پەکەکە لەنێوان ماکگۆرک و ماتیو پاڵمەردا
2018-11-07 07:37:56
■ هونەر تۆفیق
ماتیو پاڵمەر ، جێگری یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە بۆ کاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا . ماوەی سێ مانگە لەو پۆستەدا دەست بەکاربووە . لەیەکەم سەردانیدا بۆ تورکیا ، ئەو بڕیارە ئەمریکیەی دژ بە پەکەکە زیندووکردەوە کە لە ساڵی ١٩٩٧ و ٢٠٠١ دا دراوە . بەوەی پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیە .
برێت ماکگۆر ماوەی چوارساڵە لە دروستکردنی پەیوەندیەکی تایبەت و ناڕاستەوخۆیدایە لەگەڵ پەکەکە و ڕاستەوخۆش لەگەڵ هاو ڕێبازەکەی پەکەکە ، کە یەپەگە لە سوریادا . لە ڕێگای ماکگۆرکەوە یەپەگە و ئەمریکا بەشداری هاوبەشیان هەیە لە شەڕی دژ بەداعشدا .
لەوەتەی پاڵمەر ئەو پۆستەی وەرگرتووە پەیوەندی نێوان یەپەگە و ئەمریکا ڕوو لەلاوازبوونە . لە ١٠ی ئۆکتۆبەردا ، واتە شەش ڕۆژ بەرلە جەختکردنەوەکەی پاڵمەر کە پەکەکە تیرۆریستە . هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایانگەیاند بۆماوەیەکی کاتی ئێمە شەڕی دژبە داعش ڕادەگرین بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر کۆبانی و تربەسپی . ئەمریکاش هیچ هەڵوێستێکی جدی بۆ ڕاگرتنی هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا نەنواندووە .
بەر لە پاڵمەر ، جۆناسان کۆهین جێگری یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکابوو بۆ کاروباری ئۆراسیا . لەماوەی دوو ساڵی پۆستەکەیدا کۆهین ناکۆکی گەورەی هەبوو لەگەڵ تورکیادا سەبارەت بە پەکەکە و سوریا و جەنگی دژ بەداعش . کۆهین ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە ڕاگرتنی لەشکرکێشی تورکیا لەپاش عەفرین بەرەو خۆرهەڵاتی فورات . هەروەها بەهۆی کۆهینەوە ئەمریکا ئابڵۆقە ئابووریەکەی وڵاتەکەی لەسەر تورکیا دانا . رێکەوتنی مێنبەجیشی بە تورکیا ئیمزاکرد .
پێچەوانەی بۆچوونە سیاسیەکانی کۆهین و ماکگۆرک سەبارەت بە تورکیا . پالمەر لەسەرەتای دەست بەکاربوونیەوە بۆ تورکیا مایەی دڵخۆشی بوو ، وەک لە زاری سەردار تورگۆرتی توێژەرەوەی سیاسی تورکیەوە باسی لێدەکرا .
پێنج دۆسیەی قورسی ئەمریکی - تورکی ئامادەکرابوو بۆ باسکردن لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا کە لە سەردانە دوو ڕۆژیەکەی پاڵمەردا یەکلابکرێنەوە :دۆسیەی رەکێتی ئێس ٤٠٠ ی ڕوسی ، دۆسیەی خاشقچی . دۆسیەی ئابڵۆقەی سەر ئێران . دۆسیەی سوریا . دۆسیەی قوبرس . ئەم دۆسیە قورسانە بەئاسانی بە قازانجی تورکیا لەلایەن پاڵمەرەوە خەریکە یەکلادەکرێنەوە . لەگەڵ ئەوەشدا تاکلایەنانە خەڵاتی تورکیای کرد بە زیندووکردنەوەی بەتیرۆریست ناساندنی پەکەکە لەلایەن ئەمریکاوە .
پاڵمەر کە ئەدیبێکی سیاسی ڕۆمان نووسیشە ، تا ئێستاکە چوار ڕۆمانی بڵاوکردۆتەوە " گورگەکەی سەرایڤۆ " وەفدەکەی ئەمریکا " دوژمنێکی باش " نهێنی دەوڵەت " ئەزموونی دیبلۆماتکاری خۆی لەڕێگای ڕۆمانەکانیەوە گێڕاوەتەوە .
ئەوەی جێگای سەرنجە پاڵمەر لەماوەی نوێنەرایەتیکردنی ئەمریکا لەهەر وڵاتێکدا بووبێت ، جەنگ و ماڵوێرانی لەو وڵاتەدا ڕوویداوە .
لە ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠ لە بۆرما بووە . جەنگی موسڵمان و بوزیەکان بەرپابووە
لە ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٨ لێپرسراوی مەلەفی جۆرجیا بووە ، جەنگی ئۆتیسیا ڕوویداوە
لە ١٩٩٧ بۆ ١٩٩٩ بەڕێوەبەری مەکتەبی یوگوسلافیابووە ، جەنگی سربیا ڕوویدا
لە ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٥ لە سەفارەتی ئەمریکا لە بەلەگراد بووە ، جەنگی بۆسنە ڕوویداوە
لێرە بەدواوە لەپاش گرتنە دەستی مەلەفی ئۆراسیا لە یۆنانەوە تا ئەرمینیا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چاوەڕوان دەکرێت بەریەککەوتنی تاکتیکی ڕووبدات لەنێوان سیاسەتی ماکگۆرک و پاڵمەردا . ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕ لە چۆنیەتی هاوپەیمانیەکانی ناوچەکە و گۆڕانگاری لەسەنگەرەکانی شەڕی سوریادا .