Draw Media

پێشبڕكێ له‌سه‌ر خیانه‌ت!

پێشبڕكێ له‌سه‌ر خیانه‌ت!

2018-11-28 18:54:45


■ د.كامه‌ران مه‌نتك
 چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر وتارێكم له‌ ژێرناوی له‌ ره‌خنه‌وه‌ بۆ ئه‌لته‌رناتیڤ نووسی و له‌ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی بڵاوكرایه‌وه‌، له‌و وتاره‌دا ئاماژه‌م به‌وه‌ كردبوو كه‌وا قۆناغی ره‌خنه‌گرتن له‌و دووحیزبه ‌به‌ كۆتا هاتووه‌و پێویسته‌ رۆشنبیرو ئه‌لیتی كوردی(ئه‌گه‌ر هه‌بێت)، به‌ دوای ئه‌لته‌رناتیڤدا بگه‌ڕێ و چیتر له‌ مه‌داری ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌ سیاسیه‌ی كوردستان نه‌خولێته‌وه‌و زیاتر نه‌یانكات به‌سه‌نته‌ر، له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ ئه‌گه‌ر قۆناغی زه‌مه‌نی خۆی تێپه‌ڕاند، هه‌م خۆی و هه‌م هه‌موو كایه‌و به‌هاكانی تری ناو كۆمه‌ڵگاچرووك ده‌كات! چونكه‌ كاتێك ره‌خنه‌ ده‌گیرێت، كه‌ بوارێك مابێت بۆ چاكسازی و شوێنێكی بێ په‌ڵه‌ی خیانه‌ت مابێت له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌و دوو هێزه‌ی كوردستان!، ناكرێت ره‌خنه‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر هیزو كه‌سان و بنه‌ماله‌یه‌ك، كه‌ پێشبڕكێیان بێت له‌سه‌ر خیانه‌ت، ته‌نانه‌ت مانه‌وه‌ی خۆیان له‌سه‌ر ده‌ستی داگیركه‌ران و دوژمنانی كوردستان ببیننه‌وه‌و شه‌ڕی مه‌سه‌له‌ی كوردیان له‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان بۆ بكه‌ن!،وایده‌بینم، كه‌ له‌ لایه‌ك ئه‌و هیزانه‌ خۆیان پاڵپشتی ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژه‌و مه‌هزه‌له‌یه‌ بكه‌ن، كه‌ به‌ناوی ره‌خنه‌و ره‌خنه‌كاریه‌وه‌ ده‌كرێت و له‌ پشت په‌رده‌وه‌ ده‌ستی یارمه‌تی بۆ درێژ بكه‌ن، كه‌ بازاری ئه‌وان گه‌رم ده‌كات و وه‌ك سه‌نته‌ر ده‌یانهێڵێته‌وه‌، وا نیشانی خه‌ڵك ده‌دات، كه‌ ئه‌وان تاكه‌ هێزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانین و ئه‌لته‌رناتیڤیان نیه‌، ته‌نانه‌ت له‌و هێزانه‌ش باشترن، كه‌ ده‌یانه‌وێت وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤ بێنه‌ پێشه‌وه‌. له‌ لایه‌كی تر نیشانه‌ی ئیفلاسی سیاسی و هزری خودی ره‌خنه‌ گره‌كانه‌! تۆ چ ره‌خنه‌یه‌ك له‌ هێزێك ده‌گری، كه‌ پیرۆزترین به‌هاكانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ پێناو مانه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیدا به‌كارده‌هێنێت، ئه‌و ره‌خنه‌ چرووكانه‌، خۆیان هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌و شێوه‌ ترسناكه‌ دووچاری بێ ئومێدی بووبێت!، گومانی تیا نه‌ماوه‌ كه‌وا ئه‌و هێزه‌ بێ ئیرادانه‌ی كوردستان ده‌ست له‌ناو ده‌ستی داگیركه‌ران شه‌ڕی میلله‌تی كورد ده‌كه‌ن، كاتێك به‌رده‌وام ره‌خنه‌ له‌و هێزانه‌ ده‌گیرێت و وه‌ك هێزی سه‌ره‌كی وێنا ده‌كرێن و ده‌خرێنه‌ به‌رچاوی خه‌ڵك، واتای ئه‌وه‌یه‌ ره‌خنه‌گرتنیش له‌و جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ پاشاگه‌ردانیه‌كی بیركردنه‌وه‌یه‌و ده‌رگا به‌ رووی گه‌ڕان به‌دوای هه‌ر ئه‌لته‌رناتیڤێگی تر داده‌خات، ره‌نگ یه‌كێك له‌ هۆیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و فه‌وزاو بێ هیواییه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، ئه‌و به‌ناو ره‌خنانه‌ دروستیان كردوه‌! كه‌ جگه‌ له‌ قسه‌ی بازاڕی و جوێنی مه‌ده‌نی و شارستانیانه‌ زیاتر هیچی تریان پێ نیه‌! گۆڕینی میكانیزمی به‌ناو خه‌باتێك، كه‌ نزیكه‌ی سه‌د ساڵ له‌ته‌مه‌نی ئه‌و میلله‌ته‌ی داگیر كردبێت، به‌و جۆره‌ ره‌خنانه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت، كه‌ له‌هه‌مان ژینگه‌و به‌ هه‌مان شێوازی بیركردنه‌وه‌ هه‌ناسه‌ ده‌دات! هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ ئۆپۆزسیۆنیش له‌و هه‌ریمه‌ به‌قه‌ده‌ر ده‌سه‌ڵات چرووك بووبێت، ئه‌گه‌ر زیاتریش نه‌بێت!!! وازیان لێبێنن با به‌رده‌وام بن له‌ خیانه‌ته‌كانی خۆیان، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ ره‌خنه‌یان لێبگرین، با هه‌وڵ بده‌ین به‌ شێوازیكی تر هه‌وڵه‌كانی ئه‌و میلله‌ته‌ ئاڕاسته‌ بكه‌ین، پێویسته‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ئه‌قڵانی ئه‌و ژێرخانه‌ ئایدیۆلۆژیه‌ دیماگۆكیه‌ هه‌ڵته‌كێنین، كه‌ نزیكه‌ی سه‌د ساڵه‌ ره‌گی له‌ كوردستان داكوتاوه‌، پێویسته‌ وازیان لێبینین بۆ خیانه‌ته‌كانی خۆیان، تازه‌ ئه‌وانه‌ بواری چاككردنه‌وه‌یان تیادا نه‌ماوه‌، تاكه‌ رێگا ئه‌وه‌یه‌ وه‌كو خیانه‌تكارێكی نیشتمانی بخرینه‌ به‌رده‌م دادگاكان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ هیزی نوێ و له‌سه‌ر بنه‌ماو میكانیزمێكی نوێ له‌ هه‌ریمی كوردستان دروست بكرێت، كه‌ ئه‌و میكانیزمه‌ی له‌ سه‌د ساڵی رابردوودا گیراوه‌ته‌ به‌رو، تووڕ هه‌ڵبدات و بیخاته‌ زبڵدانی مێژوه‌وه‌!، به‌مه‌ش ده‌توانریت هێزی خه‌ڵك له‌و بێ هوده‌یی و پاشاگه‌ردانیه‌ رزگار بكرێت، ئه‌وانه‌ ده‌بێت وه‌كو جاش و مه‌فره‌زه‌ تایبه‌تیه‌كانی سه‌رده‌می به‌عس ته‌ماشا بكرێن، كه‌ هه‌ر رۆژه‌ی قۆنته‌رات له‌ ده‌وڵه‌تێكی هه‌رێمی ده‌گرن، نه‌ك وه‌ك هێزێكی نیشتمانی و ره‌خنه‌یان ئاڕاسته‌ بكرێتا!!! كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ خاڵیك بۆ ره‌خنه‌گرتن دابنریت و سه‌ره‌تایه‌ك بۆ قۆناغێكی نوێ دابڕێژیت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand