هیچ نیشتمانی بونێک نابینم
2018-11-28 17:34:34
■ بەرهەم مستەفا
ئەوگەلانەی کەخەمی وڵاتەکەیان وەک خەمێکی نیشتمانی سەیرئەکەن ، یاخود دەستکەوت و دامەزراوەکان وەک بابەتێکی نیشتمانی سەیر ئەکەن بە سەدان ساڵ و هەزاران هەنگاو لەپێش میلەتی کوردەوەن.. بەنمونە ..
پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق: لەجیاتی ئەوەی بۆکورد وەک پۆستێکی نیشتمانی بێت ، کەچی پۆستێکە بۆ حیزبێکی دیاریکراوە لەڕووی دەستکەوتی مادی و مەعنەوییەوە ، هەربۆیە بۆ بەشێکی زۆر لەکورد لەجێی نەبوونە.
پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم : ئەم پۆستە لەجیاتی ئەوەی پۆستێک بێت بۆ پاراستنی سیادەی کورد و دۆزەکەی ، لەجیاتی ئەوەی پۆستێک بێت بۆ نیشتمان ، کەچی پۆستێک بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزبێک و هەندێک جار دەبوە دەمڕاستی ویستێکی حیزبی ، هەربۆیە حیزبێکیش بڕیاڕیدا پەرلەمان بکاتە قوربانی ئەم پۆستە حیزبیە.
پەرلەمانی کوردستان : ئەم دامەزراوە گرنگە چونکە ڕێگر بوون لەوەی دامەزراوەیەکی نیشتیمانی بێت ، هەستان بەوەی زەلیلیان کرد لەبەردەم دیوەخانی حیزب و حکومەت ، واتە لەدامەزراوەیەکی نیشتمانیەوە کردیانە کەلاوەیەکی حیزبی و بێ ئەرزشیان کرد .
پەرلەمانتاران و وەزیرە کوردەکان لەبەغداد : وتمان ئەمانە لانی کەم دوورن لەدامەزراوەکانی هەرێم ، کەم تازۆر خەمێکی نیشتمانی لەکۆڵ دەگرن ، هیچ نا لەبەرئەوەی بەرامبەرەکەمان عەرەبی سوننە وشیعەن ، بۆیە هەموو هەنگاوەکانی ئەمان نیشتمانی ئەبێت ، کەچی دەرکەوت نەک نیشتمانی نەبوون ، بەڵکو بازرگانی و حەپەلوشی پارە و خۆدەوڵەمەندکردنی شەخسی کاری سەرەکیان بوو ، ئەم کەسانە نەک نیشتمانی نەبوون ، بگرە بەشێوەیەک ژیانی خۆیان گۆڕی کە نیعمەتی عێراق ، ئازارەکانی نیشتمانی لەبیر بردنەوە ، کاریان بوەتە گۆڕینی ڤێلا و ئۆتومبێل و تەندەرو مامەڵەی بازرگانی ، جارجارێکیش لە تیڤیەکانەوە وەک پەرۆشێک بۆ خەڵکی کوردستان، تەمسیلی و خۆنواندنێک نیشان ئەدەن کەجگە لەژاوەژاوێکی سیاسی هیچ بەرهەمێکیان نەبووە .
هێزی پێشمەرگە : هەموو خەمێکی ئەم گەلە بەشمەینەتە ، ئەوەبوە کە کورد وەک قەوارەیەک لەم عێراقی ڕافیدەینەدا و لەئێستادا خاوەنی هێزێکی نیشتمانی بێت ، ..کەچی نەک ئەم ویستە نەهاتۆتە دی ، بگرە هێز ، هێزی حیزبە ، لەمەش ماڵوێرانتر هێز ، هێزی کەسەکانە.
حکومەتی هەرێم : لەجیاتی حکومەت ، حکومەتی هاوڵاتی بێت ، ئەوا بوەتە حکومەتێک لەشێوەی کۆمپانیادا و کاریان پاراستنی مەساڵحی ئابوری و بەهێزکردنی پێگەی حیزبە ..
ئەم حکومەتە نەک نەیتوانیوە دووئیدارەیی کاڵ بکاتەوە بەڵکو لەسایەی حکومەتی کۆمپانیادا هەمیشە دووئیدارەیی و دوو زۆنی تۆختر ئەبێتەوە ، کاری ئەم وەزیر لەملا باش ئەڕوات و لەولاش خراپ ئەڕوات ..
سامانی سروشتی : لەدنیای دەوڵەتداریدا ئەبێت سامان ،سامانی نیشتمانی بێت ، خەڵک بەشەفافی ئەم مەلەفە ببینێ و هەنگاوەکانی بەڕێوەچونی پەرلەمان ئاگاداری بێت ، کەچی ئەم بابەتە نەک نیشتمانی نیە ، بگرە حیزبیشی تێپەڕاندوەو چەند کەسێک کە بەپەنجەکانی دەست دەژمێردرێن ئاگادارن . بۆیە لەم هەرێمەدا هیچ شتێکی نیشتمانی نیه ، تەنها لەسەرکاغەز ویستی نیشتمانی هەیە ، ئەوەی هەیە حیزب ئەیبڕێ و ئەی دروێت ..