بەها ونبووەکانی دیموکراسی لە نێوان تەکنەلۆجیا و سیاسەت
2018-11-19 13:32:16
لاوك سەڵاح
شاگەشکە بووین، ئێمە، کە بۆ یەکەم جار کۆمپیوتەر هاتە هەرێمی کوردستانەوە، ئەوە ئەو کاتە بوو کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرەتایی ساڵانی نەوەدەکانەوە بۆ بەرێکردنی کارەکانی خۆیان لەگەڵ دەستی خۆیاندا هێنایان و ئێمە وردە وردە فێربووین کاری لەسەر بکەین، کۆمپیوتەر ئامێرێک و ئامرازێکی راگەیاندن و پەیوەندیکردنی پڕ سیحر بوو. هەموومانی سەرسام دەکرد، بەتایبەتی بۆ نەوەی ئێمە لەو سەردەمەدا.
بەر لە راپەرین، هەموو دەزانین، ئەگەر ئامێرێکی چاپکردنی ئاسایی لە کاتی پشکنینی ئەمندا لە ماڵەکەدا بگیرایە، زۆر بە ئاسانی دەوڵەت بە تۆمەتی بەشداربوون لە روخاندنی رژێمی دەخستیتە پاڵ و فەنا دەبوویت. لە یادمە، لە رۆژانی راپەریندا، کۆتایی مانگی سێ و سەرەتای مانگی چوار ١٩٩١ بوو لە ماڵی هاورێمان بەختیار عەلی گۆڤاری "ئازادی" یمان لە ژێر زەمینەکەیاندا چاپ دەکرد، هەموومان بە ئامێرێکی کۆنی چاپ خۆمان فێری چاپکردن کرد!
بەراوردکردنی ئەو رۆژانەی رابردوو بە رۆژانی ئێستا نەوەک هەر زەمەن و پانتایی و کەڵێنێکی گەورەی لە نێواندایە بەڵکو بەها مرۆییەکان و تێروانین بۆ شتەکان و رەفتاری مرۆڤەکان و بەکارهێنانی ئامێرەکان و مەبەست و پەیوەندییەکانی مرۆڤ و سیستمی کۆمەڵایەتی و بێگومان شێوازەکانی حوکمرانی گۆرانکاری زۆریان بەسەردا هاتوون.
لە ئێستادا ململانێیەکی شاراوە، شەرێکی قێزەوەن لە نێوان سیاسەت و تەکنەلۆجیادا بەرامبەر بە بەهاکانی دیموکراسی هەیە کە رەنگە لە "دە"یەکانی داهاتوودا ئەو ململانێییە یان بەسەرکەوتنی سیاسەت کۆتایی بێت کە بەتەواوی کۆنترۆلی تەکنەلۆجیا و دونیای دیجیتال دەکات و مۆری خۆی لەسەر بەرجەستە دەکات یان تەکنەلۆجیا خۆی بەها دیموکراسییەکان دەسرێتەوە، لە بری چاوەڕوانییە مەزنەکان کە تەکنەلۆجیا کارئاسانی بۆ ژیانی مرۆڤ دەکات و ئاسوودەیی و کامەرانی بە کۆمەڵگە دەبەخشێت، کۆمەڵگە بەرەو بۆشاییەکی گەورە بەرێت کە دونیا بکاتە دونیای ئامراز و چەند کۆدێک و پاسوێردێک و فۆرمێکی بێ گیان وهیچیتر و لە بازنەیەکی بەتاڵدا بە دوای تارمایی خۆماندا وێڵ بین بە بێ بوونی ناوەرۆک و قسە و دایالۆگ و بەهایەکی قووڵ کە تام بە ژیانمان ببەخشێت.
ئایا لەو بڕوایەدا نیین کە نەوەک تەنیا کۆمەڵگەی کوردی بەڵکو دونیا سەرتاپا لەم قۆناغەدا پێویستی بەوەیە کە هەڵوێستەیەک بکات بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند تەکنەلۆجیا بەهای بۆ دیموکراسیەت زیاد کردووە، ئایا کاری ڕێکخراوەکانی مەدەنی فراون یان لاواز کردووە؟ ئایا بە شێوەیەکی گشتی کاری لە سەر ئیرادەی هاوڵاتی کردووە، نموونەیەکی زۆر نزیک هەموو میمۆری ستکەکەی هەڵبژاردنی رابردوومان لە یادە کە کارمەندەکان بەر لە هاوڵاتییان نەیاندەزانی کاری لەسەر بکەن و ئەو ئاستە لە بەکارهێنان و تێگەیشتن کاری کاریگەر بوو لە بەکارهێنانی میۆرییە ستکەکە بۆ زۆرکردنی دەنگەکان لەلایەن پارتە سیاسییە باڵاکانەوە.
ئەم نووسینە بانگهێشتکردنی خوێنەرە بۆ مەزەنەکردنی ئاییندە و دارشتنی چوارچێوەیەک بۆ پەیوەندی نێوان دیموکراسی و تەکنەلۆجیا و سیاست، کێ شەرەکە دەباتەوە؟ کاریگەری تەکنەلۆجیا بە تایبەتی سۆشیال میدیا و میدیای دیجیتاڵ و مۆبایەڵ..هتد لەسەر هەلومەرجە ئابووری و داراییەکان چییە؟ تا چەند دەتوانرێت دادوەری و یەکسانی لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگە بپارێزێت، لە نێوان ئەوەی دەوڵەمەندتر دەبێت و ئەوەی، لانی کەم، وەک خۆی دەمێنێتەوە؟ تا چەند رۆڵی دەوڵەت و حکومەت دەگۆردرێت، بە باش یان خراپ؟ ئایا ئەم مشتومڕە یارمەتی دامەزراندنی حکومەتی ئەلکترۆنی دەدات وەک ئەوەی کە دەبێت هەبێت؟! کاریگەری لەسەر بازاڕکردن چۆن دەبێت بەتایبەتی لە ئێستادا ئەو تەکنەلۆجیایە لە ماڵەکانماندا جێگیربووە.
راستە ئەم جۆرە تەکنەلۆجیایە ژیانی ئێمەی ئاسان کردووە و تواناکانمانی فراوان و زیاد کردووە، پانتایی نێوانمانی لە کیشۆرێکەوە بۆ کیشۆرێکی تر نزیکردۆتەوە و بە ئاسانی یەکتر دەدۆزینەوە و دونیایەک بەرهەمی نوێی هێناوەتە ئاراوە بەڵام ئایا هەموو ئەم سوودانە یارمەتی پیادەکردنی دیمکراسییەت دەدەن؟ ئایا کاریگەریان بە باش و خراپ لەسەر بەهاکانی مرۆڤدۆستی ودادپەروەریی و یەکسانی لە مەودایەکی فراواندا چۆن دەبێت؟
بێگومان کە باس لە دیموکراسیەت دەکەین مەبەستمان شێوازەکانی حکومرانییە، سەروەرییە، مافە مەدەنییەکانە، نوێنەرایەتیکردنە، دابەشکردنی ماف و ئەرکە بەسەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئەوەی کە گرنگیشە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە ئەم پەیوەندییە لەهەر کۆمەڵگەکەیدا بە جۆری لۆکەڵی واتە لە ناو ژینگەکەی خۆیدا دەردەکەوێتەوە کە ئەمەش وا دەکات هەندێ لە گرفتەکانی ئەو کۆمەڵگەیە لەگەڵ خۆی هەڵگرێت.
میکانیزمەکانی دیموکراسیەت لە سەردەمی بونیاتنانی نەتەوە و گەشەسەندنی پیشەسازی هاتەکایەوە، لە کاتێکدا میدیای دیجیتال لەگەڵ ئەم فۆرمە ناکۆکە، میدیای دیجتال جوگرافیای نییە. لامەرکەزییە، لەسەر تۆری پەیوەندییەکان بەندە، بەڵام سەرباری ئەم راستیەش، لە نێوان هەردووکیاندا ئەوەی هەر بە زیندووێتی دەمێنێتەوە نەوەک هەر چەمکە یاسایییەکانی دیموکراسیەتە بەڵکو کۆڵەکە گرنگەکانی دیموکراسیەتە کە دەبێت هەر بمێنێت و پارێزگاری لێبکەین.
نموونەیەک کە دەشێت ببێتە سەرەتای رێکخستنی دونیای سیاسەت و تەکنەلۆجیا لە لای ئێمە تا چەند ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و هەرێم دەتوانن کەڵک لە ئەزموونە یاسایی و پەرلەمانتارییەکانی دونیای رۆژئاوا وەربگرن بۆ ئامادەکردنی لێكۆلێنەویەکی بەراوردکار بۆ ژینگەی ئێمە بە بەکارهێنانی چەمکە رۆژئاواییەکان لە رێگای تەکنەلۆجیاوە، هەر بۆ نموونە کێ شارەزای لێکۆلێنەوەی یاساییە بە بەکارهێانی پیشەیی ئینتەرنیت و بە شێوەیەکی شیاو کە ببێتە زەمینەیەک بۆ تەشریعکردن و یاسا دارشتن و لۆبیکردن بۆ مەترسییەکانی ئێستا و ئاییندە.
کاری لەم جۆرە دەتوانێ پانتایی ژینگەی لۆکەڵ فراوان بکات نەوەک هەر بۆ رێگرتن لە سرێنەوەی بەها دیموکراسییەکان بەڵکو بەر لەوە بۆ بەرجەستەکردنە سەرەتاییەکانی دیموکراسی، لەبەر ئەوەی لە پاش تێپەربوونی زیاتر لە ١٥ ساڵ بەسەر ئەزموونی هەڵبژاردن هەمیشە هەست دەکەیت کە ئەم پرۆسە گرنگە لە گەمێیەک زیاتر نییە و کاری پر مەترسی کردۆتە سەر هەموو کایەکانی دیکەی ژیانیشمان هەر لە سرینەوەی ئەرکی سەرەکی دیموکراسی تا دەگاتە تێکدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان و گەشەنەکردنی کەلتووریش