سلێمانی شاری دۆخی تەنگانە
2018-11-15 08:27:09
■ مەلا بەختیار
ئەمڕۆ یادی (234) ساڵەی دامەزراندنی شارێكو پارێزگایەكە، كە بە بەراورد لەگەڵ هەولێرو كەركوكو هەڵەبجە، وەكو سێ پارێزگای تری كوردستان، تەمەنی كورتە. بەڵام "شار" لەشانازییە سیاسیەكانی، لەئەدەبیاتی، لە هونەر، لە داهێنان، لە نەریتی مەدەنیەت، لە جوانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی، لە كەسایەتی هەڵكەوتوو، لە رچەشكاندن، لە بەرەنگاری، لە هەڵمەتو قوربانی، پێشەنگی شارانی كوردستانە.
بەندە، خۆم لەقەرەی روداوەكانی مێژوو نادەم، ئەمە ئەركی مێژوونوسانە. خۆشم لەقەرەی ئاستی بەرزی داهێنانو بەهرەمەندانو هەڵكەوتوان نادەم، ئەوەش ئەركی شارەزایانە. توخنی زمانو پژانی وشە هەرە جوانەكانی شارەكە ناكەوم، زمانەوانەكان لەمبارەوە كە هەر خەڵكی شارەكەن، كەم نین. ئەوەی لای من، وەكو پێشمەرگەیەكی دێرینو تێكۆشەرێكی خەباتی ژێرزەمینی، زۆر گرنگە، رۆڵی سلێمانیە، لەدۆخی تەنگانەدا. گەلۆ:
-سلێمانی نەبوایە، كۆمیتەی هەرێمەكان بەرابەرایەتی شەهید ئارام پێكەوە نەیاندەتوانی لەشارێكی دیكەدا، تێبكۆشنو زەمینەسازی شۆڕشی نوێ بكەن.
-سلێمانی نەبوایە، ساڵانی (1975-1976-1978) هەرگیز مەفرەزە سەرەتاكانی شۆڕشی نوێو پێشمەرگەی شارەكانی تر، نەیاندەتوانی، رێكبخرێنو دەستە دەستە بنێردرێنە دەرەوە.
-سلێمانی نەبوایە، پەیوەندی نێوان شۆڕشو رێكخستنەكانو پێشمەرگەی ناو شارو هێزەكانی پێشمەرگە، رێكنەدەخرا.
-سلێمانی نەبوایە، شەهید شیهاب، لە (21/11/1976) بەو شكۆمەندییە بەرەو گردی سەیوان، هەزاران كەس نەیاندەگەیاندە، مەزاری نەمریی.
-سلێمانی نەبوایە، لە تۆڵەی شەهید شیهابو جەعفەرو ئەنوەردا، دوای مانگێك لەشەهیدكرانیان (21/12/1976) پارێزگاری سلێمانی لەشەقامی مەولەوی نەدەخرایە بۆسەیەكەوە.
-سلێمانی نەبوایە، تاك تاك، خائینان بە سزای شۆڕشگێڕی نەدەگەیەندران.
-سلێمانی نەبوایە، ئاسان نەبوو، خۆپیشاندانەكەی قەڵادزێ، پشتیوانی هەبێو شارەكانی تر بگرێتەوە.
-سلێمانی نەبوایە، رایەڵەی پارتیزانەكانی دوای ئەنفالەكان، پێكەوە گرێنەدەدران.
-سلێمانی نەبوایە، دوای كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو سیروانو خورماڵ.. تاد، ئاسان نەبوو، ئەو هەموو خەڵكە داڵدە بدرێنو راپێچی عەرعەری ئەنفالەكان نەكرێن.
-سلێمانی نەبوایە، لە7/ی ئازاردا، دوای 5/ی ئازاری دەروازەی راپەڕین، تاجی سەركەوتنی راپەڕین لەسەر راپەڕینی بەردەوام نەدەنرا. هەر لە سلێمانیش، زوو پێشمەرگە بەهانای راپەڕینەوە هاتنو تەوژمێكی شۆڕشگێڕانەی فراوانتریان پێبەخشی.
-سلێمانی نەبوایە، بزاڤی رۆشنگەریەكەی پیرەمێردو برایم ئەحمەد، لەدوای راپەڕینیش، بەردەوام نەدەبوو.
كاتێك، حكومەتی كوردستانیش پێكهاتو مەترسیەكانی سەركوتكردنی ئازادیو دیموكراسی، سەریانهەڵدا، سلێمانی رچەشكێنی ئازادیەكانو رەخنە لە كەموكوڕیەكان بوو. ئەم شارە، چاوگی نەوەیەكی بەهەڵوێستو ئازادو ئازادیخواز بوو.
من شانازی بەوە دەكەم خەڵكی خانەقینم. دوای خانەقینیش، وتومە: هەڵەبجە بە دووەم شاری خۆم دەزانم. بەڵام سلێمانی، لەمێژووی دامەزراندنیەوە، لە میرنشینی بابانەكانەوە، بۆ حوكمداری مەلیك مەحمود، تا دەگاتە شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێ، شاری دۆخی تەنگانە بووەو دەشمێنێ.