دروستبوون و مانەوەی ئێمە و ژیان لەسەر گۆی زەوی
2018-11-16 17:39:44
■ لوقمان حەوێز
ئەو هۆکار و پێداویستیانە چین یان چی بوون کە ژیان هەروەها ئێمەیان بەرهەمهێناوە؟
لەم نوسینە کورتەدا هەوڵ دەدەم بەدوای وەڵامێکی زانستی بگەڕێم بۆ یەکێک لە پرسیارە هەرە قورسەکان، ئەویش پرسی بوونی ژیانە بەگشتی...
لەوانەیە هەرگیز نەزانین و تێنەگەین بۆچی ژیان و ئێمە هەین، بەڵام لە ڕووی زانستیەوە بوون و دروستبوونی ژیان هەروەها ئێمە بەو شێوەیەی دەیزانین پێویستی بە بەرجەستەبوونی کۆمەڵێک کەرەستە و هۆکار هەبووە و هەیە، ئێستا دڵنیاین کە کۆمەڵێک هۆکار هەن بۆ بوونی ژیان لەسەر گۆی زەوی بەمرۆڤیشەوە، لەم چەند دێڕەی خوارەوە بەکورتی گرنگترینی ئەو هۆکارانە لە چەند خاڵێکی سەرەکی کۆدەکەمەوە:
هۆکار یان پێداویستی یەکەم: بوونی ژیان و ئێمەش پێویستی بەبوونی هەندێک لە توخمە کیمیاویە قورسەکانە Heavy.Elements، لەسەدا 99.9 ی پێکهاتەی هەموو خانە زیندووەکان و خانەکانی لەشی ئێمە تەنیا لە 11 توخمی کیمیاوی دروستبووە، هەموو ئەو توخمانە بۆ نمونە کاربۆن، نایتڕۆجین، کالیسیوم، فۆسفۆڕ، هتد.... جگە لە هایدرۆجین بە توخمە قورسەکان دەناسرێن کە لەناو ناوکی ئەستێرەکان دروستبوون و دروستدەبن، هەموو خانە زیندووەکان و ئێمەش لەسەر گۆی زەوی لە پێکهاتەکانی توێکڵی گۆی زەوی دروستبووین، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو توخمە قورسانە بەشێکن لە پێکهاتەی زەوی و کۆمەڵەی خۆر، کەواتە کۆمەڵەی خۆری ئێمە و زەوی وخۆریش کە ئەستێرەیەکی مامناوەندیە جگە لەوەی لەتەمێکی هایدرۆجینی دروستبووە بەڵام تۆز و پاشماوەی تەقینەوەی ئەستێرەیەکی تریش تێکەڵ بووە بەو تەمە، ئەو توخمە قورسانەی ئێمە و ژیانیان لێ دروستبووە لەناو ئەو ئەستێرەیە دروستبوون کە پێش خۆر هەبووە و دوایی تەقیوەتەوە، واتە ئێمە و هەموو ژیانیش بەشێکی زۆر زۆر کەمین لە تۆزی ئەو ئەستێرەیەی پێش خۆر هەبووە و دوایی نەماوە و تەقیوەتەوە، ئێستا دەزانین کە ملیارەها ساڵ پێش دروستبوونی خۆر ئەو توخمانەی لەشمان لەناو ناوکی ئەو ئەستێرەیە دروستبووە، ئەگەر خۆر و کۆمەڵەی خۆری ئێمە لە نەوەی یەکەمی ئەستێرەکان بووایە واتە تەنیا لە تەمێکی هایدرۆجینی دروستبووایە، هەسارە بەردینیەکان وەکو گۆی زەوی کە پڕە لەو توخمە قورسانە لە کۆمەڵەی خۆر دروست نەدەبوون، ئەوکاتە ژیان و ئێمە هەرگیز لێرە نەدەبووین...
هۆکاری دووەم: شوێنی گۆی زەویە لەناو کۆمەڵەی خۆر، گۆی زەوی کە هەسارەیەک و پاشکۆیەکی خۆرە دەکەوێتە شوێنێک یان زۆنێک لەناو کۆمەڵەی خۆر کە بە Habitable.Zone دەناسرێت واتە گونجاوە بۆ ژیان، لەو زۆنەدا هەسارەکە دەکەوێتە شوێنێک کە دەکرێت تیایدا ئاو بە شێوەیەکی شل هەبێت، لە کۆمەڵەی خۆری ئێمەدا هەردوو هەساری زەوی و مەریخ دەکەونە ناو ئەو زۆنەوە، ئەگەر گۆی زەوی لەدەرەوەی ئەو زۆنە بووایە ژیان و ئێمەش لێرە نەدەبووین...
هۆکاری سێیەم: گونجاوی شوێنی خۆرە یان کۆمەڵەی خۆرە لەناو ڕێی کاکێشان، تیرەی گەلەئەستێرەکەمان کە ڕێی کاکێشانە نزیکەی 100 هەزار ساڵی تیشکیە، دووری گۆی زەوی لە چەقی ڕێی کاکێشان نزیکەی 25 هەزار ساڵی تیشکیە، ئەم دووریە زۆر گونجاوە چونکە تا نزیک بینەوە لە چەقی ڕێی کاکێشان تیشکە زیان بەخشەکان وەکو تیشکی گاما زۆرترو چڕتر دەبن، ئەمەش لەبەر چڕی ئەستێرەکانە بەهەموو جۆرەکانیانەوە لە سەنتەر و نزیک سەنتەری گەلەئەستێرەکەمان، لەگەڵ ئەوەی بواری موگناتیسی گۆی زەوی ژیان دەپارێزێت لە زۆربەی تیشکە زیان بەخشەکان، بەڵام ئەگەر کۆمەڵەی خۆر و گۆی زەوی بەڕادەیەکی باش نزیکتر بووایە لە چەقی ڕێی کاکێشان ئەو تیشکانە زۆر زیاتر دەبوون، ئەوکاتە ژیان و ئێمەش لێرە نەدەبووین...
دوو خاڵی تری گرنگ هەن نابێت باسیان نەکەم کە هۆکار و پێداویستی مانەوە و بەردەوامبوونی ژیان بوون لەسەر گۆی زەوی بەدرێژایی ملیارەها ساڵی ڕابردوو تاوەکو ئێستا، یەکەمیان خۆگونجاندن و بەرگەگرتنی ژیانە، دووەمیان بوونی دیاردەی پەرەسەندنە Evolution، بەگشتی ژیان بەرگەی هەموو هۆکار و ڕووداوەکانی لەناوچوونی گرتووە کە بەبەردەوامی و بەدرێژایی پتر لە سێ ملیار ساڵی ڕابردوو هاتونەتە پێش و ڕوویانداوە لەسەر گۆی زەوی وەکو بەریەککەوتنی هەسارۆکەکان هەروەها گۆڕانەکانی کەش و هەوا، لەگەڵ ئەوەی ئەو ڕووداوانە بوونەتە هۆی لەناوچوونی گەلێک لەجۆرەکانی زیندەوەران، بەڵام ژیان بەگشتی بەرگەی هەموو ئەو ڕووداوانەی گرتووە تاوەکو ئێستا...
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوون و سەرهەڵدانی دیاردەی پەرەسەندن Evolution لەسەرەتاوە لەگەڵ دروستبوونی خانە سەرەتاییەکان لەسەر ڕووی زەوی، کەواتە بێ بەرگەگرتن و خۆگونجاندنی ژیان، هەروەها بێ بوونی دیاردەی پەرەسەندن، ژیان هەر زۆر زوو نەدەما و ئێمەش لێرە نەدەبووین...
تێکساس