شایی بۆ هاتنی نێچرڤان بارزانی سازمەكەن
2018-11-16 21:31:44
■ محهمهد نوری
١
گۆڕان بۆ یەكێتی دەچێ
ئەوەی بەتەواوەتی یەكلانەبووەتەوە ئەوەیە: كە بزوتنەوەی گۆڕان بەفەرمی راینەگەیاندوە كە ناچێتە ناو ئەم كابینە نوێیەی حكومەتەوە ،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەم یاری بەكات دەكات، هەمیش دەیەوێت دەنگدانەوەی بەشداربونو بەشدارنەبون لەناو هەڵسوڕاوەكاندا ببیستێتەوە. بەڵام ئارەزووی سەرەكی ئەو دەستەیەی كە ئێستا جڵەوی گۆڕانیان بەدەستەوەیە (كە بەپێی هەمو پێوەرەكان شكستی سیاسییو جەماوەریو متمانەییان بەگۆڕان هێناوە) ئەم دەستەیە دەیانەوێت بچنە ناو حكومەتەوە، لاشیانوایە ئەم بەشداربونە دەربازییان دەكاتو فریای كەوتنەكانیان دەكەوێت. (هەندێكیشیان دەیانەوێت ئەزموونی سیاسیی خۆیان بەپۆست لەناو ئەم كابینەیەدا كۆتایی پێبهێنن)، بەڵام گۆڕان چۆن دەیەوێت بچیتە ناوحكومەتەوە ؟بۆ دەیەوێت بچیتە ناوحكومەتەوە؟ ئەگەر پێشتر لەساڵی ٢٠١٣ گۆڕان وەك بزوتنەوەیەی سیاسی دروشمی سەرەكی وتایتڵی هەڵبژاردنەكانی بریتی بو لە: بەرەو دەسەڵات. ئەوكاتەش لەناو ختابی گۆڕاندا باس لە گۆڕینی شێوەی حكومڕانیو دەربازكردنی دەسەڵات بوو لە كەوتن وشكست ،ئەی ئێستا بۆ دەیانەوێت بەشداربن ؟
ئەمجارە گۆڕان بۆ ئەوەناچێت فۆرمێكی نوێ پێشكەش بكات بەڵكو تەنها لەپێناو ئەوەدا دەیەوێت بەشداربێت كە پۆستەكان لەیەكێتی بەرێت، واتا لەختابی گۆڕینی مۆدێلی سیاسیی لەكوردستان بۆ ركابەریی تەنها حزبێك كاردەكات. ئەوەی ئێستا لەلێدوانە نافەرمییەكانی هەندێك لەسەركردەكانی گۆڕاندا دەردەكەوێت ئەوەیە: كە گۆڕان ئەمجارە باسی گۆڕینو دەستكاریكردنی حكومڕانی ناكات، باسی بەنیشتیمانبوونی دەزگاكانو شەفافییەت ناكات ،ئەو دێڕەی كە تەنها لەئێستادا باسی دەكات: وەرگرتنی ئەو پۆستانەیە كە بەدەست یەكێتییەوەو بەس.
كەواتە دوبارە ململانییەكانو بەركەوتنەكان بەرو رووی سلێمانی دەبێتەوە، لەویش لەهەولێر، پارتی بۆ خۆی تەماشای بەركەوتنەكانی نێوان یەكێتی وگۆڕان دەكات.
بەكورتی وەك لەلێدوانەكانیاندا دەردەكەوێت گۆڕان نایەوێت بەشداربێت لەحكومەت وەك پشكی سیاسیی خۆی، یان وەك هەنگاوێك بۆ چاكردنی جومگەكانی حكومڕانیی، بەڵكو ئامانجی بەشدارییەكەی تەنها بۆ ئەوەیە بەرامبەر یەكێتی بوەستیتەوە. لەبەرامبەر ئەمەشدا پارتی دەیەوێت گۆڕان بەشداربێت لەحكومەت بۆ ئەوەی نییە كە پرۆسەی سیاسیی بەبەشداربوونی هێزەكانی تر رەنگاورەنگ بكات، بەڵكو پارتی دەیەوێت دۆخی سلێمانی شپرزەبكات، لەبەرئەوەی هەولێر ودهۆك كە شوێنی باڵادەستی ئەوە پریشكی ئەو ململانییانەی بەرناكەوێت،هەم گۆڕان وهەمیش یەكێتی لەسلێمانی شەڕەكە گەرم دەكەن، بەمەش پارتی تیرەكانی كە هەڵیدا شوێنی خۆی دەپێكیت.
٢
دروستكردنی دێو
لەهەموو لێدوانە فەرمیو نافەرمییەكاندا پارتی بەمنتەوە باسی حكومەتو بەشداری لایەنە سیاسییەكان دەكات. راستە پارتی لیستی براوەی یەكەمە لەهەرێم، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی پارتی وەك خێرو سەدەقە تەماشای پۆستەكان بكاتو لای وابێت ئەو دەتوانێت مایسترۆی دابەشكردنەكان بێتو بەخێر بیدات بەلایەنەكانی تر. ئەم بۆچوونەی كە لای پارتی چەسپیوە دەگەڕێتەوە بۆ دو هۆكار:
هۆكاری یەكەم: نەبوونی جورئەتی وەڵامدانەوەی بەهێزلەلایەن نەیارەكانەوەو بێدەنگبوون لەوەی پارتی برا گەورە وبرا سەروەر وبرا رابەربێت ،رێشیی پێدەدرێت ئەم شێوە قسانە دەرببڕێت.
هۆكاری دووەم: تا ئێستا پارتی لەو وەهمە بەئاگانەهاتووتەوە كە ئەو وەك حزبێكی سیاسیی شكستی گەورەی هێناوە. پارتی دوای ریفراندۆم ئەو پارتییە كە قەدەری وڵاتێكی لەسەر (سەری گرت باشە وسەری نەگرت قەیچیكا) دانا. بۆیە دەبێت پارتی لەو خەونەی بەئاگابیتەوە ئێستا زمانی رەهاو تاك هەڵویستی وتاك بڕیار ناتوانێت دەرگاكانی بۆ بكاتەوە ،بەتایبەت لەدوای ئەوەی پارتی لەزۆر یاریی سیاسییدا دۆڕا كە رەنگە دیارترینیان شكستی ریفراندۆم بێت. (كاك نەوشیروان مستەفا لەزۆر شوێندا ئەو رستەی وتوە: پارتی ئەو دێوە گەورەیە نییە، ئەوەی دێو دروست دەكات حزبەكانی ترن، گەرنا ئاسانە دەتوانرێت گەمەی سیاسیی لێببرێتەوە) كە ئەم قسەیەم بۆ هەڵسوڕاوێكی گۆڕان گێڕایەوە،ئەو وتی: خەریكە ئێستا گۆڕان پارتی دەكات بەدێو .(بەهیوام وانەبێت)
٣
با پڕنەبێت
ئەزمونی حكومەتی بنكە فراوان و ئەزمونی حكومەتی پڕ لە حیزب نەك شكستی هێناوە بەڵكو ئەم چوار ساڵەی پێشوو ئەوبۆچوونەی چەسپاند كە ئەم شكڵە لە حكومڕانیی ناتوانێت بەردەوامبێت ودەشبێتە نەگبەتی، هەروەهاهیچ قازانجێكی سیاسیش بە هاوڵاتیان ناگەیەنێت .لەم جۆرە حكومەتەدا هیچ لایەنێك خۆی بەبەرپرس دانەدەنا ،كەس ئامادەنەبوو بڵێت منیش پشكم هەیە لە چارەسەرنەكردنی قەیرانەكان، رەنگە رستەی باوی ئەو حزبانە (گۆڕان و یەگرتوو وكۆمەڵ )ئەوەبێت كە رێگریان لێكراوە و دەسەڵاتی تەواویان نەبووە ،ئەم قسەیە بێ مانایە لەبەرئەوەی بۆ ئامادەی بەردەوامبێت لە دەزگایەك كە دەسەڵاتت نەبێت ،مادەم ئامادەبوویت كاربكەیت وخاوەنی پۆستبیت كەواتە ئەو قسەیەی كە دەسەڵاتمان نەبوە ،پەنجا دیناری ئەم پارە تازەیە ناهێنێت .
باشترین رێگە چارە دروستكرنی حكومەتی زۆرینەیە ،ئەمەش لە كوردستاندا لەم قۆناغەدا سەرناگرێت و ناتوانرێت خۆی بگریت .قسەی راست لەم قۆناغەدا ئەوەیە :ئەگەر سەرۆكی حكومەت پارتی بێت دەبێت جێگرەكەی یەكێتی بێت، گەردیمەنەكە بەمشێوەیە نەبێت ئەوا حكومەت تەشكیل نابێت .بۆیە رەنگە دروستترین هەنگاو لەم كاتەدا ئەوەیە هیچ هێزێكی سیاسیی نەچیتە ناو ئەم كابنیەیەوە،با بزانین یەكێتی وپارتی پێكەوە ئەمجارە دەتوانن موچە وبژێوی خەڵك باشبكەن؟ لەپاڵ ئەوەشدا با یەكێتی وپارتی ئەمجارە پاساو نەهێننەوە،لەحاڵەتی كەوتندا. لێگەڕێن بزانین ئەمجارەش چی دەكەن؟ ئەگەر هێزەكانی تریش بڕیاری بەشدارییاندا لەحاڵەتی بەشداربوون دەبێت بەتەواوەتی بەشداربن، نەك وەزیرەكانی ئەنجومەنی وەزیران قسەیەكیان هەبێت و پەرلەمانتارەكانیان قسەیەكی تر. دەبێت سەردەمی دوو قاچی تێپەڕێنن ،قاچێك لە خێرو خۆشی دەسەڵاتدایە و قاچەكەی تریش لە ناو موعارەزو ناڕەزایدابێت ،یان دەبێت لەحكومەتەدابێت بەهەموو گیانییەوە، یان لەناو موعارەزەدا بە هەموو هەناسەیەكەوە، خەتی ناوەڕاست نییە لە بەشداربووندا. یان دەبێت نێچرڤان بارزانیو قوباد تاڵەبانی كوڕی باشبن یان دەبێت كوڕی خراپ بن.