Draw Media

هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌ كۆتا ڕۆژه‌كانی ژیانی سیاسیدا تێپه‌رده‌بێت

هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌ كۆتا ڕۆژه‌كانی ژیانی سیاسیدا تێپه‌رده‌بێت

2018-11-30 09:19:25


■ سەرتیپ وەیسی كەریم 

ئایا باڤڵ تاڵه‌بانی كۆتایی به‌ژیانی سیاسی دایكی هێنا ؟
له‌ دوای نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ نێو یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، بڕیاری یه‌كه‌م  و كۆتایی له‌سه‌ر بابه‌ته‌ چاره‌نووسازه‌كان ده‌دا، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی دایكی باڤڵ و قوباد تاڵه‌بانی بوو.
هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ دوای نه‌مانی مام جه‌لال، له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی جگه‌ له‌وه‌ی له‌ڕووی ڕێكخستنه‌وه‌ خاوه‌نی گه‌وره‌ترین باڵی سیاسی بوو، له‌ هه‌مانكاتدا هیچ ڕۆڵێكی بۆ جێگرانی سكرتێری گشتیی یه‌كێتی، له‌ڕووی دیاریكردنی كاندیده‌كان بۆ نێو حكومه‌تیش نه‌هێشتبوویه‌وه‌.
به‌هێزی ئه‌و ژنه‌ له‌ ساڵی 2016، هه‌ریه‌ك له‌ ( كۆسره‌ت ڕه‌سول و به‌رهه‌م ساڵح)ی ناچاركرد ناوه‌ندی بڕیار دروستبكه‌ن، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ی ئه‌و حزبه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، دواتر جگه‌ له‌به‌رهه‌م ساڵح زۆربه‌یان به‌بێ هیچ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ به‌ ئیحراجیه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌.
هێرۆئیبراهیم ئه‌حمه‌د، به‌وه‌ناسراوه‌ زۆر حه‌زی له‌ گوێگرتنی قسه‌ی سه‌ركرده‌كانی حزبه‌كه‌ی نییه‌و كه‌میش ده‌دوێت، به‌ڵام له‌ بڕیاره‌ گرینگ و چاره‌نووسازه‌كان به‌ هه‌مه‌هه‌نگی و ڕاوێژ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی نزیكی خۆی،  بڕیاری ده‌داو حسابی بۆ هیچ كه‌س نه‌ده‌كرد.
ده‌وترێ به‌شێكی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی ناوبراو له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی حزبه‌كانی، په‌یوه‌ندی به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی له‌سه‌رده‌می مام جه‌لاله‌وه‌ به‌باشی ده‌ناسی، كه‌ چه‌نده‌ بچووك بوون له‌به‌رامبه‌ر مام جه‌لال و، هه‌مووجار داوای به‌رژه‌وه‌ندیه‌ شه‌خسییه‌كانیانی خۆیان له‌ ئه‌و  ده‌كرد.
ئه‌و ڕۆڵه‌ی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌رده‌وام بوو، تاوه‌كو چه‌ند مانگی ڕابردوو، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ پێشبینییه‌كان باڤڵ تاڵه‌بانی له‌وكاته‌ی له‌ نێو بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی ڕۆڵی پێدرا، له‌ هاتنه‌پێشه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی ناوبژیوانی و چاره‌سه‌ره‌كردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان، هاوكێشه‌كان به‌جۆرێكی دیكه‌ ئاڵوگۆڕی به‌سه‌رداهات.
باڤڵ تاڵه‌بانی، به‌ بیانوی گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كێتیی بۆ سه‌رده‌می مام جه‌لال و سیاسه‌تی "چه‌پگه‌ گوله‌كه‌"، ده‌رگای بۆ نه‌یارانی دایكی كرده‌وه‌، ورده‌ ورده‌ ڕۆڵی دایكی له‌ ناو حزبه‌كه‌ی لاوازكرد، ئه‌وه‌بوو به‌بێ خواستی دایكی به‌رهه‌م ساڵحی گه‌ڕانده‌وه‌ نێوحزب و پشتگیری توندیشی لێكرد له‌ مه‌سه‌له‌ی بوون به‌ سه‌رۆك كۆمار، ده‌توانین بڵێین له‌و كاته‌وه‌ كۆتاییه‌كانی ژیانی سیاسی هێرۆش ده‌ستیپێكرد.
له‌دوای ئه‌وه‌ كوڕه‌ سه‌ر شێته‌كه‌ی  مام جه‌لال هیچ حسابێكی بۆ دایكی نه‌كرد، له‌مه‌سه‌له‌ی گرینگیدان به‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح، له‌وكاته‌وه‌ دایكی له‌ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ به‌ته‌واوی تێكشكاوه‌و، ئه‌وانه‌ی له‌ نزیكیه‌وه‌ن به‌ باشی ئاگاداری ئه‌م حاڵه‌ته‌ن.
ئه‌وكاته‌ی به‌رهه‌م ساڵح بووه‌ سه‌رۆك كۆمار (له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ) له‌ دوای چه‌ند ڕۆژێك هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ڕووی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ به‌ ته‌واوی تێكشكاو، به‌ ناچاری بۆماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك به‌ هاوه‌ڵی خوشكێكی سلێمانی به‌ره‌و لوبنان جێهێشت، هه‌موو خوله‌كێكیشی له‌ خه‌فه‌تی كوڕه‌كه‌ی به‌ جگه‌ره‌و قاوه‌ به‌سه‌رده‌برد.
ئێستا كچه‌كه‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، له‌ كۆتا ڕۆژه‌كانی ژیانی سیاسی ده‌ژی و ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو مانگیشه‌ به‌ژداری كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی ناكات، به‌پێی زانیارییه‌كان ئه‌گه‌ر بشگه‌ڕێته‌وه‌ پێشبینیده‌كرێت تاوه‌كو كۆنگره‌ی داهاتووی ئه‌و حزبه‌ به‌رده‌وام بێت و دواتر خۆی هه‌ڵنه‌بژێرێته‌وه‌.
له‌ نێو بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی ئێستا ئه‌وه‌ی بڕیارده‌دات و بۆته‌ نوێنه‌ریان باڤڵ تاڵه‌بانیه‌، چونكه‌ له‌م نێوه‌نده‌دا قوباد تاڵه‌بانیش به‌بێ كه‌س ماوه‌یه‌، چونكه‌ ناوبراو هه‌میشه‌ دایكی به‌ پیشتگیری گه‌وره‌ی خۆی زانیوه‌، زۆرجاریش به‌ "سیستانی" نێو حزبه‌كه‌ی  ناویده‌برد، تاوه‌كو ئه‌و له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌بوو كه‌س له‌ نێو ئه‌و حزبه‌دا نه‌یتوانی ڕێگری لێبكات، به‌ تایبه‌ت له‌مه‌سه‌له‌ی حكومڕانی.
له‌گه‌ڵ هاتنه‌پێشه‌وه‌ی باڤڵ تاڵه‌بانی و دووركه‌وتنه‌وه‌ی دایكی،  چه‌ندین كاریگه‌رو لێكه‌وته‌ی ناوخۆی له‌ نێوه‌ ئه‌و حزبه‌ ده‌ركه‌وتوون و ڕوویانداوه‌ له‌وانه‌ :
*به‌هێزبوونی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح و ئه‌و سه‌ركردانه‌ی لێیانه‌وه‌ نزیكن.
*بێهێزبوونی هه‌ژموونی ماڵی مام جه‌لال، چونكه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌وان هه‌یانبوو ئێستا به‌شێكی لای باڤڵ تاڵه‌بانی ماوه‌ته‌وه‌، به‌شێكی زۆریشی چۆته‌ لای كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و به‌شێكیشی لای كه‌ركووكییه‌كانی ناو یه‌كێتی، كه‌ پێشووتر له‌سه‌ر هێرۆخان و ماڵی مام جه‌لال حساب بوون.
* بێهیزبوونی قوباد تاڵه‌بانی و كه‌سه‌ ده‌ره‌جه‌ دوو سێیه‌كانی نێو ماڵی مام جه‌لال.
* لاهور تاڵه‌بانی كه‌ پێشووتر تاڕاده‌یه‌كی زۆر نوێنه‌رایه‌تی ماڵی مام جه‌لالی ده‌كرد، ئێستا خۆی و باڵه‌كه‌ی له‌م نێوه‌ندا یاری سیاسی ده‌كه‌ن،  له‌گه‌ڵ ماڵی مام جه‌لال و باڵه‌كانی دیكه‌ وه‌كو یه‌ك مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن و،  خاوه‌نی باڵی تایبه‌ت به‌خۆیانن.
* جاران ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر ناوه‌ندی بڕیار حسابوون كێشه‌ی داراییان هه‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بووه‌ سه‌رۆك كۆمار، زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یانه‌ چاره‌سه‌رده‌بێت.
* مه‌لا به‌ختیار كه‌ كه‌سێكی به‌هێزبوو له‌ نێوخۆی حزبدا، تاڕاده‌یه‌كیش ته‌گه‌ره‌بوو له‌به‌رده‌م كۆسره‌ت ڕه‌سول و به‌رهه‌م ساڵح، ئێستا له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ نه‌ماوه‌و له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌شی چاوه‌ڕێ ناكرێت ڕۆڵی پێشووتری هه‌بێت.
*به‌رله‌وه‌ی هێرۆ ئبیراهیم ئه‌حمه‌د پاشه‌كشه‌ بكات، زۆربه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی له‌ حاڵه‌تی ناكۆكی نێوان بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ،  ده‌چوونه‌ پاڵ ماڵی مام جه‌لال و هێرۆخان، به‌ڵام ئێستا له‌ نێوان باڤڵ و ماڵی كۆسره‌ت، ئه‌وه‌ی دووه‌میان هه‌ڵده‌بژێرن.
* له‌دوای بێهزبوونی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی، ئێستا زۆربه‌ی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندو ئۆڕگانه‌كان سه‌ر به‌ كۆسره‌ت ڕه‌سول و لاهور شێخ جه‌نگین.
* هه‌تا ماڵی مام جه‌لال و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌هێزبوون، هیچ باڵ وسه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتیی نه‌یده‌توانی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ماڵی بارزانی و پارتی، به‌ ئه‌ندازه‌ی ماڵی مام جه‌لال تێبپه‌رێنێت، به‌ڵام ئێستا هه‌موویان به‌یه‌ك چاو سه‌یرده‌كرێن لای پارتی.
* به‌هێزبوونی كوڕه‌كانی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، چونكه‌ ئێستا قسه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ده‌كرێت یه‌كێك له‌ كوره‌كانی ناوبراو بچێته‌ ده‌سته‌ی كارگێری، یاخود لێپرسراوی مه‌كته‌بی ڕێكخستن،  هه‌روه‌ها قه‌سه‌ش له‌سه‌رئه‌وه‌ده‌كرێت یه‌كێك له‌ كوره‌كانیشی ببێته‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران.
ڕاسته‌ جێگرانی سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی باڤڵ تاڵه‌بانیان هێنایه‌ پێشه‌وه‌و كردیانه‌ پاڵه‌وان، به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌كیان دوورخستنه‌وه‌ی دایكی بوو له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی خودی كوڕه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌، كه‌ ساڵانێكی زۆر به‌هه‌موو هێزی خۆیان نه‌یانتوانی ئه‌و كاره‌بكه‌ن.
به‌ نسبه‌ت كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح، تێشكاندنی و بچووكردنه‌وه‌ی باڤڵ تاڵه‌بانی زۆرئاسانتره‌، به‌راورد به‌ هێرۆخانی دایكی، بۆیه‌ به‌وكاره‌ی ئه‌نجامیاندا جگه‌ له‌وی هێزی ماڵی مام جه‌لالیان په‌رت و بڵاو تێكشكاند، ده‌توانین بڵێین تاڕاده‌یه‌كی زۆریش كۆتاییان به‌ یه‌كگرتووی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی هێناو، ڕه‌نگه‌ له‌ كۆنگره‌ی داهاتووی ئه‌و حزبه‌دا ماڵی مام جه‌لال نه‌تواننن به‌ به‌هێزی ده‌ربكه‌ون، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ژیانی سیاسی دایكیشی كۆتایپێهێنا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand