بۆچی بەرهەم ساڵح ناچێتە هەولێر؟
2018-11-20 11:55:09
■ كەمال چۆمانی ..دەوری کوردایەتیی و بارزانیی..
لەوەتەی بۆتە سەرۆک کۆماری عێڕاق، بەرهەم ساڵح گوڕوتینێکی خستۆتە ناو سەرۆکایەتیی کۆماری عێڕاق و پەیوەندییە ئیقلیمییەکانی عێڕاق. لەسەر ئاستی دونیادا پێشوازییەکی لەرادەبەدەری لێکراوە. لە شەقامی عەڕەبیی عێڕاقییدا، بە سونە و شیعەوە، لە هەمو ئاستەکاندا، زۆر بەگەرمیی پێشوازیی لە بەرهەم ساڵح کراوە. خەڵکی عێڕاق بە شێوازێکی زۆر تایبەت رێزیان لە دو سەردانی بەرهەم ساڵح بۆ ناو شەقامەکانی بەغداد گرت. لە کوەیت و ئوردن و سعودیە و ئێران پێشوازییەکی شاییستەی لێ کرا. تەنانەت وا لە میدیاکان بڵاوبۆتەوە کە نێوەندگیریی لەنێوان سعودیە و ئێران دەکات، هەرچەندە سەرۆکایەتیی کۆمار رەتیکردۆتەوە.
بەرهەم ساڵح هەرچۆنێک بوە سەرۆک کۆمار و چوە ناو هەر رێککەوتنێکی ژێربەژێر، یان هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسییی و دادپەروەریی جێهێشت، یان دوای ئەو هەمو سوکایەتییە بە یەکێتیی یان سوکایەتیی یەکێتیی بەو چوەوە ناو یەکێتیی، پرسێکە و هەموان رەخنەیان لێی گرت، هەرچەندە ئەوە نامۆ نییە بە دونیای سیاسەتی کوردیی. لە شەڕی ناوخۆی شاخەوە هەر وا بوە؛ ئەمڕۆ خەڵکی بێگوناهـ بە گژ یەکدا دەدەن و یەکتر دەکوژن و سبەی بەیەکەوە گرێبەستی نەوت ئیمزادەکەن و لە کەنار دەریا رادەبوێرن.
ئەوەی زیاتر دەمەوێت بڵێم تەماشای سیاسەتی کوردایەتیی بکەن کە مەسعود بارزانیی خۆی بە خاوەنی دەزانێت. لەبەرئەوەی بارزانیی نەیدەویست بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆک کۆمار، ئێستا حکومەتی هەرێم و بنەماڵەی بارزانیی مامەڵەی لەگەڵ ناکەن. چونکە بارزانیی و پارتیی دژی بەرهەم ساڵح بون، تەنانەت حکومەتی هەرێمیش جورئەتی نەکرد بەیاننامە دەربکات بۆ پیرۆزباییکردن لە بەرهەم ساڵح، هەرچەندە جێگری سەرۆکی حکومەت یەکێتییە. کۆسرەت رەسول تا دوێنێ شێرەکەی پارتیی بو لەناو یەکێتییدا، کەچی ئەمڕۆ ئەو ٥٠ دەفتەر دۆلارەیان بڕیوە کە وەک نەسریەی سەرۆکایەتیی هەرێم پێیان دەبەخشی. تەنانەت بەرهەم ساڵح دەتوانێت بچێتە هەمو شوێنێکی دونیا و لە ئاستی باڵا پێشوازیی لێ دەکرێت، لە شەقامەکانی عێڕاقدا گوڵباران دەکرێت، بەڵام هیچ رون نییە ئەگەر لە هەولێر دەربکەوێت گوللەباران نەکرێت و دواتر ئاساییشی پارتیی نەڵێت دو تیرۆریست بون یاخود دو سەرخۆش بون، یان بەرهەم ساڵح کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی هەبو. بارزانی رایگەیاندوە کە رێ بە بەرهەم ساڵح نادات بچێتە ناو هەولێر.
ئەوە کوردایەتیی بارزانییە عێڕاق بە نەفرەت دەکات، کەچی شەڕ بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار دەکات. کوردایەتیی بارزانییە ئێستاش بە کەرکوک دەڵێت داگیرکراو، کەچی لەگەڵ حەشدی شەعبیی هاوپەیمانێتیی دروستدەکات. کوردایەتیی بارزانییە دوێنێ بە هادی ئەل-عامریی دەگوت دوژمن، ئەمڕۆ هاوپەیمانن پێکەوە. دوێنێ یوسف محەمەد دەرگاکانی هەولێری بەسەردا داخرا، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح.
پارتی و بارزانی پێیان وایە میراتگری کوردایەتیین، کوردایەتیی ئەوان دەستیانپێکردوە و ئەوانیش دەیپارێزن و تا نەشگاتە مەنزڵ، کە هەرگیز ناگات چونکە کەی بگات ریسەکەی ئەوان دەبێتەوە خوری، ئەوان دەبێت بیپارێزن. هەرکەسێک لەو خەتی فاشیزمی کوردایەتییە لای دا، تەخوین دەکرێت.