ئایا خوێندنی ئیسلامی لە هەرێم یاساغە؟
2018-11-18 09:06:06
■ ئـاری غـازی
دوای بڵاوکردنەوەی فەرمانێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیاندنەکان و سۆشیال میدیا سەبارەت بە داخستن و نەکردنەوەی بەشەکانی خوێندنی زانستە ئایینیەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، دەنگۆیەك بەناوی بەرپەرچدانەوەی دژە ئیسلامەکان ئەگەر بەری پێنەگیرێت و سبەی بگاتە مینبەری مزگەوتەکان ئەوا دوورنییە قەیرانە سەرەکییەکانی هەرێم و پرسوباسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەبیری خەڵكی عەوام بباتەوە.
دوای ئەوەی ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە بڕیارێکی ئەکادیمی و زانستی نەکردنەوە و بەردەوام نەبوونی خوێندنی ئێوارانی لە سەرجەم بەشە پسپۆرییە زانستییەکان و یاسا ڕاگەیاند و بنەمای ئەم بڕیارەش هۆکاری خۆی هەیە لە لایەنە زانستی و ئەکادیمی و کارگێڕی و لەبەرچاوگرتنی پلانی ستراتیژی داهاتوو و پێویستی بازاڕی کار لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتی.
بۆیە بەهەمان ئەو پێوەرانەی بۆ بەرەوام نەبوونی خوێندنی ئێواران لە بەشە پسپۆڕییە زانستییەکان و یاسا بێت، ئەوا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لە بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندن و ئاستی زانستی لە بەشەکانی زانستە ئایینیەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان. کەچی هەموو ئەو ڕەخنانەی تائێستا لەم بڕیارە گیراوە و تەنانەت ئەو پشتگیریانەی بۆ ئیستیفیزای ئیسلامییەکان لەم بڕیارە هەیە، هیچیان پێوەری زانستی و بنەمای ئەکادیمی تێدانەبووە و تەنها هەڵچوون و وەڵامی سۆز و عاتیفەی ئایینی یان دژە ئایینی بووە.
دوای سەرهەڵدانی جەنگی داعش و تەشەنەکردنی هزری توندڕەوی لە هەرێم و ناوچەکە، هەموو لایەك بە خودی پارت و بانگخواز ڕۆشنبیرە ئیسیلامییەکانەوە کۆکبوون لەسەر کارکردن بۆ نەهێشتنی هزری توندڕەوی ئایینی و جەختکردنەوە لەسەر پێکەوەژیان و پشتگیری کردن لە هزری میانڕەوی ئایینی. کە ئەمەش پێویستی بە کارکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە لە حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و پارتە ئیسلامییەکان. بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوەکانی حکومەت لە ڕێکخستنەوە و دابەشکردنەوەی خوێندنگە ئیسلامییەکان دەستی پێکرد لەنێوان وەزارەتەکانی ئەوقاف و خوێندنی باڵا و پەروەردە. ئێستاش دەکرێت بڵێین نەهێشتنی خوێندنی ئێواران لە بەشە زانستە ئایینیەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان قۆناغێکیترە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرگەگرتن لە هزری توندڕەوی ئایینی.
لەوانەیە ڕەخنەی ئیسلامییەکان لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێکخستنەوە و پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی خوێندنی بەشە ئایینیەکان بەهۆی گومانیان بێت لەو کەسانەی بەم کارە هەڵدەستن و لە زهنییەتی ئەواندا ئەو کەسانەی سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە دەکەن و بڕیارەکان دەدەن، خەڵکی دژە ئایین و دژە هزری ئیسلامیین و بە دوژمنی ئیسلامی سیاسییان دەزانن. بەڵام دەشبێت واقعیانە لەدوو بڕیاری حکومەتی هەرێم لە یەك کاتدا بڕوانن و بەراوردی بکەن، ئایا داخستنی خوێندنی ئێواران لە بەشەکانی زانستە ئایینیەکان مانای یاساغی خوێندنی ئیسلامی دەدات لە کاتێکدا هەر ئەمساڵ بۆ یەکەمجار دوو کۆلیژی زانکۆیی ئەهلی بۆ دیراساتی ئایینی کراوەتەوە و هەر یەکەیان هەردوو بەشی پەروەردەی ئیسلامی و بەراوردی ئایینەکان لە خودەگرێت؟!
کادرانی پارتە ئیسلامییەکان وێڕای ئەوەی نەیانتوانی وێنەیەکی جوان لە ڕووی ئەکادیمی و هزرییەوە لە خوێندنگە ئیسلامییەکان پێشکەش بکەن و ئەوکاتانەی خۆیان لەو ناوەندانە باڵا دەستبوون نەهاتن پێش بۆ داڕشتنەوەی پڕۆگرامێکی سەردەمیانەی تێگەیشتن لە ئایین کە ناوەخنی پڕبێت لە میانڕەوی و پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردن و بە سەنتەرکردنی مرۆڤ. کەچی ئیسلامییەکان لە هەمانکاتدا بەپێی پاشخانی هزری و سیاسی خۆیان هاتبوون ناوەندەکانی خوێندنی ئیسلامییشیان دابەشکردبوو، بە جۆرێك هەر مەدرەسە و حوجرە و پەیمانگە و خوێندنگەیەك پەیوەست بوو بە لایەنێکی ئیسلامی یان پاشخانی هزرێکی ئیسلامی موستەعاربوو. کە ئەم زۆری و بۆیەش بووە هۆی کۆنتڕۆڵ نەکردن و لە ئەنجامی ویستیان بۆ ڕاکێشانی زۆرترین ئەندام و لایەنگر بووەهۆی ئەوەی هزری توندڕەوی لە پەنایاندا گەرا دابنێت و ببێتە بیانوویەکیش بۆ دەسەڵات دایانبخات و لەژێر چەتری چاودێری خۆیدا کۆیان بکاتەوە.
بەشێوەیەکی گشتی نەك بە ڕەهایی، ئیسلامییەکان لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ئەو ناوەندە ئایینیانەش شکستیان هێنا لە پەروەردەکردنی تاکی بەرپرسیار و مامۆستای ئایینی خەمخۆر و هەقبێژ و نەترس کە هەمیشە لە بەرەی خەڵك بێت یاخود کەسانی بە توانا و شارەزا و ئەکادیمی پێبگەیەنن دوور لە ئینتیمای حزبی و هزری ئیسلامی موستەعار بۆئەوەی بشێن بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوە ئایینییەکان و ناوەندەکانی خوێندنی ئایینی بۆئەوەی چارەنووسی ئەمڕۆیان نەکەوتایە دەست خەڵکیتر.
ئەوەی پێویستە لەم قۆناغە بۆ بەرەوپێشبردنی خوێندنی ئایینی و دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی تێدا دەژی و بنەماکانی ئایین و پەروەردەکردنی تاکی ئایینی ئەکلدیمی خاوەن زانستی شەرعی و ئیمان و هەڵگری هزرێکی میانڕەو و بڕوابوون بە پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردن، هاتنە پێشەوەی ڕۆشنبیران و ئەکادیمییانی ئیسلامی و زانستە ئایینیەکانە بەگشتی و کشانەوە و دەستهەڵگرتنی پارتە ئیسلامیەکان و هەڵگرانی هزری ئایینی موستەعارە لە ناوەندەکانی خوێندنی ئایینی.