Draw Media

ئاماژە شاراوەكانی ناو بەرنامەكەی كابینەی عادل عەبدولمەهدی

ئاماژە شاراوەكانی ناو بەرنامەكەی كابینەی عادل عەبدولمەهدی

2018-11-28 07:27:25


■ فەرید ئەسەسەرد

بەرنامەی كابینەی تازەی عیراق كە مانگی رابردوو سەرۆكی حكومەت عادل عەبدولمەهدی پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی كرد، لە كوردستان كەمترین بایەخی پێ‌ درا، لە كەناڵە ئاسمانییەكان بە دەگمەن قسەی لەسەر كراو لە رۆژنامەكاندا زۆر كەمی لەسەر نوسرا. رەنگە هۆی بایەخ نەدان بە بەرنامەی كابینەكەی عەبدولمەهدی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە لە كوردستاندا هیچ كابینەیەكی تازە بەرنامەیەكی شایستەی پێشكەش نەكردووەو هەموو بەرنامە پێشكەشكراوەكان لە ریزكردنی وشە هیچی تر نەبون ‌و پەرلەمانی كوردستان بە پەلە و بەبێ‌ هیچ گفتوگۆیەك دەنگی پێ‌ داوەو دواتریش لەبیر چۆتەوەو كەس بەلایدا نەچوە. لە راستیدا لە نەریتی سیاسیدا بەرنامەی حكومەت بایەخێكی زۆری هەیە و گوزارشت لە تێڕوانین ‌و فەلسەفەی حكومەت دەكاو رۆشنایی دەخاتە سەر ئاراستەی سیاسیی چوار ساڵی ئایندە. بەرنامەكەی عەبدولمەهدی لانی كەم هەشت بابەتی تێدایە كە كەم تا زۆر و بە شێوەیەكی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە. بەرنامەكە بە تەواوی خۆی بە دەستورەوە پابەند كردووە كە ئەمەش لە كاتی دانوستانی پێكهێنانی حكومەتدا داوای سەرجەم لایەنە كوردییەكان بووە، هەروەك حكومەت خۆی بەوە پابەند كردووە كە كار بۆ دەركردنی هەموو ئەو یاسایانە دەكات كە دەستور ئاماژەی پێ‌ داون ‌و هێشتا دەر نەكراون، كە ئەمەش هەر یەكێ‌ لە داواكانی كورد بووە.
بەرنامەكە لە خاڵێكدا مەسەلەیەكی گرنگی وروژاندووە ئەویش مەسەلەی یەكخستنی فەلسەفەی یاسادانانە و ئاماژەیەكی روونی بەوە داوە كە لە یاساكانی لە مەولادا، دەبێ‌ ئەوە لەبەرچاو بگیرێ‌ كە عیراق "یەك دەوڵەتی فیدرالە" ‌و سیستەمەكەی پەرلەمانییە. دەقەكە ناچێتە سەر وردەكاری بەڵام دەشێ‌ هەندێ‌ مەبەستی لەپشتەوە بێ‌ ‌و لە ئایندەدا دەركەوێ‌. 
بەڵام یەكێ‌ لە گرنگترین ئەو بابەتانەی كە بەرنامەكە خۆی پێوە پابەند كردووە، جێبەجێ‌ كردنی سێكتەری چوارەمی دەستورە كە تایبەتە بە دەسەڵاتە فیدراڵی ‌و هاوبەشەكان كە ئەمەش ئاماژەیەكی ناراستەوخۆ، بەڵام روون، بۆ سیاسەتی داهاتووی حكومەتی فیدرال بۆ بەدەستهێنانەوەی پشكی خۆی لە دەسەڵاتە هاوبەشەكان نیشان دەدا كە بە كردەوە پرسی دەروازە سنورییەكان ‌و گومرگەكان ‌و سەرچاوەكانی ئاو و بەنداوەكان دەگرێتەوە، بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە تەواوی ماددەكانی پەیوەست بە نەوت ‌و گازی سروشتی، واتە ماددەی 111 ‌و ماددەی 112 بە هەردوو بڕگەكەیەوە لە چوارچێوەی دەروازەی چوارەم دان. ئەمە بەم واتایە دێت كە كابینەی تازەی حكومەتی هەرێم دانوستانێكی دژواری لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دەروازەی چوارەمی دەستور لەبەردەم دایە.
