Draw Media

ماراسۆنی گەیاندنی سیڤی

ماراسۆنی گەیاندنی سیڤی

2018-11-24 07:11:37


■ هادی حەمەرەشید

حیزب نەیتوانی لەگەڵ خواستی جەماوەرەکەیدا بڕوات و یەکلابوویەوە بۆ دەستەبژێرێکی مۆنۆپۆلیست، ئیتر ئەوە ئەو کاتەیە کە دەنگدەر و پشتیوانانی پشتی لێئەکەن و ئەیسپێرن بە مێژوو.

حیزبی شیوعی عێراق، تەنیا حیزبێك نەبوو، بەڵکو بوو بوون بە بەشێك لە یاداوەریی تاکی عێراقی، جەماوەرێکی بەربڵاو، هێزی کاریگەری هەژار و کرێکاران، لەشکرێك لە ڕۆشنبیران و پشتگیریی جەمسەرێکی گەورەی جیهانییان لەگەڵ بوو کە یەکێتی سۆڤیەت بوو، بەڵام چونکە پشتی کردە دروشم و بنەما و بەڵێنەکانی، جەماوەر پشتی تێکرد و وەك ئەرشیفێك مایەوە بۆ نوخبەیەکی خۆ بە (چەپ)زان!

"حسك عەرز ئەدڕێ" ئەم ئیدیۆمە، سەردەمانێك پڕ بوو لە فاکت و ڕاستیی، حسك هێزێکی گەورە و کاریگەر بوو، ئەوەش پاشماوەی ئەو حیزبە کە تەنیا خێزانێك( دوو برا و چەند زاوایەك) بۆ خۆیان ئیدارەی ئەدەن!

بزووتنەوەی ئیسلامیی، یەکێك بوو لەو حەوت حیزبە کاریگەرەی کە پێش پرۆسەی ئازادیی عێراق بانگهێشت کران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا ئەرکی گۆڕانکاریی ڕژێمی بەعسیان پێ بسپێردرێت، بەڵام جڵەولەدەستانی ئەو حیزبە وەك گۆشتی قوربانیی پەرش و بڵاویان کردەوە و ئێستا تەنیا ناوێکی بێ کاریگەر و بنەماڵەیەك لەنێوان خۆیاندا دەستاودەستی پێوە ئەکەن!

یەکگرتووی ئیسلامیی، وەلیدی قوتابخانەیەکی گەورەی جیهانیی وەك ئیخوان، پشت بەستوو بە باربۆ و کۆمەکی دەیان وڵات، سەدان هەزار ئەندام و لایەنگری هەبوو، لە نیوە زیاتری ئەکتیڤیست و خەڵکی کاریگەر و قوربانیدەری کوردستانی لەگەڵ بوو، موئەسەسەی خێرخوازیی گەورەی بە دەستەوە بوو، چەکی کارگەری ئاین و واعیزی دینیی بەدەستەوە بوو، کەچی نوخبەی دەسەڵات و سەرکردەکانی بێ ڕەحمانە وێرانیان کرد، توشی خوێنبەربوونی ناوەکییان کرد، لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵدا زۆرترین ئەندام و جەماوەر پشتیان تێکرد، ئێستا بیرکردنەوە لەوەی "چی بکەن" بووە بەو مەتەڵەی کە کاتی وەڵامدانەوەی بەسەر چووە!

بزووتنەوەی گۆڕان، بە هەموو پێوەرەکان دوو هەڵبژاردنی پێشوو، ۱۲ی ئایار و ۳٠ی ئەیلولی ئەمساڵ، بەشێك دەنگدەر و پشتیوان و هەڵسوڕاوانی سزایان دا و زلەی میهرەبانییان لێدا، بەو هیوایەی ئاگادارکەرەوە و بەرکوڵی پێش پشت تێکردنی یەکجارەکیی بێت.

کەچی ئەوانەی کە خۆیان لە دۆخی بزووتنەوەکە نەبان کردووە و بێ باکانە ڕوو بە هەڵدێر لێیئەخوڕن، بەڕووکار باس لەگەڕانەوە بۆ ڕای خەڵك و دەنگدەران و ئەنجامدانی ڕاپرسی ناوخۆیی و ئۆرگانەکان ئەکەن و لە جەوهەریشدا بچووکترین هەنگاوی ئەرێنییان هەڵنەگرتووە!

بزووتنەوەیەك نزیکەی ۳۲٠ هەزار دەنگی لەدەست دابێت، کورسییەکانی بۆ نیوە کەمی کردبێت، مەعقولە تائێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی جدیی ئەنجام نەدابێت؟!!

هەموو هەڵڵا هەڵڵای چاکسازیی و گۆڕانکاریی ناوخۆیی لەدوای هەڵبژاردن(کە لەسەروەختی هەڵبژاردندا خەڵکیان پێ هێورکردەوە) تاقانە کۆبوونەوەیەکی جڤاتی نیشتیمانیی بووە، ئەویش بەداخەوە پێش کۆبوونەوەکە کەمپەینی دوو سێ برادەر ئاراستەی کۆبوونەوەکەیان بەدڵی خۆیان گۆڕی، شەوی کۆبوونەوەکە پەیوەندیی بە زۆربەیانەوە ئەکرێت و هێڵی گشتی و سەرخەتەکانی خۆیان ئەخەنە هزریانەوە!

مەعقولە بومەلەرزەی ئەو ئەنجامانە(جا چەندی ڕاستە و چەندی ساختەکاریی بوو) ئەم حیزبە ڕانەچڵەکێنێت؟!
ئەبوو ئێستا سەدان کۆبوونەوە لەئاستە جیاوازەکاندا بکرایە، لەمیدیاوە دەیان بەرنامەی لەسەر بکرایە، خانە و جڤاتەکان داوای چەندین پەیپەر و پڕۆژەیان لە ژوورەکان و مەکۆکان و ئەنجوومەنەکانی ڕەوەندی کوردی بکردایە، ئۆپشنی کشانەوە لە حکومەتە خۆجێیەکان ئەگەرێکی زۆر نزیك بووبایە، بەهیچ جۆرێك و لەئایندەیەکی نزیكدا لەگەڵ پارتی و یەکێتی"تەزویرچی" کۆنەبوونایەتەوە و باسی چوونە حکومەت بەتوندیی ڕەدبکرایەتەوە!!

کەچی لەهەموو ئەم پێشنیار و جووڵە ئەرێنییانە، دیسان ماراسۆنی گەیاندنی سیڤی ڕێکخراوە، کە ئەمە واتە هیچ ئەگەرێك بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون نەماوە و گۆڕان یەکلایە بۆ چوونە حکومەتەوە، ئەوەتا سیڤی وەرئەگرێت و بە شەفەهییش دەیان بەڵێن بەم و بەو دراوە کە ببرێنە پۆست و پێگەوە!

گەمەی ئەم قات لەبەرانە گەورەترین و قیزەونترین مەترسییە بۆ سەر ئایندەی کوردستان، نەك تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان، مەترسیدارە چونکە ئەوەی کە لای ئەوان سەنتەرە بریتییە لە بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان و نە حیزب و نەکۆمەڵگا لای ئەوان بایەخی نیە!

بۆیە ئەخوازم دۆستان و خەمخۆران بیرێکی جدیی لەم پرۆسەیە بکەنەوە، سنوورێك بۆ کەڵکەڵە و حەزە کەسییەکانی ئەم جۆرە مرۆڤانە دابنێن و نەهێڵن، کۆتا هەل و کارت لەدەستی گۆڕان دەربچێت، ئەگینا گۆڕانیش ئەبێتە یەکێکیتر لە یاداوەرییە تاڵ و تفتەکانی ئەم کۆمەڵگا ماندوو و شەکەتە!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand