Draw Media

ئاستەنگ و زەمینەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌

ئاستەنگ و زەمینەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌

2018-11-20 12:03:53


■  سەرتیپ جەوهەر 

پێدەچێت پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێم ماوەیەكی درێژ بكێشێت، هێشتنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان بەكراوەیی بەبێ‌ بونی هیچ دەقێكی قانونی بۆ ئەو درێژكردنەوەیە، هاوكات پێكهاتەی وەفدی پارتی بۆ دانوستانەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، بەڵگەی ئەوەن كە ئەم هەویرە ئاوی زۆر دەكێشێت.
ئاستەنگ و ئاڵۆزییەكانی پێكهێنانی ئەم كابینەیە جیاوازترە لە پێشوو، دەتوانین لەچەند خاڵێك رونیبكەینەوە،

یەكەمیان: شوێنەواری بارودۆخی كابینەی پێشوی هەرێم هێشتا نەڕەویتەوە، بەتایبەت بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەشداریكردن لەم كابینەیە دووجار زەحمەتە، جارێك بەهۆی دەركرانی وەزیرەكانی لەكابینەكە، جارێكی دیكە بەهۆی گوشاری بەشێك لەدەنگدەران و هەڵسوڕاوانیان كە پێیانوایە نابێت گۆڕان دوای ئەو بارودۆخەی بەسەریهات لەكابینەی پێشو بەشداری لەحكومەتدا بكات!


دووەم: هێشتا گرژییەكان پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق لەنێوان یەكێتی و پارتی نەڕەویتەوە، هێشتا حكومەتی عیراق بەتەواوی پێكنەهاتوەو بڕیارە كورد وەزیرێكی دیكە بەركەوتەی بێت و دیار نییە بەر كێ‌ دەكەوێت، قسەیەكیش هەیە لەچەند رۆژی داهاتوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی سەردانی بەغدا بكات و عادل عەبدولمەهدی ببینێت، دیار نییە ئەو سەردانە رۆڵی دەبێت لەخاوكردنەوەی گرژی نێوان پارتی و یەكێتی، یان بەپێچەوانەوە، چونكە ئەوە دەوەستێتە سەر ئەوەی د. بەرهەم چاوی پێدەكەوێت یان نا؟


سێیەم: لەوەدەچێت داواو خواستی لایەنەكان بۆ بەشداریكردن لەم كابینیە زۆر بێت، هەریەكەیان بەبێ‌ روانین لەژمارەی ئەندامانیان لەپەرلەمان چاویان لەپۆستەكانی ریزی پێشەوە بێت، ئەمەش دابەشكردنی پۆستەكان زەحمەتتر دەكات.
تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان تێگەیشتنی خۆی بۆ بەرنامەو شێوازی پێكهێنانی حكومەت رانەگەیاندووە، لایەنەكانیش تێگەیشتنی خۆیان بۆ چۆنییەتی بەشداریكردن و مەرجی بەشداریكردنیان لەم حكومەتە رانەگەیاندووە! ئەوەی دیارە ئەوەیە كە راگەیاندنەكان زیاتر تیشك دەخەنەسەر پرسی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت لەنێوان لایەنەكان، لەكاتێكدا رەنگە بۆ ئەمجارە چەند پرسێكی دیكە ببێتە جێی گرنگی لایەنەكان، بەتایبەت یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان.
دیارترین ئەو پرسانەی پێویستە بۆ ئەم كابینەیە بەجددی قسەی لێبكرێت خۆی لەسێ‌ خاڵی سەرەكی دەبینێتەوە،

یەكەمیان: یەكلایی كردنەوەی پرسی شەریك یان شەراكەت لەم حكومەتە؟ رەنگە داوابكرێت ئەوە رونبكرێتەوەو پرسی بڕیاردان لەحكومەت ببێتە باسێكی گەرم.
دووەم: بەرنامەی هاوبەشی كاری حكومەت لەچوارساڵی داهاتوو، هەروەها پابەندبونی هەموو لایەنەكان لەپشتیوانیكردنی ئەو بەرنامەیەو جێبەجێكردنی، چونكە ناكرێت حكومەت تەنها حكومەتی پێدانی موچەبێت بە فەرمانبەران و پرۆژەی باشتركردنی ژیانی خەڵكی نەبێت.
سێیەم: بەرنامەی كاری پەرلەمان، واتە پێویستە لەسەر هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری پەرلەمان بۆ چوار ساڵی داهاتوو رێككەوتنێكی مەبدەئی بكرێت، بێگومان ئەو رێككەوتنە ئەو لایەنانە بگرێتەوە كە حكومەت پێكدێنن، نەك ئەوانەی دەبنە ئۆپۆزسیۆن لەچوار ساڵی داهاتوو! چونكە ئەگەر لەئێستاوە لەسەر هەندێ‌ پرسی رێككەوتن نەكرێت، دەشێت گرژییەكانی داهاتوو لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان لەچوار ساڵی رابردوو كەمتر نەبێت، بەتایبەت پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و پرۆژەی دەستور.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand