ئەمریكای ترەمپ پاش سەركەوتنی دیموكراتەكان
2018-11-24 12:36:29
■ فەرید ئەسەسەرد
بەدەستهێنانەوەی زۆرینە لەلایەن دیموكراتەكانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، كێشەیەكی گەورە بۆ سیاسەتی ترەمپ دروست دەكا، بەتایبەتی لە ناوخۆدا، چونكە لێرە بە دواوە سەرۆك دەستئاوەڵا نابێ لە بڕیاردان، جگە لەوەی كە لێرە بە دواوە دیموكراتەكان دەتوانن لێپێچینەوە لەگەڵ سەرۆك بكەن سەبارەت بە چەردەیەك بابەت كە هەندێكی پەیوەندیی بە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە هەیە.
ترەمپ پەی بە كاریگەریی سەركەوتنەكەی دیموكراتەكان دەبا و بە دڵنیاییەوە ئەمە زۆر بێزاری كردووە. ئەوەی كە سایكۆلۆژیای سەرۆك لەم رووەوە ئاشكرا دەكا ئەوەیە كە ترەمپ لە یەكەم كۆنفرەنسی میدیایی پاش سەركەوتنی دیموكراتەكان، زۆر بە توڕەییەوە قسەی كرد و جنێوی بە دوو رۆژنامەنووس داو شەڕی لەگەڵ یەكێكی تریش كرد.
ئەوروپییەكان پێشبینیی سەركەوتنی دیموكراتەكانیان دەكرد. بۆیە بەر لەوەی هەڵبژاردن دەست پێ بكا، خۆیان كۆكردەوە و بەرنامەیەكیان بۆ دۆزینەوەی رێوشوێنێكی گونجاو بۆ درێژەدان بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران دانا. پاش راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردانەكەش، فەرەنسا لەسەر زاری ماكرۆن رایگەیاند كە ئەوروپا پێویستی بە سوپایەكی تایبەتە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی روسیاو ئەمریكا. لە لێدوانەكەیدا ماكرۆن زۆر بە ڕاشكاوی قسەی كرد و بە ناو ناوی ئەمریكای هێنا. باس كردنی پێشنیاری پێكهێنانی سوپایەكی ئەوروپایی خۆی لە خۆیدا مەسەلەیەكی هەستیارە و ئاماژەیەكیشە بۆ ئەگەری هەڵوەشانەوەی پەیمانی ناتۆ كە ئەمریكا رابەرایەتیی دەكات. لەهەلومەرجی ئێستا ئەنجومەنی نوێنەران كە ئەمڕۆ دیموكراتەكان تێیدا زۆرینەن، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و بە بێ هاش و هوش سەرقاڵی پێداچونەوەیە بە سیاسەتی ترەمپ دا. سەرەتای پێداچونەوەكەش بە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە سعودیە دەست پێ دەكا. لە ئێستاوە تا دەوروبەری دوو هەفتەی داهاتوو، دیموكراتەكان بە پشتیوانیی ژمارەیەك كۆنگرێسمانی سەر بە پارتی كۆماری سەرقاڵی دانانی بەرنامەیەكن بۆ پەكخستنی هەر پرۆژەیەك بۆ فرۆشتنی چەك بە سعودیە لە سۆنگەی كەیسەكەی جەمال خاشقچییەوە. لە قۆناغی پێشوودا فرۆشتنی چەك بە سعودیە، ئامانجێكی سەرەكیی ترەمپ بوو. بۆیە وا دێتە بەرچاو كە دەركردنی یاسایەك بۆ قەدەغەكردنی فرۆشتنی چەك بە سعودیە، راستەوخۆ لە دژی خودی ترەمپ دەردەچێ.
براوەی یەكەم لە سەركەوتنی دیموكراتەكان، ئێرانە. هەر دیموكراتەكانیش بون كە لە سەردەمی سەرۆكایەتیی باراك ئۆبامادا رۆڵێكی كارایان لە سەرخستنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی5+ 1 دا گێڕاوە، بۆیە پێشبینی دەكرێ سەركەوتنی دیموكراتەكان كاریگەریی زۆری لەسەر سیاسەتی ترەمپ سەبارەت بە گەمارۆدانی ئێران هەبێ. گەورەترین دۆڕاویش، ئیسرائیلە كە لە سەردەمی ئۆباماوە پەیوەندیی لەگەڵ دیموكراتەكان خراپە.
ئەگەر ئەوروپییەكان، وەك بەنیازن، بتوانن سەركەوتوو بن لە رێكخستنی كەناڵێكی دارایی سەربەخۆ لەگەڵ ئێران و بتوانن قەوارەیەكی یاسایی بۆ بەردەوامبون لەسەر مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئێران دروست بكەن، ئێران زۆر قازانج دەكا. ئەمەش نیشانی دەدا كە ئەوروپییەكان پاش سەركەوتنی دیموكراتەكان دڵنیان كە پرۆژەكەیان دەتوانێ بە شێوەیەكی تۆكمەتر بەڕێوە بچێ.
ئەوروپییەكان بە پێچەوانەی ترەمپەوە، باوەڕیان بە پرۆژەی گرێبەستنی سەدە نیە. سەركەوتنی دیموكراتەكان ئەوروپییەكانی هاندا راشكاوانەتر بیروڕای خۆیان دەربڕن. لەم رووەوە خاتوو مۆگرینی، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا، رایگەیاند كە چارەسەری مەسەلەی فەلەستین بە دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ فەلەستینیەكان دێتە دی.
ترەمپ هەر لە سەرەتاوە بەرنامەی گەمارۆدانی ئێرانی بە دژواری بەڕێوە بردوە. دواتریش ناچار بوو هەشت دەوڵەت كە بریتین لە چین، هیندستان، یۆنان، توركیا، ئیتالیا، ژاپۆن، كۆریای باشور و تایوان لە كڕینی نەوت لە ئێران ببورێ. بە هۆی ئەمەوە، ئێستا ئێران زۆر بە ئاسانی دەتوانێ رۆژانە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو دەوڵەتانە بفرۆشێ. ئەمەش داهاتێكی باشی بۆ دابین دەكات كە بە هۆیەوە دەتوانێ بەردەوام بێ لەسەر بەرهەڵستی كردنی سزاكانی ئەمریكا. پێدەچێ ژمارەی دەوڵەتانی بووراو لە سزاكان روو لە زیادبون بكات. هەر پاش راگەیاندنی لیستەكە، ئەفغانستان رایگەیاند كە ناتوانێ پابەند بێ بە سزاكانی ئەمریكا چونكە ناتوانێ واز لە كڕینی نەوتی ئێران بێنێ و هەروەها ناشتوانێ دەستبەرداری هاوردنی كارەبا بێ لە ئێرانەوە. پاش ئەفغانستان، ترەمپ ناچار بوو رێ بە عیراقیش بدا بەردەوام بێ لەسەر مامەڵەی نەوتی لەگەڵ ئێران (نەوتی خاو بەرامبەر بە نەوتی پاڵێوراو) و هەروەها بەردەوام بێ لەسەر كڕینی گازی شل، سەرباری بەردەوامبون لەسەر كڕینی كارەبا لە ئێران بۆ چارەسەركردنی كێشەی وزە. لێپرسراوە عیراقییەكان بۆ ئەمریكییەكانیان روون كردۆتەوە كە كێشەی كارەبا یەكێ لە گەورەترین هۆكارەكانی بەرپابونی خۆپیشاندان و گێرەشێوێنی بووە لە بەسرە و چەند پارێزگایەكی دیكەی عیراق.
ترەمپ لەو جۆرە كەسانە نیە كە بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە بدا. بەڵام بە دڵنیاییەوە ترەمپی پاش سەركەوتنی دیموكراتەكان ناتوانێ وەكو پێشوو هەڵسوكەوت بكا، بەتایبەتی كە یەكێك لە گەورەترین هاوپەیمانەكانی، واتە سعودیە، لە سۆنگەی كەیسی خاشقچییەوە بە قۆناغێكی ئاڵۆز و روخسار نادیاردا تێدەپەڕێ، لەو لاشەوە یەكێتیی ئەوروپا خەریكە لە سیاسەتەكەی ئەمریكا یاخی دەبێ، روسەكانیش بەردەوامن لەسەر سەقامگیركردنی پێگەی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ترەمپ هەر لە سەرەتاوە زێدەڕۆیی لە پشت بەستن بە بەكارهێنانی كارتی باڵادەستیی سوپایی كردووە. ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە سەركردەكانی ئەمریكا پەی بەو راستییە ببەن كە جیهان هەر بە ویستی یەك هێز بەڕێوە ناچێ.