دوو حكومەتی نوێ لە عێراق و هەرێم
2018-11-22 13:32:21
■ مایكڵ نایتس ..وەرگێڕانی: ئارام مەحمود ...
كەركوك بەخاڵێكی بنەڕەتی دادەنرێت لە ڕێككەوتنی داهاتە نەوتییەكان لەنێوان حكومەتی ناوەندی عێراقو حكومەتی هەرێمی كوردستان، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لەم پرۆسەیەدا، پێش ئەوەی بتوانن بگەن بە ڕێككەوتنێكی لەوشێوەیە، چاوەڕواندەكرێت ساڵی داهاتوو هەردوو حكومەتی بەغدادو هەرێمی كوردستان درێژە بدەن بە بەردەوامیی پلانی هەماهەنگی ناردنە دەرەوەی نەوت.
پێدەچێت كوردەكان بەردەامبن لە فرۆشتنی نەوتە خاوەكەیانو ناردنە دەرەوەی نەوتی كەركوكی لەلایەن حكومەتی بەغدادەوە، حكومەتی ناوەندیش كاربكات بۆ دابینكردنی بودجەی هەرێم، ئەم ستراتیژە دەرفەت دەڕەخسێنێت كوردەكان بەردەوامبن لە دابەشكردنی مووچەو پێشكەشەكردنی خزمەتگوزاررییە كۆمەڵایەتییەكانو خەرجكردنی تێچوەكانی نەوتو بەردەوامبون لەدانەوەی قەرزەكانیان بەبڕی 200 ملیۆن دۆلار بەشێوەیەكی مانگانە.
لەسەر ئاستی ئەمنیش، پرۆسەی " Solid torque"بووە هۆی پوچەڵكردنەوەی توانای ڕێكخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی)و گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی ساڵی 2012، لەگەڵ ئەوەشدا، وێڕایی ئەوەی ڕێكخراوی (داعش) هێرشەكانی لەڕووی چەندایەتیەوە كەمیكرد، بەڵام لەڕووی جۆرییەوە فێڵەكانی دوو ئەوەندەكرد.
هێزە ئەمنییەكانی عێراق پێویستیان بە ئەندامی زیاتر هەیە، بەتایبەت لە دانیشتوانە ناوخۆییەكان، لەپێناو بەردەوامبوون لە شكستهێنان بە گروپەكانی ڕێكخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی)، بەهۆی ئەوەی ئەم گروپە ناكۆكییەكانی لەسەر ئەو ناوچانانە قۆستوەتەوە كە لەنێوان حكومەتی بەغدادو حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، پێویستیەكی زۆر هەیە بۆ دامەزراندنی نەوەیەكی نوێ لە هێزی هاوبەش.
بەرپرسە عێراقییەكان بیریان لە پێكهێنانی دوو كەتیبەی نوێ بۆ قەلاچۆكردنی تیرۆر كردوەتەوە، یەكێكیان لە سلێمانیو ئەوی تریشیان لە هەولێر، لەسەر ئەو بنەمایەی لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی فیدراڵیدا كاربكەنو لەلایەن بەغدادەوە پێداویستیەكان بۆ دابینبكرێتو لە دانیشتوانی ناوخۆیی كوردو غەیری كورد پێكبهێنرێت.
لەسەر ئاستەكانی تریش، هێزەكانی (حەشدی شەعبی) ئەدائێكی باشیان لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەكان تۆماركرد، بەجۆرێك ژمارەی ئەندامانی (عەسائیبی ئەهلی حەق) لە پەرلەمان، لەیەك كورسییەوە بازیدا بۆ 15 كورسی، پێویستە لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكان بە ڕوونی ئاماژە بەوەبكات كە ئامادەیە یان ئامادەنیە هیچ پێشكەشی (حەشدی شەعبی)بكات لەڕووی ڕاهێنانو پشتیوانیەوە، هەندێك پێیانوایە پێویستە لەسەر واشنتۆن سزا بەسەر (عەسائیبی ئەهلی حەق)و هەندێك یەكەی تردا بسەپێنێت، بە لە چاونەگرتنی هەر بڕیارێك كە بەرپرسانی ئەمریكی دەیدەن، پێویستە لەسەریان پشتیوانی دامەزراوە بەرگرییەكانی عێراق بكەن.
(حەشدی شەعبی) بەپلەی یەكەم بەهۆی نەبونی هێزی یەدەگی فەرمی سوپای عێراق دامەزرا، تائەمڕۆش ئەم كێشەیە هەیە، پێویستە لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكان پارێزگاری لە بوونی خۆی بكات لەعێراقو، كێبڕكێی ئێران بكات لەسەر هاوكاری سەربازیو هاوكاریكردنی عێراق بۆ دامەزراندنی هێزی یەدەگ، لەڕێی ئەنجامدانی ئەو كارەوە دەتوانێت ئێران ببەزێنێ، چونكە عێراقییەكان هاوكاری ئەمنیی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان بەرزتر دەنرخێنن، وەك لە پشتیوانی ئێرانی.
* مایكل نایتس
پسپۆڕە لە كاروباری سەربازی و ئەمنیی عێراقو ئێرانو وڵاتانی كەنداو و، "هاوڕێی كار" لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتەكانی خۆرهەڵاتی نزیك.