Draw Media

کە دەوڵەت راستەخۆ دەبێتە داعش

کە دەوڵەت راستەخۆ دەبێتە داعش

2018-11-07 16:42:34


■  لاوك سەڵاح

بە ر لە ماوەیەک نووسیم کە لە پاش شکستی داعش، دەوڵەوتە ئیقیلمییەکان وئەوانەی رۆژئاوا راستەخۆ رووبەرووی یەکتر دەبنەوە و ملمانێکان  لەلایەن دەوڵەتەوە بەرێوەدەبرێت و توندتر دەبێت ودەمامکەکانی خۆیان بێ شەرم لادەبن.

 ئیتر لەم دونیا وێرانەیەدا نە بەها وئەخلاقی ئینسانی هەیە، نە یاسایەک هەیە رێ لەم جەنگڵستانە بگرێت، دونیایەکی میکافیللیانە بەردەوامە کە پێچەوانەی هەموو بانگەشەکانی گلۆبالیزم بوو بەوەی جیهان دەبێتە گوندێکی بچووک و دونیایەک دادەمەزرێت تیایدا مافەکانی مرۆڤ دەبنە پێوەری سەرەکی بۆ هەر مامەڵەکردنێکی نێودەوڵەتی.

لەبری ئەوە، تەوژمە توندرەوەکانی ناسیونالیزم پەرەیان سەندەوە و شێواندنەکانی ئیسلامی سیاسی فۆرمی نوێی لە خۆگرت و پیادەکردنە چەوتەکانی سۆشیالیزم ئەوەندی دیکە چینەکانی کۆمەڵگەی لەیەک دوورخستەوە و درۆ گەورەکانی نیولیبرالیزم چینێکی مشەخۆری لە بانکەکان دروستکرد کە دونیای بەرەو وێرانە و هەرەس برد و دواجار دونیا لە ئاوێنەدا بە رووتی خۆی لە بەردەم دەوڵەتەکاندا بینییەوە، خۆی لەبەردەم سەردەمێکی نوێ لە سەرهەڵدانەوەی موئامەرە  بینییەوە و هەر پەرەسەندنێکی تەکنەلۆژی کە هەبوو لەو پێناوەدا بەکارهات و دێت. 

ئەم دەوڵەتانە نە کەلتووری دەوڵەتداریان پاراست، نە کەلتووری پیشەییان بەرجەستە کرد، نە کەلتوورێک کە لەسەر دابونەریتێکی مێژوویی و کلاسیکی بەردەوام بێت. بەداخەوە، دەوڵەت لە ئێستادا ئامرازێکە بۆ ئیستبداد نەوەک پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتیان، دەوڵەت بۆتە دامەزراوەیەکی پۆلیسی هەروەک جاران، کیشۆرەکان تێدەپەرێنێت و لە بری دەوڵەتە بریکارەکان پارە دەدەن بۆ کوشتنی خەڵکانێک کە هیچ پەیوەندیەکیان بە مێژووی ئەوانەوە نییە، کەسانێک کە بۆ مانەوەی میللەتەکەیان و خۆیان لە سەخترین رۆژگاردا دەژێن و رووبەرووی قێزەوەترین نادادپەروەری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری دەبنەوە. 

بەخشینی پارە وەک پاداشت بەرامبەر ژیانی سێ کەس رەنگدانەوەی کەلتوور و رەفتارەکانی مێژووی تەکساسە، خۆ دەکرا ئەو پارەیە بدرایە بە حکومەتی تورکیا و ئەو خۆی وەک لایەنێکی ململانێکە داوای سەری ئەو سێ کەسەیان بکردایە، رەنگە ئەوە رەواتر بوایە!

شەرمە وڵاتێکی وەک ئەمریکا بە برە پارەیەک داوای سەری سێ کەس بکات کە بەرژوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەوەوە نییە، ئاستێکی زۆر نزم لە مامەڵەکردن لەلایەن وڵاتێکەوە کە خۆی بە سپۆنسەر و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ دەزانێت. سێ کەسی سەر بە میللەتێک کە تەنیا نەعلەتی ئەوەیە خاوەنی شوناسێکی بێکەسن  وهێشتا قوربانین و شاخ قەڵغانیانە. تۆ براونە دەوڵەتێک خاوەنی گەورەترین سوپای دونیا بێت و نوێتریین چەکی ئەتۆمی هەبێت بەڵام لە ‌بەردەم هێزی رەمزی و مەعنەوەی سێ کەسدا چەند لاواز بێت.

زیادەرۆی نییە ئەگەر بڵێم ئەم پەنجا ساڵەی رابردوو لە ناشرینترین ساتەکانی مێژوو بوو، ئێمە بەداخەوە بووینە شاهێدێکی نەفرەتلێکراو لەبەردەم زنجیرەیەک لە کارەساتی سیاسی خێرادا کە سیمای سەرەکی هەڵتەکاندنی بونیادی هەموو کۆمەڵگەکان بوو. 

پەنجا ساڵ لە درۆیەکی گەورە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand