مام جەلال بۆ پیرمام، بارزانی بۆ بەغداد
2018-11-23 16:29:12
■ ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
چەند خۆش دەبوو، چەند کورددانە دەبوو ئەگەر مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەردانەکەیدا بۆ بەغداد، هەموو ڕووداوەکانی ڕۆژانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقی بەلاوە بنایەو ڕاستەوخۆ و وێستگەی یەکەمی سەردانەکەی کۆشکی سەلام بوایەو یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) سەرۆک کۆماری عێراق بوایە؟
بارزانی نەیتوانی مێژوو دروست بکات و بچێتە مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردەوە و نمونەیەکی جوانی کوردانە پیشان بدات. تەنانەت ڕق و بوغزیی بارزانی سیاسییانەیش نییە!، لەسیاسەتدا ئەوەی بارزانی دەیکات نەزانینە لەکایەی سیاسەت و سیاسەت نییە. وەک چۆن ڕۆژانێک بارزانی دەیگوت "ئەگەر مالیکی بگەڕێتەوە دەسەڵات من دەوڵەت ڕادەگەیەنم"و کەچی ئێستا دۆستە لەگەڵ مالیکی. دەکرێت ئێستایش هەمان تەقیم بۆ پەیوەندی بەرهەم ساڵح لەگەڵ بارزانی بکەین. ئەوەی مالیکی بەنیسبەت ئێستای بارزانی سیاسەتە، بەڵام ناکۆکی بارزانی بەرامبەر بەرهەم ساڵح بوغزی نەزانینە لەسیاسەت و وێنەیەکە لەمێنتاڵێتی خێڵ.
بارزانی لەخێزانەکەی خۆیاندا مێژوویەکی نێگەتیڤی دووبارە کردەوە، بەڵای لەدەرەوەی خێزانەکەیان نەیتوانی مێژووی پۆزەتیڤی مام جەلال دووبارە بکاتەوە.
ئەوەی پەیوەندی بەو مێژووە دووبارەی خێزانەکەیانەوە هەیە ئەوەیە، لەساڵی 1966دا مەلا مستەفای بارزانی و باوکی مەسعود بارزانی دەچێتە بەغداد. (ناجی تالیب) سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق لەگەڵ قونسوڵی ئەمریکا لەعێراق نزیکەی ٥۳ دەقیقە گفتوگۆ دەکەن و ناجی تالیب بە باڵیۆزەکەی ئەمریکا لەعێراق دەڵێت "ئێمە مافی کوردەکان دەدەین، بەڵام مەلا مستەفا داوای مافی هەموو کورد ناکات، مستەفا بارزانی دەڵێت لەگەڵ من ڕێکبکەون و حەقتان بەسەر کوردەکانیترەوە نەبێت"
ئەوەی ئەمڕۆ بارزانی کوڕ لەبەغداد دەیکات، هەمان وێنەی مێژوویی بارزانی باوکەو دووبارەی ناو مێژووەو ئەمڕۆیش بارزانی وەک نوێنەری هەموو کورد لەبەغداد نەبوو، تەنها بۆ مامەڵەو سەودای پۆست و پێگەی حیزبەکەی چووەتە بەغداد
مەسعود بارزانی لەدەرەوەی خێزانەکەی خۆیان نەیتوانی مێژوو بەدیوە پۆزەتیڤەکەیدا و بەشێوەی (مام جەلال) دووبارە بکاتەوە کە لەشەڕی ناوخۆدا گەڕایەوەو چووە پیرمام بۆلای بارزانی.
ئەگەرچی ئەم دوو ڕووداوە (چونی مام جەلال بۆ پیرمام بۆلای بارزانی) لەگەڵ (چوونی بارزانی بۆ بەغداد بۆلای د. بەرهەم) دوو ڕوداوی جیاوازن لەڕوی کات و شوێن و قەبارەوە. بەڵام دوو ڕووداوە لەدواجاردا دەبەسترێتەوە بەبەرژەوەندی کوردەوە. وەک چۆن مام جەلال قوربانی بەخۆیی و حیزبەکەیدا لەپێناو یەک ڕیزی کورد، دەبوو بارزانیش قوربانی بەخۆی بدایە لەپێناو یەک گوتاری و بەهێزی پێگەی کورد لەبەغداد، بەڵام بارزانی نەک ئەم وێنە پۆزەتیڤەی سەرۆک مام جەلالی دووبارە نەکردەوە، بەڵکو لەکاتێکدا دەچێتە بەغداد کە دەزانێت سەرۆک کۆمار لەبەغداد نییە و لەدەرەوەی عێراقە. ئەمەش تەنها بۆئەوەی بارزانی چاوی بەکەسێک نەکەوێت کە بارزانی پێی خۆش بێت یان نا، ئێستا لەلوتکەی دەسەڵاتی عێراقدایە و سەرۆککۆمارە.