دەركردنی تەڤگەر
2018-11-27 12:33:23
■ نیاز عەبدوڵڵا
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێشتر شانازی بەوەدەكرد ئەوانەی لە ھەولێر لە دەست ستەمی پارتی دیموكراتی كوردستان رادەكەن روو لە سلێمانی دەكەن، بەڵام ئەمڕۆ بۆ چەند سەد ھەزار دۆلارێك و كردنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانی (تەڤگەری ئازادی) لەسلێمانی دەردەكەن.
گرنگە یەكێتی نیشتیمانی لەوە تێبگات جەماوەری یەكێتی ھێشتا شۆكی ١٦ی ئۆكتۆبەری تێنەپەڕاندووە. بەم هەنگاوەشی جەماوەری خۆی نیگەرانتر دەكات بەتایبەت سۆزی هاوبەشی دوو لایەنە لە نێوان لایەنگرانی پارتی كرێكاران و یەكێتی نیشتیمانی هەیە.
بۆیە بە هەنگاوی دەركردنی تەڤگەر خۆی روبەڕوی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژوویی دەكاتەوە، كە تەواو پێچەوانەی ھەڵوێستەكانی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانییە، كاتێك توركیا داوای رادەستكردنی ئەندامانی پارتی كرێكارانی دەكرد ئەو دەیوت "پشیلەیەكیش نادەین بەتوركیا". بەڵام ئەمڕۆ كوڕەكانی تاڵەبانی قوباد و بافڵ، حیزبی هاووڵات و نیشتیمانیش بۆ توركیا دادەخەن.
كاتێك خەڵكی سلێمانی پشتیوانی رۆژئاوای كوردستانیان كرد دژبەستەمی ئەردۆغان، دەیانزانی باجی ئەوپشتیوانییە دەدەن بەڵام نەترسانە بەردەوامبوون. یەكێتی بەم كارەی دەروازەی ناكۆكی مەترسیدار لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازی باكوور و پەكەكە دەكاتەوە، بەتایبەت پێشتر لایەنگرانی پەكەكە لە هەرێم دەنگیان بە یەكێتی دەدا.
یەكێتی بەم كردارەی كە بۆ ھەنگاونان و نزیك بوونەوەیە لە توركیا دوای دەركردنی نوێنەرایەتییەكەی لە توركیا و رێگەگرتن لە گەشتی ئاسمانی نێوان سلێمانی و توركیا، ھاوسەنگی ھێزی ئیقلیمی لە نێوان ئێران و توركیا لە ھەرێم گۆڕانكاری بەسەر دێت.
ھەرچەندە بەھۆی پێگەی سنووری ھەمان پێگەیان پێ بەدەست نایەت، بەڵام ئێستا پارتی لەگەڵ ئێران و یەكێتی لەگەڵ توركیا ھەوڵی نزیكبوونەوە دەدەن.
كێشە بنەڕەتییەكەش ئەوەیە ھەر نزیكبوونەوەیەكی ئەم ھێزانە لە سەر حیسابی مافەكانی ھاووڵاتییانی ھەرێم و لەدەستدانی سەروەری خاكی كوردستانە، بۆیە لەگەڵ زیادبوونی ھێزەكانی توركیا لە برادۆست یەكێتی خۆی لە دژایەتی كردنی ھاتنی سوپاكە بوارد.