Draw Media

بارزانی و هۆکاری چوونی بۆ بەغدا

بارزانی و هۆکاری چوونی بۆ بەغدا

2018-11-22 15:01:28


■ ئاسۆ حاجی
هەر لێکدانەوەیەک بکرێ بۆ ئەو سەردانەی بارزانی بۆ بەغدا،لەوە کەم ناکاتەوە کە سەردانەکە پێویستیەکی مەزن بوو نەک بۆ بارزانی بەڵکو بۆ بەرپرسانی عێڕاقی بەتایبەتیش بۆ سەرۆکوەزیران عەبدولمەهدی.
ئەو سەردانە لە سەر داوای عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق بووە،بۆ دوو ئامانج:
- عەبدولمەهدی پێویستی بەوەیە کە وەک کەسایەتیەکی بەهێز و پیاوی چارەسەری وەدیار بکەوێ،بە پێچەوانەی مالیکی و عەبادی کە دروستکەری کێشە و پشێویەکان بوون.
- نیاز پاکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا نیشانی ئەمریکا و ئەوروپا بدات،چونکە عادل عەبدولمەهدی پاڵپشتی ئێران و مەرجەعیەتی لەگەڵە و پێویستی بە پاڵپشتی زیاتری ئەمریکا هەیە.
بارزانی بەهۆی پەیوەندی دێرینی لەگەڵ عەبدولمەهدی و دۆستایەتیەکەیان پاڵپشتی ناکات،لەبەر ئەوەش نیە کە ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سەری کۆکن و کەسیان هێشتا دژایەتیان نیشان نەداوە،بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە عەبدولمەهدی لە داواکەی لە سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ سەردانی کردنی بەغدا ئامادەیی خۆی و حکومەتەکەی نیشان داوە لە هەوڵدان بۆ چاککردنەوەی پەیوەندیەکان بەگوێرەی دەستوور و گەڕاندنەوەی مافەکانی خەڵکی کوردستان.
هەنگاوی یەکەم لە بەغداوە هاویشترا کاتێک عەبدولمەهدی بڕیاری هەڵگرتنی خاڵە گومرگیەکانی نێوان هەولێر و کەرکوک،سلێمانی کەرکوکی دا، هەروەها لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەو شێوەیەی حکومەتی کوردستان لای پەسند بوو بڕیاری ڕەوانەکردنی نەوتی کەرکوک درا لە ڕێگای بۆڕی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان،لەوانەش گرنگتر ئێستا قسەی جدی دەربارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکرێ،کە چاوەڕوان دەکرێ لە ماوەیەکی نزیکدا بە گەڕانەوەی سەربەرزانەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و شنگال و ناوچەکانی دیکە ئەو دۆسیە بکەوێتەوە سەر راستە ڕێگای خۆی،بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو دۆخەی بتواندرێ باس لە کارکردن بۆ جێبەجێکردنی مادەی سەت و چلی دەستوور بکرێ.
لەگەڵ ئەوانەش لێژنەی هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەران خەریکە بە زیادکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ سەتا حەڤدە کۆتایی بەکارەکانی بێنێت.
هەموو ئەوانە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدان کە لە بوغڕایی هەندێک سەرکردەی عەرەب سەریان هەڵدا بە لێکدانەوەی ئەوەی عێڕاق بەهێز بۆتەوە و دەتوانێ کورد بگەڕێنێتەوە چیاکان وەک عەبادی و پیاوەکانی بانگەشەیان بۆ دەکرد.
بارزانی بۆ ڕاستکردنەوەی لاباری کەوتووی کورد لە بەغدایە کە ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر و کەسانێک هۆکار بوون کە لە جیاتی حورمەت گرتنی خۆیان، لە ناسکترین و تەنگترین کاتدا پشتیان لە مافە نەتەوەیی ونیشتیمانیەکانی گەلی کوردستان کرد و ڕوویان کردە حوکمی ڕەشیدی بەغدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand