی وڵاتیک کە بە پایتەختی دارایی ئەوروپا دەژمێردێت کە بریتانیایە ناچار دەکات لە ئەوروپا بێتە دەرێ بە پاساوی پاراستنی سنوورەکانی خۆی و کۆنترۆڵکردنەوەی سەرمایە و سەرچاوە داراییەکانی بۆ پاراستنی شوناسسیان کە لە ژێر هەرەشەدایە، بەداخەوە ئێستا هەموویان پەشیمانن. ئەو وڵاتانەی کە خەڵکی سوریا و عێراق و ئەفگانستان و یەمەن روویان تێکردووە لە ساڵانی رابردوودا وەک دانمارک و فەرەنسا و بریتانیا، توندرەوەکان لە هەڵبژاردنەکاندا یان یەکەم بوون یان رێژەیەکی باشیان لە دەنگ هێناوە. ئەو لێشاوە بووە هۆی خوڵقاندنی تەوژمێک لە نیگەرانی و ناسەقامگیری و ترس لە نێو کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا، ترس لەوەی وڵاتێک یان شارێک یان گوندێک شوناسی ئەوروپی بسرێتەوە، ئەو ترسە زیاتر لە نێو ئەو چیینەن کە لەسەر کاری رۆژانە دەژێن، ئەوانەن کە زیاتر سەر بە چینی کڕێکارانن، ئەوانەن کە بێبەشن لە سەرمایەی وڵاتەکەیان.
ئەو تەوژمە راستڕەوە توندرەوانە و رەگەزپەرستانە و پۆپیۆلیستانە هەروا سەرپێییانە سەرهەڵنادەنەوە تا لە برۆکسلەوە داوای سەروەری لەندەن بکەنەوە، بەداخەوە حکومەتەکان چەپبن یان راسترەو دیموکرات بن یان کۆماری ملکەچی ئەو تەوژمە دەبن بۆ ئەوەی بێنەوە بە هەر نرخێک بێت حوکم بکەن، مەبەستی سەرەکی ئەو تەوژمە سیاسیانە سەرمایە و دەستەڵاتە.
واچاوەڕوان دەکرێت وڵاتێکی وەک سوید لە ساڵی ٢٠٥٠ رێژەی دانیشتوانە موسڵمانەکەی بگاتە ٣٠% کۆی دانیشتووانی، رەنگە سیاسەتی ئەوروپی رێگربێت لەوەی خەڵکی دیکە رووی تێبگات و بتوانیت دیوارێکی مردوو هەڵچنێت بەڵام چۆن دەتوانێت کۆمەڵگەیەک دامەزرێنیت لەگەڵ ئەو رێژەیەدا کە لە خۆی ناکات و مامەڵەی لەگەڵ بکات، چۆن لە مەکتەب وشوێنی کارکردن و خێزان و حکومەت و هەموو بوارە گشتییەکانی دیکە پێکەوە کار دەکەن. کۆمەڵگەیەک و کەلتورێك ماچ قەدەغە دەکات و کۆمەڵگەیەک و کەلتورێک ماچ بێ بەها دەکات.
کارکردنی ئایینە ئاسمانییەکان و گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە پێکەوە کاری کردەیە لەهەر جوگرافیایەکدا بێت ئەگەر لایەنە باشەکانی ئەم کۆڵەکانە ببنە سەرچاوەی پێکەوە ژیان، ئەو کاتەی دامەزراوەکانی مزگەوت و کلێسە لە سنوورەکانی خۆیاندا لە ئامادەیی میراتێکی سیاسی دادپەروەرانەدا کاردەکەن، هەم زەنگەگانی کلێسە و هەم بانگ و دوعاکانی مزگەوت لە رەوتی خۆیاندا بە کۆمەڵگە نامۆ نابن و دەبنەوە سەرچاوەی لێبوردەیی.