Draw Media

بارزانی بۆ وا دەكات 

بارزانی بۆ وا دەكات 

2018-11-26 10:52:23


■  لەتیف فاتیح فەرەج 
1
بارزانی بە قات‌و ریباتەوە نەك بەو جلە كوردیەوە كە زۆرجار پارتیەكان شانازی زۆری پێوە دەكەن، دەستی كردە مل هەموو ئەو كەسانەی پێشتر بە نەیارو دژی لە قەڵەم دەدان، دەستی كردە مل ماليكی ئەو پیاوەی كە پێشتر ئەندامانی حزبەكەی هەركەس ناویشی هێنابا پێیان دەوت ئەكرادی ماليكی، ئەو بێ‌ ئەوەی ئاڵای كوردستانی بەتەنیشتەوە بێت لە تەك ئەوانەدا دانیشت كە ساڵێ‌ پێشتر خۆی‌و حزبەكەی سەنگەریان لێ‌ گرتبون‌و ئەوانەشیان تەخوین دەكرد كە وەك پارتی بیریان نەكردەوە، بارزانی ساڵێ‌ لەمەوبەر باسی دەوڵەتی كوردستانی دەكردو دەیوت مادەی 140 كۆتای هات و دەیویست دیوار لەنێوان بەغداو هەولێردا دروست بكات، ئێستا بێ‌ ئەوەی هیچ بووبێ‌، بێ‌ ئەوەی هیچ گۆڕابێت بارزانی دەچێتە بەغداو لە تەك سەركردەكانی حەشدی شەعبیدا دەست لەملانێ‌ دەكات، ئەوەی ئەو بیكات حیكمەتە، ئەو نەیكات خییانەتە.
2
بارزانی دەچێتە بەغدا، لێ‌ ئامادە نیە لە بەغدا چاوی بەسەرۆك كۆمارە كوردەكە بكەوێت، ئامادە نیە ئەو ماچ و موچەی لە تەك عامریدا دەیكات، كە بە قەولی خۆیان شیعەو سەفەویە، لە تەك مامۆستا عەلی باپیردا بیكات، كە كوردەو سەركردەی حزبێكی كوردیە، بارزانی بێ‌ ئەوەی كەس لەناو حزبەكەی خۆیدا ئازایەتی ئەوەی هەبێت پێی بڵێت ئەزبەنی تۆ باسی یەكڕیزیت دەكردو ئەوانەت تەخوین دەكرد، كە دەیانووت ریفراندۆم كاتی نیە، ئەوە خێرە ئێستا لە بەغداو نەجەف دەڵێی بای بای سەربەخۆیی كوردستان و لەپێناوی بەرژەوەندی حزبی و شتی ترا ریفراندۆم لە بیر دەكەیت.
بارزانی ئەفەندیانە دەچێتە بەغداو پارتیەكان كەسیان ناڵێن ئەوە چۆنە " سەرۆك قاتی كوردی لە بەر نیە "، كەسیان ناڵێن " ئەو نەیگوت ئیدی هەرگیز ناگەڕێینەوە بۆ پێش 25ی ئەیلولی 2017و ئەو سەردەمە گوزەشت"، تەنانەت ئەوانەش هیچیان نەوت كە دەیانگوت سێ‌ هەزار ساڵ لەمەوبەر باسی ئەوە كراوە كە بارزانی دێت و دەوڵەتی كوردی دروست دەكات.
3
ئایە بۆ بارزانی سیاسیەكانی عێراق جێی متمانەترن لە سیاسیەكانی كوردستان و بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار، ئایە بارزانی ئەوە نازانێت كە بەشێكی زۆر لە سیاسیەكانی عێراق ئەجندای هەرێمی و دەرەكی جێبەجێ‌ دەكەن و زیاتر بازرگانی سیاسین تا سیاسی، ئایە بارزانی ئەوە نازانێ‌ كە ئەو دەستەبژێرە سیاسیەی ئێستای عێراق لە ناوخۆیاندا ناتەباو دژو دڕدۆنگن و كەسیان ئەوی تر ناخوێنێتەوە، بارزانی دەیەوێ‌ بە چیەوە لە بەغداو لای ئەو جۆرە سیاسیانەوە بێتەوە، ئەو سەردانە چ دەسكەوتێكی بۆ كورد تیایەو بارزانی دەتوانێت چی لەو سەردانە هەڵكڕێنێ‌، ئاخۆ دەتوانێ‌ بە سەرانی عێراق بڵێت دەست لە تەعریب و دەركردنی كورد هەڵگرن لە داقوق و دوبز.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand