Draw Media

دانوستانكار نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی حكومەت مەسرور بارزانی

دانوستانكار نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی حكومەت مەسرور بارزانی

2018-11-26 07:31:40


 
رێبوار کەریم وەلی
(1)

رەنگبێ بەشێكی خاوەخاوی پارتی لە پێكهێنانی حكومەتدا، پەیوەست بێت بەوەی كە نازانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ یەكێتیدا بكات، نە بێ یەكێتی دەبێ و نە لەگەڵ یەكێتیش! بەڵام راستییەكەی جەوهەری مەسەلەكە شتێكی دیكەیە، ئەویش ئەوەیە پارتی وەك حیزبی براوە، بیر لە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكاتەوە (كە كارایشی دەكاتەوە)، لەوبارەیەشەوە نیقاشێكی جددی، بەڵام هێمنانە لەسەر چوار بژارە لەئارادایە كە لە هەر هەموویاندا پۆستی سەرۆكی هەرێم لەماوەی شەش مانگ تا ساڵێك لە پەرلەمانەوە كارا دەكرێتەوە. كاراكردنەوەكەش بەشێوەیەك دەبێ كە ئیجماعێكی سیاسی لەسەر شێوەی هەڵبژاردن و دەسەڵاتەكانی درووست ببێ.

بژارەی یەكەم ئەوەیە كە نێچیرڤان بارزانی تا چوار ساڵی دیكە سەرۆكایەتیی حكومەت بكات و لەو چوار ساڵەدا پۆستی سەرۆكی هەرێم بێ دیاریكردنی سەقفی زەمەنی كارا بكرێتەوە.

بژارەی دووەم ئەوەیە كە تا كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە دەرەوەی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی (كە بەربژێری پارتی دەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت)، كەسێكی دیكە سەرۆكایەتیی حكومەت بكات و، دوای كاراكردنەوەكەش مەسرور بارزانی ببێتە سەرۆكی حكومەت و نێچیرڤان بارزانیش ببێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

بژارەی سێیەم ئەوەیە كە نێچیرڤان بارزانی كابینەی حكومەت پێكبێنێت، هەركاتێك پۆستەكە كارا كرایەوە، ئەوكاتە ئەو دەست لەكار بكێشێتەوە و مەسرور بارزانی بێتە جێگەی ئەو. ئەو بژارەیە لەبەر ئەوەی كە حكومەتەكە وەك حكومەتێكی كاتی سەیر نەكرێت و مەسرور بارزانیش ئازاد بێت لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، كەمێك لاوازە.

بژارەی چوارەمیش كە پێدەچێ لە هەموویان بەهێزتر بێت، ئەوەیە كە مەسرور بارزانی رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانیش سەرۆكایەتی شاندی دانوستانكاری پارتی بكات و چوارچێوەی دانوستاندنەكان بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم فراوان بكات.

لە رۆژانی داهاتوودا، پارتی لەسەر یەكێك لەو بژارانە (كە پێدەچێ هی چوارەم بێت) خۆی ساغ دەكاتەوە و لەگەڵ لایەنە براوەكان و بەتایبەتیش یەكێتی و گۆڕان دەكەوێتە گفتوگۆ.


بۆچی مەسرور بارزانی؟
(2)

نێچیرڤان بارزانی لە دوای وەفاتی باوكییەوە تا ئەمڕۆ، نزیكەی سێ دەیەیە كەسی دووەم و بڕیاربەدەستی ناو پارتییە كە دوو دەیەی لە سەرۆكایەتیی حكومەتدا بەسەر بردووە. سەركەوتنەكانی ئەو پیاوە لە رابردوودا، چەندە پەیوەست بێت بە كارامەیی و كاریزمای سیاسی خۆیەوە، چەندین ئەوەندە پەیوەستە بە پشتیوانیی بێسنووری سەرۆك بارزانی لەو. دوای كۆچی دوایی بارزانیی باوك، خەڵك پێیانوابوو كەس ناتوانێ جێگرەوە و درێژەپێدەری رێبازەكەی بێت، كەچی لە سەختترین بارودۆخەكاندا ئیدریس بارزانی (كە تەمەن بواری نەدا) و سەرۆك بارزانی شانیان دایە بەر و نەك هەر شۆڕشیان بەرپا كردەوە، بگرە سەرۆك بارزانی ئەگەر خیانەتكاران نەبوونایە، كوردستانی لانیكەم تا سەر لێواری كۆنفیدراڵی بردبوو.

ئەمڕۆ نزیكەی ساڵێك بەسەر ئەوەدا تێپەڕ دەبێ كە سەرۆك بارزانی رازی نەبوو ماوەی سەرۆكایەتییەكەی درێژ بكرێتەوە، بەڵام هەموو ئەوانەی پێش ئەو رۆژە هاواریان دەكرد بارزانی سەد بەدیلی هەیە، دەركەوت هەمووی قسەی سەرجادە بوو. 

بۆیە ئەو بۆشاییە دەستووری و ئەو ئیستیحقاقەی كە بەا هەڵبژاردن بەر پارتی كەوتووە، دەبێ لەلایەن خودی پارتیشەوە پڕ بكرێتەوە. جێگرەوەی بارزانیش هەر بارزانییە. بۆ ئەوەش نێچیرڤان بارزانی لە هەموو كەس ئامادەترە بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم و، كاریزمایەكی پێگەیشتووە كە توانای درێژەپێدانی ئامانجە ستراتیژییەكانی سەرۆك بارزانیی هەیە و لەولاشەوە باشترین كەس بۆ جێگرتنەوەی سەرۆكی حكومەت، مەسرور بارزانییە كە شوێنپەنجەی بە ئاسایش و سەقامگیریی كوردستانەوە دیارە و توانای بەردەوامی لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەری و درێژەپێدان بە حكومەتێكی بەهێزی هەیە. بەتایبەتیش لە قۆناغێكدا حوكم دەگرێتە دەست كە سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بەشێكی زۆر لە ئاستەنگەكانی بەردەمیان بۆ داهاتوو لابردووە و پارتی خاوەنی زۆرینەی پەرلەمانییە. بۆیە شانسی سەركەوتنی زۆرە.


سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەعیەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ماوەی داهاتوودا دەمێنێتەوە و، پەیامە سیاسییەكەی دەسپێرێتە دوو لە ئەمینترین میراتگرەكانی خۆی و سەردەمی حوكمڕانیی ئامۆزاكان لە كوردستان دەستپێدەكات.


پشتاوكردنی بەرهەم ساڵح
(3)

ئەڵبەتە چ سەرۆككۆمار لە بەغدا بووایە یان لە دەرەوە (كە لە دەرەوە بوو)، لە ئەجێندای سەرۆك بارزانیدا نەبوو بیبینێ. ناچێتە عەقڵەوە بارزانی ئامادە نەبێت دكتۆر بەرهەم بە سەرۆك بزانێ و لای ئەو وەك نوێنەری یەكێتی بێت لە بەغدا و بچێت لەگەڵی دابنیشێت! چەند رەخنە لەو هەڵوێستە دەگیرێت، رەنگبێ پەیوەست بێت بەوەی كە هەر كەسە و لە گۆشەنیگای خۆیەوە لێی دەڕوانێ. بڕۆن لە پارتیش بپرسن بزانن پێشتر چی روویداوە؟ رۆژێك دادێت كە خۆیان باسی بكەن.

ئەجێندای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، چەند ئامانجێكی لەپشت بوو.

یەكەم: دەربڕینی پشتیوانی بۆ عادل عەبدولمەهدی كە بەوەش دەستی سەرۆكوەزیران لە چارەسەری كێشەكان و بڕیاردان لە هاوكێشە ئیقلیمییەكان واڵاتر دەكات. لە رۆژانی داهاتوودا بەرهەمەكەی بەدەردەكەوێ. چونكە وەك چۆن یەكێتی ویستی هەموو شتەكان تاكلایەنە یەكلایی بكاتەوە، ئەوا پارتیش هەمان شت دەكات.

دووەم: گەیاندنی ئەو پەیامەی كە هەولێر و حكومەتی هەرێم نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان دەكەن و سەرۆككۆمار تەمسیلی گەلی كوردستان ناكات. ئەو پەیامەش تەنها لە بەغدا نامێنێتەوە و دەگاتە شوێنی دیكەش.

سێیەم: راكێشانی بەڕە بوو لەژێرپێی ئەوانەی پێیانوابوو كە بەغدا موڵكی ئەوانە و لە پارتی حەرامە.

پێنجەم: ناساندنی ئاییندەی حوكمڕان و خاوەن بڕیارەكان (سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی داهاتوو)ی هەرێمی كوردستان بە حزب و لایەنە سیاسییەكانی بەغدا و نەجەف.

نوقتە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand