Draw Media

قوباد تاڵەبانی نازانێ قانونی حیزبەکان چییە

قوباد تاڵەبانی نازانێ قانونی حیزبەکان چییە

2018-11-27 16:29:54


■  كەمال چۆمانی 

داخستنی هەر حیزبێک پەیوەستە بە پرسی ئازادیی و دیموکراسییەوە، بۆیە دەبێت بە رادەی دژایەتییەکانی دەستەڵاتدارە نادیموکراتەکان بۆ ئازادیی و دیموکراسیی، ئێمەش دژیان بوەستینەوە. 
قوباد تاڵەبانی بە بیانوی نەبونی مەرجی قانونیی لە تەڤگەری ئازادییدا، بڕیاریداوە و داوای لە ئاساییشی حیزبەکەی کردوە کە بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی دابخەن. 
قوباد تاڵەبانی ئەو قانونەی نەخوێندۆتەوە و ناشزانێت چی لەو قانونە دا هەیە -لەوانەیە بڵێن ئەوە تۆمەتە، ئەگەر خوێندبێتیەوە بڕیاری وا نادات-. با بزانین چی لە قانونی حیزبەکاندا هەیە کە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی پێ کردوە بۆ شەرعاندنی بڕیارە نادیموکراتەکەی:
قانونی حیزبەکان ژمارە ١٧یە و لە ساڵی ١٩٩٣ دەرچوە. لە خوارەوە لینکی پیدیئێفەکەم داناوە. کلیک لەسەر بکە و دەتوانی بیخوێنیتەوە، من هەوڵدەدەم ئەوە زیاتر رونبکەمەوە بۆچی بڕیارەکە ناقانونییە.
بەپێی مادەی حەوتەمی قانونەکە، من کورت و پوختەی دەکەم:
دەبێ وەزیری ناوخۆ لە ماوەی سی رۆژدا داخوازییەکە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکات...ئەگەر داخوازیینامەکەی حیزبەکە مەرجە قانونییەکانی تێدا نەبو، ئەوا دەبێ وەزیری ناوخۆ لە ماوەیەدا، واتا سی رۆژ، بیگەڕێنێتەوە بۆ داخوازییکارانی کردنەوەی حیزبەکە و بۆ تەواوکردنی کەموکوڕییەکان. لە گشت حاڵێکدا، وەک قانونەکە دەڵێت، داخوازییەکە نابێت لە یەک جار زیاتر بگەڕێندرێتەوە. ئینجا، ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەی ٤٥ رۆژدا بڕیاری پەسەندکردن یان رەتکردنەوە دەدا بە مەرجێ لە حاڵەتی رەتکردنەوەدا هۆیەکان لە بڕیارەکەدا هەبن.
ئەگەر لەو ماوەیەدا داخوازینامەکە وەڵامنەدرایەوە، حیزبەکە دەبێتە حیزبێکی قانونیی.
بەو پێیە، بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی دژی قانونی حیزبەکانە چونکە تەڤگەر تا ئێستا، دوای زیاتر لە دو ساڵ، ئاگادارنەکراوەتەوە لە هۆکاری پێنەدانی مۆڵەتی قانونیی. ئەگەر ئاگاداریش بکرێنەوە، دەبێ مەرجە قانونییەکان ئاشکرا بکرێن چونکە ئەو حیزبە لەلایەن حکومەتی عێڕاقەوە پێشتر قبوڵکراوە و بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کردوە.
من زۆر نیگەران نەدەبوم قوباد تاڵەبانی یان حکومەتی هەرێم بڕیاری داخستنی هەر حیزبێک بدات، بەڵام بە راستی شەرمەزارییە بە بڕیاری میت و کونسوڵخانەی تورکیا بڕیارێکی وا نادیموکراتییانە بدەیت. تورکیا خۆی رێیداوە بە هەدەپە وەک حیزبێکی ساسیی کاربکات، کەچی تەداخول لە کاروباری هەرێم دەکات تا حیزبێکی سیاسیی دابخات. 
هەر بۆ بیرهێنانەوەی قوباد تاڵەبانی: یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە سوریا دامەزرا، بارەگای لەوێ هەبو. دواتر لە ئێران بارەگایان کردەوە و کێشەیان نەبو. قوباد خۆی لە بەڕیتانیا ژیاوە و گەورە بوە و دایک و باپیری لەوێ دەژیان و باوکی زو زو سەردانی دەکردن، بەڵام بەڕیتانیا رۆژێک مافەکانی پێشیلنەکردن بە بیانوی شەڕکردن دژی بەعس.
خزمەتکردن بە تورکیا بە جەلال تاڵەبانی نەکرا کە ئامادەبو شەڕێکی خوێناویی لەگەڵ پەکەکە بەرپابکات، بە قوباد تاڵەبانییش ناکرێت چونکە پارتیی زۆر باشتر دەتوانێت خزمەتەکانی بکا بە زۆر هۆکارەوە، ئەو بڕیارە نە تەڤگەر دادەخات و نە کاروباری پەکەکش سنوردار دەکات، تەنانەت خزمەت بە تورکیاش ناکات چونکە تەڤگەر زیاتر خۆی ئامادەدەکات و کاردەکات، جگە لە خۆناشیرینکردنی قوباد هیچی تری لێ ناکەوێتەوە.
داخستنی حیزب تەنها کاری حوکمڕانییە ئۆثۆریتاریەنەکانە.
ئەگەر تاڵەبانییش زۆر حەزی لە جێبەجێکردنی قانونە با میلیشیا حیزبییەکان، کۆمپانییا مافییایییەکان، رۆژنامەنوسکوژەکانی حیزبەکە، دەزگا ئاساییشە حیزبییەکان، ئەو کەسانەی کە خاوەنی بەڵتەجیین، پاڵاوگە ناقانونییەکان و زۆر شتی تر دابخات. یان لای کەم ئەرک و کارەکانی خۆی وەک جێگری سەرۆکی حکومەت جێبەجێبکات و بەس.
دوا شت دەمەوێت بیڵێت، لە مادەی پازدەیەم خاڵی سێ قانونی حیزبەکان قەدەغەی دەکات حیزب دەزگای سەربازیی و شێوە سەربازیی هەبێ. تاڵەبانیی و حیزبەکەی خۆیان سەرپێچێی قانونەکە دەکەن کە خاوەنی هێزی میلیشیان و بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران و هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبیی و شەڕی حیزبەکان بەکارهێنراون. کامەیان گرنگترە، قەدەغەکردنی میلیشیای حیزبی کە ئازادیخواز و خۆپیشاندەریان کوشتوە یان حیزبی سیاسیی کە دەیەوێت کۆمەڵگا بە ئاراستەیەکدا ببات کە دیموکراسیی راستەوخۆ هەبێت و ئازادیی ژنان فەراهەم ببێت و ژینگە بپارێزرێت و پێکەوەژیان هەبێت؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand