Draw Media

ڕیفۆرم یا  شۆڕش لە كوردستان؟

ڕیفۆرم یا  شۆڕش لە كوردستان؟

2018-11-18 08:11:31


■  ئەیاد برایم
وشەی ڕیفۆرم یا چاكسازی پێچەوانەی وشەی گەندەڵییە لەڕووی دەستەواژەییەوە،لەفەرهەنگ (وێبستێر)بۆ دەستەواژە سیاسییەكان( 1988ز)چاكسازی سیاسی واپێناسەكراوە،كە باشتركردنی سیستەمی سیاسی لەپێناو دوور خستنەوەی ستەمكاری و گەندەڵی،ڕیفۆرمی سیاسی كۆڵەكەیەكی بنچینەیی حوكمڕانی باش و دیارە ، سەروەری یاسا و شەفافیەت و بەشداریكردنی خەڵك لە بڕیاردان و لێپرسینەوە ....  هتد . ئەمانە لە دیاردەكانی چاكسازین دیارە ئەمانەش بە جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەیەكتر دەكرێت ، بەواتایەكی دیكە،چاكسازی سیفەتی كاردانەوەی هەیە چونكە ڕێگرە لەستەمكاری و گەندەڵی . بەڵام شۆڕش واتە گۆڕانێكی بنەڕەتی و ڕیشەیی بەهۆی توندوتیژی لەناكاودا دەبێت لەڕووی پۆلێن كردنەوە ، شۆڕش پۆلێن دەكرێت بۆ ( شۆڕشی سیاسی ، شۆڕشی كۆمەڵایەتی ، شۆڕشی كەلتوری ) ئەوەی من مەبەستمە شۆڕشی سیاسیە چەندین پێناسەی بۆ كراوە لەڕووی سیاسیەوە دەكرێت وەها پێناسە بكرێت، جوڵەیەكی فراوانی میلی ئاراستەداری سیاسی ڕێكخراوە گوزارشت لەڕای زۆرینەی خەڵك دەكات.
دەكرێت بڵێین شۆڕش دەرهاویشتە و پەرچەكردارەی چینوتوێژە جیاوازەكانی خەڵكە،بە شێوەیەكی ڕیكخراو لە پێناوی گۆڕانكاری ڕیشەیی لە دۆخی(سیاسی،ئابووری،كۆمەڵایەتی،كەلتووری)لەكات و سەردەمێكی دیاریكراودا لەڕێگەی بەكارهێنانی هێزەوە ئەنجام دەدرێت.
لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە چاكسازی جودایە لەشۆڕش ، چاكسازی لە چوارچێوەیەكی دەستوریدا ڕوو دەدات،هەندێك كات ڕیفۆرم كاریگەرترە لەشۆڕش،ئەو ووڵاتانەی دەرەتانی ئەوەیان تێدانیە ڕاپەڕین یان شۆڕش بكەن ڕیفۆرم جێگای شۆڕش دەگرێتەوە وەك ڕیفۆرمە بەناوبانگەكانی ( بسمارك ) لە ئەڵمانیا و ( گۆرباچۆڤ ) لەیەكێتی سۆڤیەتی جاران،دەرەنجامی گەورە و كاریگەریان هەبووە ،ئەوەی من مەبەستمە قسەی لەسەر بكەم ئەو دۆخەیە كە لە هەرێمی كوردستاندا ڕوو دەدات دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییە كە گەندەڵی و ستەمكاری بەشێوەیەكی فراوان باڵی بەسەر ئەم هەرێمەدا كێشاوە كە خەڵكی توشی دەیان قەیران و گرفت كردووە كە كەم كەس بڕوای باشبوونی ئەم دۆخەی هەیە.
لەهەر ووڵاتێكدا شۆڕش بكرێت پێویستی بەكەسی شۆڕشگێڕ ورۆشنبیریی لێهاتوو كارامە هەیە تا پێشڕەوی جەماوەر بكات بۆ ڕاپەڕین خەمی خاك وخەڵك  لەپێش بەرژەوەندیەكانی حزب و تاكە كەسەوە بێت،بەڵام ئەوەی لەهەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت بەشێكی زۆری شۆڕشگێڕەكانی سەردەمی شاخ دابەش بوون بەسەر حزبە حوكمڕانەكاندا لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و خۆیاندا بەرژەوەندی خەڵكیان وەلاناوە،بەشێكی زۆریش لە ڕۆشنبیران بوون بەشێك لە دەسەڵات لە لایەن حزبەوە ئاڕاستە دەكرێن.لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە لە هەرێمی كوردستان دەرفەتی ئەوە نەماوە شۆڕش بكرێت،لە ئێستادا ئەوەی جێگای ئومێدی بەشێك لەخەڵك بێت تەنها (ڕیفۆرم)ە، ڕیفۆرمیش پێویستی بە ئیرادەیەكی ڕاستەقینە هەیە ، پێویستە دەسەڵات ئەو ڕاستیەی لەلا گەڵاڵە بووبێت بارودۆخ بەم شێوەیە ناڕوات بەڕێوە گرنگە هەنگاوی خێراو بەپەلە بنێت بۆ گەڕانەوەی سەروەری وكاراكردنەوەی دامودەزگاكانی حكومەت،بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بەقۆناغێكی ئاشتەوایی نوێ‌ هەیە لەنێوان حزبی حوكمڕان و ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەی میانڕەون كاریگەرن لەناو كۆمەڵگادا،ئێستا حزبەكان سەرگەرمی گفتوگۆن بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگە ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆن بوون بە مەرجی چاكسازی ڕاستەقینە بەشداری لە پێكهێنانی حكومەت بكەن بڕوای تەواویان بەخۆیان هەبێ‌ كە دەتوانن چاكسازی بكەن،دەكرێت چاكسازی لەسەرەتادا لە سنورێكی دیاریكراودا ئەنجامبدرێت و بەپێی كات پانتاییەكی فراوانتر بگرێتەوەو كاریگەری هەبێت لەسەر كۆمەڵگا و دامودەزگاكانی تر.ئەو هێزانەشی بەشداری پێكهێنانی حكومەت ناكەن دەتوانن لەپەرلەمان ببن بە ئۆپۆزسیۆنێكی گرنگ و كاریگەر  چاودێری  كارەكانی  حكومەت  بكەن،لە دەرەوەی  پەرلەمانیش  بە چەندین  ڕێگەی جیاواز  فشار بكەن  لە دەسەڵات  بۆ  ئەنجامدانی  چاكسازی  ڕاستەقینە،بەم  ڕێگەیە دەتوانرێت  سەروەری یاسا و  شەرعییەت  بۆ  دام و دەزگاكانی  حكومەت  بگەڕێتەوە  هەرێمی  كوردستان  ڕزگار  بكرێت لەو  قەیرانانەی  بەرۆكی  كۆمەڵگای گرتووە،تا هاوڵاتیان  بڕوایان  بە هەڵبژاردن و  دام و دەزگاكانی دەوڵەت  هەبێت و  بەشدار بن لە بڕیاردا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand