یەکێتی و پارتی بۆچی نوێنەرایەتی داگیرکەران ئەکەن؟
2018-11-29 11:46:57
■ ئومێد حەمە عەلی
(لەپەراویزی هەڵکوتانە سەر تەڤگەری ئازادیدا)
بەداخەوە ئەو دوو حیزبە بە شێوەی جیاواز و لەئاستی جیاوازی سیاسی, ئابوری و سەربازیدا لەم بستە خاکەی نیشتماندا, نایانەوێ نمایندەی خواست و بەرژەوەندی میللەتەکەی خۆیان بن, نایانەوێ هەرگیز چاکەی کۆمەڵگەی کوردستان بپارێزن. لەبەرئەوەی رەوایەتی راستەقینەی دیموکراتیشیان نییە, بەردەوام بە پشتبەستن بە داگیرکارانی کوردستان دەسەڵاتدارێتییان درێژدەکەنەوە.
ئەوەی ئیستا یەکێتی بۆ دەوڵەتی تورکیا و لەبەرانبەر تەڤگەری ئازادیدا دەیکات بە بیانوی نایاساییبونەوە, تەنیا ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی ئەو ئیشکردنە بەردەوامانەیان کە بۆ دەوڵەتانی داگیرکەر دەیکەن. ئەمانە غەرقی ئەو خیانەتە بوون, کە مێژووی ئێمەی والێکردووە, ئینسان لە خویندنەوەیدا شەرمەزاریی بکێشێت.
کێشەی گەورەی کۆمەڵگەی ئێمە ئەوەیە تا ئێستا هیچ پێناسە و روانینێکی راستەقینە و پتەوی بۆ خیانەت و نیشتمانپەروەریی نییە, یان ئەسڵەن بیرکردنەوە لەم بارەیەوە هیچ جێگایەک لە ژیانی خەڵکی ئێمەدا داگیرناکات, ئەگەرنا یەکێتی و پارتی لەدوای سی و یەکی ئاب و شازدەی ئۆکتۆبەر و نوێنەرایەتی و نۆکەرایەتی رۆژانەی داگیرکەران, چۆن دەکرێ ئینسانێک هەبێ خۆی بە خاوەن ئەقڵ و بیرکردنەوەیەکی نیشتمانی, ئینسانی و نەتەوەیی راست بزانێ, بەڵام هێشتا ئەو دوو حیزبەی وەک دوو گروپی سەربە داگیرکەران نەناسیبێت؟
ئەمەی ئێستا یەکێتی دەیکات پەیامێکە بۆ هەمو کوردستانیان لە پارچەکانی دیکە, باکور و رۆژئاوا, کە هیچ هێلێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ ئەم هێزە بوونی نییە و هەڵویستەکان بە پێی ئاراستەی نوێنەرایەتیکردنی داگیرکەران دەگۆڕێ, هەروەک ئەوەی پارتی بەرانبەر رۆژئاوا و باکور کردویەتی پیشاندانی رووی راستەقینەیانە بە گەلەکەمان لە رۆژهەڵات , کە بۆ ئەم حیزبە هەلوێستەکان بەپێی ئاراستەی پەیوەندی بە داگیرکەرانەوە دەگۆڕێ.