بەرنامەكە لە دوو شوێن ناوی هێزی پێشمەرگە دێنێ‌. لە دەقی یەكەمدا كە روخسارێكی گشتی بەسەریدا زاڵە، سوپا و حەشدی شەعبی ‌و پۆلیس ‌و پێشمەرگەی یەكسان كردووە بە یەكترو هەمووشی وەك بەشێكی هێزە چەكدارەكان ناسیوە. بەڵام لەبەر ئەوەی دەقەكە بە تەمومژی داڕێژراوە، دەكرێ‌ لێكدانەوەی ئەرێنی ‌و نەرێنیی بۆ بكرێ‌، لە كاتێكدا هیچ پێوەرێك بۆ زاڵ كردنی هیچ كام لە بژاردە ئەرێنی ‌و نەرێنییەكان نیە. بەڵام دەشێ‌ دەقی دووەم رۆشناییەكی زۆرتر بخاتە سەر بابەتەكە. دەقەكە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ هەندێ‌ مەیلی سەنترالیستی دەكا، بەڵام زۆر بە روونی سێكوچكەی سوپا و حەشدو پێشمەرگە دەكاتە بنەماو هەرسێكیان دەخاتە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان كە سەرۆكی حكومەتی فیدرالە.
بەرنامەكە بە هیچ چەشنێك ناوی ماددەی 140 ی نەهێناوە بەڵام بە روونی ئەوەی لەسەر كابینەی تازە كردووە بە ماڵ كە چارەسەر بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو حكومەتی هەرێمی كوردستان بدۆزێتەوە بەتایبەتی كێشەكانی دارایی ‌و نەوت ‌و ناوچە جێناكۆكەكان. روونیی دەقەكە قەرەبوی ناو نەهێنانی ماددەی 140 دەكات، بەڵام دەشێ‌ ئەمە بەم واتایەش بێت كە مەرج نیە چارەسەرەكە لە چوارچێوەی ماددەی 140 دا بێ‌، بەتایبەتی كە لە دەقەكەدا بابەتی دارایی ‌و نەوت تێخزێنراونەتە ناو رستەكەوە، هەرچەند ئەم دوو بابەتە پەیوەندییان بە ماددەی 140 وە نیەو هەر لە بنەمادا پێویستی بە باس كردنیان نە دەكرد، چونكە پێشتر لەو دەقەی كە باسی دەروازەی چوارەم دەكا، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باس كراون، بۆیە باس كردنەوەیان شتێكی تازەی تێدا نیە.
بەرنامەكە پرسێكی دیكەی گرنگی وروژاندووە كە حكومەتی هەرێم لەوەتەی لە ساڵی 1992 دامەزراوە، پێی چارەسەر نەكراوەو زۆر جار لە سایەیدا كێشەشی بۆ دروست بووە، ئەویش مەسەلەی بونی هێزی چەكداری ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتانی دراوسێیە لە ناو سنوری هەرێمی كوردستان. بەرنامەكە لەو خاڵەدا ناوی هەرێمی كوردستان ناهێنێ‌، بەڵام بابەتەكە لە بنچینەدا هەر هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. دەقی ناو بەرنامەكە رونی كردۆتەوە كە كابینەی تازە رازی نیە خاكی عیراق بۆ هێرش كردنە سەر دەوڵەتانی دراوسێ‌ بەكار بهێنرێ‌. دەقەكە، بە دیاریكراوی، جەخت دەكاتە سەر دوو خاڵ كە دەبێ‌ كابینەی تازە بەدییان بهێنێ‌، یەكێكیان كۆنترۆڵ كردنی سنورەو ئەوی تر بەرپەرچدانەوەی هەر چالاكییەكی عەسكەرییە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت. ئەمەش ئاماژەیەكی دڵنیاكەرەوەیە بۆ دراوسێكان. بەڵام دەقەكە چۆنێتیی جێبەجێ‌ كردنی رون نەكردۆتەوەو ئەمەی بۆ پاش دەستبەكاربونی كابینەی تازە هێشتۆتەوە. ئەم بابەتە هەرچەند هەر دەبێ‌ بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەڕێوە بچێ‌. بەڵام لە كۆتاییدا هەر پێویستی بە هەندێ‌ رێوشوێن دەبێ‌ كە روخساری فیدرالیستی تێیدا بەسەر روخساری هەرێمایەتیدا زاڵتر دەبێ‌.
بەرنامەكە كە دەستەبژێری سیاسیی هەرێم زۆر بە هەندی وەرنەگرتووە، لە ناوەڕۆكدا داڕشتنەوەی رواڵەتە گشتییەكانی پەیوەندیی نێوان هەردوو حكومەتی فیدرال ‌و هەرێمە لە قۆناغی پاش ریفراندۆمە بێ‌ سەرەنجامەكەی ساڵی پار. بۆیە رەنگە قۆناغی چوار ساڵی داهاتوو ببێ‌ بە قۆناغی سەپاندنی چارەسەرەكان بەسەر هەرێمدا، ئەو چارەسەرانەی كە پەیوەندییەكانی هەرێم ‌و حكومەتی فیدرال لەسەر بناغەیەكی تازە دادەڕێژنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand