Draw Media

له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ن

له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ن

2018-11-07 07:42:28


■  نیاز عه‌بدوڵڵا
له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆك لیستی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ كۆی 319912 ده‌نگی لیسته‌كه‌ی 182551ی ده‌نگه‌كانی به‌ ده‌ستهێنا، كه‌ ده‌كاته‌ 11 كورسی و نیو له‌ تێكڕای‌ ئه‌و 21 كورسییه په‌رله‌مانییه‌ی حیزبه‌كه‌ی به‌ده‌ستیهێناوه‌. 
هه‌ر له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلولی 2018، شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆك لیستی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ 106289 ده‌نگی له‌ كۆی 127115 ده‌نگ له‌ لیسته‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ هۆی به‌ده‌ستهێنانی 6 كورسی و نیو له‌ كۆی 8 كورسی په‌رله‌مانی حیزبه‌كه‌ی.
به‌ڵام قوباد تاڵه‌بانی و شاسوار عه‌بدولواحید نوێنه‌رانی 288840 ده‌نگده‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان به‌رامبه‌ر به‌ 18 كورسی په‌رله‌مانه‌، ئاماده‌ی سوێندخواردنی ده‌ستبه‌كاربوونی كاری په‌رله‌مانی نه‌بوون له‌ 6ی تشرینی دووه‌م، تا ئێستاش ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن‌ هه‌ردوو ناوبراو ده‌ست به‌كارنا‌بن و په‌رله‌مانتاری شوێنگره‌وه‌ له‌ بری خۆیان داده‌نێن.
هه‌ردوو سه‌رۆك لیسته‌كه‌ له‌ ماوه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ڵێنیان به‌ ده‌نگده‌رانیان دا كار بۆ چاكسازی دارایی و سیاسی و ئه‌منی بكه‌ن، به‌شێكی گرنگی ئه‌م به‌ڵێنانه‌ له‌ رێگای بوونی په‌رله‌مانتاری به‌هێز و دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌هێزی یاسادانان جێبه‌جێ ده‌كرێت نه‌ك به‌ پشتكردنه‌ په‌رله‌مان. به‌ تایبه‌ت هێشتا دۆسییه‌ هه‌ڵواسراوه‌ یاساییه‌كانی وه‌ك ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی كوردستان، چاكسازی مووچه‌ و خانه‌نشینی پله‌ باڵاكان، به‌هێزكردنی لامه‌ركه‌زییه‌تی پارێزگاكان، چاودێریكردنی داهات و خه‌رجییه‌كانی هه‌رێم ماون كاری جددی و پێویستیان له‌باره‌وه‌ بكرێت، سه‌رجه‌م ئه‌م دۆسیه‌ گه‌ورانه‌ش سپێردراون به‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان.
سه‌ره‌ڕای خواستی قوباد تاڵه‌بانی بۆ كاركردنی له‌ پۆسته‌ باڵاكانی حكومه‌ت و خواستی شاسوار عه‌بدولواحید بۆ رابه‌رایه‌تی كردنی جوڵانه‌وه‌كه‌ی، به‌ڵام بوونی ئه‌وان له‌ په‌رله‌مان ده‌توانێت وێنای ئه‌و دیمه‌نه‌ ناشرینه‌ باوه‌ی سیاسه‌ت له‌ كوردستان بگۆڕێت كه‌ "سه‌رۆك لیسته‌كان كاری په‌رله‌مانتاری ناكه‌ن". ئه‌وان به‌ پشتكردنه‌ په‌رله‌مان، جگه‌ له‌ خه‌ڵك متمانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ی گرووپه‌كانیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن كه‌ كاری پێكه‌وه‌ییان كردووه‌.
گۆڕینی مۆدیلی حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و دروستكردنی په‌رله‌مانێكی به‌ هێز‌ له‌ دووری 200 كیلۆ مه‌تر و‌ به‌ دروشمی بریقه‌دار نا‌كرێت، به‌ڵكو پێویستی به‌ كرداری ستراتیجی راسته‌قینه‌ و به‌ریه‌ككه‌وتنی راسته‌وخۆ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه خاوه‌ن كێشه‌كان له‌وانه‌ش په‌رله‌مان و ده‌ستپێكردن له‌وێوه‌، چونكه‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك ئاسنێكی خوار وان تا گه‌رم نه‌كرێن و نه‌كوترێن راست ناكرێنه‌وه‌. لایه‌نی كه‌م پێویسته‌ به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی كاری په‌رله‌مانی عێراق و بوونی سه‌رۆك حیزب و سه‌رۆك لیسته‌كان تیایدا، سه‌رۆك حیزب و سه‌رۆك لیسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كار بۆ به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان بكه‌ن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand