Draw Media

لەخانەنشینکردنی پەرلەمانتاردا کێ تاوانبارە؟

لەخانەنشینکردنی پەرلەمانتاردا کێ تاوانبارە؟

2018-11-05 19:48:58


■ د. ئیسماعیل نامیق

یەکەم/ ئایا بەس پەرلەمانتار بە ناحەق خانەنشین ئەکرێ؟
ئەو ژینگە گەندەڵەی حوکمڕانی کە لەکوردستاندا خولقێنراوە، خەڵکێکی زۆری کردۆتە مشەخۆر و بەشێکی تریش بەجۆرێک لەجۆرەکان پریشکی گەندەڵیان بەرکەوتوەو عەیبدار بون، بەشێکی کەم ماوەتەوە، ئەمانە پەراوێز خراون و تا ئەندازەی خنکاندن خنکێنراون وەکو بەشێکی بێکاریگەر یان کەم کاریگەر لەکۆمەڵگەدا هێڵراونەتەوە. ئەم ژینگە نالەبارە بۆتە هۆی ئەوەی کەسی گونجاو لەشوێنی گونجاودا دانەنرێت، خاوەن ماف مافی خۆی وەرنەگرێتەوە، بەکورتی پرەنسیپ وبنەماکانی دادپەروەری تەنها مورەکەبی سەر کاغەزن ولەواقعی عەمەلیدا نیمچە ونن، ئەمەش وایکردوە ژیانی خۆش تەنها بۆ بەهێز وخاوەن بازوەکان بێت. بواری خانەنشینیش یەکێکە لەو بوارانەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەڵگە بەدبەختە کە نادادی وگەندەڵیەکی زۆری تێدا کراوە، خەڵکانێک بەپلەی وەزیر خانەنشین کراون بەڵام یەک رۆژ وەزیر نەبون، یان بەبەڕێوەبەری گشتی بەڵام یەک رۆژ فەرمانبەر نەبون، فەرمانی دامەزراندن وخانەنشینکردنیان لەیەک کاتدا بۆ دەرچوە، یان بەپلەی سەربازی بەرز خانەنشینکراون، رەنگە هەر نەزانێ چەک بەکاربهێنێت، یان ئەیزانێ بەڵام لەتەقەی خۆشی زیاتر فیشەکی نەتەقاندوە، ئەمانە وهەزارەها گەندەڵی تر، کە داهێنان( إبداع ) کراوە لەئەنجامدانیاندا وئەنجامدەرەکانیشیان بڕوانامەی داهێنانیان ( برا‌وە اختراع ) لەسەر وەرگرتوە.

دووەم/ کێ بەرپرسیارە لە شەرعاندنی خانەنشینی پەرلەمانتار؟
یاسای خانەنشینکردنی پەرلەمانتار لەساڵی 1999 دەرچوێنراوە ولەساڵی 2004 هەمواری یەکەم ولەساڵی 2008 هەمواری دووەم کراوە، تا پڕ بەبەرو بەدڵی نوێنەرانی گەل بێت!!! ئاشکرایە لەساڵانی 1999 و 2004 پەرلەمان چ وەکو بینا چ وەکو سیستمی کارکردن تیایدا لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کۆنترۆڵ وقۆرخ کرابو، لەساڵی 2008 دا پارتی زۆرینە بوە لەپەرلەمان، کەواتە بەپلەی یەکەم پارتی وپەرلەمانتارانی ئەوکاتی پارتی بەرپرسیارن لەدەرکردنی ئەم یاسا خراپە وشەرعاندنی پرسی خانەنشینکردنی پەرلەمانتار لەبەرژەوەندی خۆیاندا، بەپلەی دووەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان وپەرلەمانتارانی ئەوکاتی یەکێتی بەرپرسیارن کەهاوبەش وهاوکاربون لەتێپەڕاندنی یاساکە هەموارەکانی وبێدەنگبون ورازیبون بەمانەوەی، هەروەها بەپلەی سێیەم یەکگرتوی ئیسلامی وکۆمەڵی ئیسلامی وپەرلەمانتارەکانیان لەخولی دوەمی پەرلەماندا بەرپرسیارن، کەبەشداربونە لەهەمواری دووەمی یاساکەدا، یان پێی رازیبونەو لەئاستیدا بێدەنگبونە، بەپلەی چوارەمیش بزوتنەوەی گۆڕان وپەرلەمانتارەکانی بەرپرسیارن، چونکە نەیانتوانیوە لەخولی سێیەم وچوارەمی پەرلەماندا ئەم یاسا خراپە هەڵبوەشێننەوەو یان هەمواری بکەنەوە. هەروەها پەرلەمانتارانی پێکهاتەکانیش پشکی خۆیان بەردەکەوێت لەم بەرپرسیارێتیەدا.

سێیەم/ بۆچی تەنها خانەنشینی پەرلەمانتار بەنیشان گیراوە؟
وەزیر وەکو پەرلەمانتار خانەنشین ئەکرێ، هەروەها خەڵکێکی زۆر بەناحەق یان بە نایاسایی خانەنشینکراون، کەچی هەمو رەخنەکان تەنها رو لەپەرلەمانتارن، بەتایبەتی شەش موچەی یەکەمی خانەنشینی ( ئەوەی بە 49 ملیۆن دینارەکە ناودەبرێت ) کەلەکۆتایی خزمەتدا وەکو هەر خانەنشینێکی تر بەسەر یەکەوە وەریان ئەگرێت. بەرای من دوو کۆمەڵە هۆکار هەن لەپشتی ئەم بابەتەوە:
کۆمەڵە هۆکاری یەکەم: هۆکاری راستەقینەو رەوان، کە بریتین لە: 
1) پەرلەمانتار نوێنەری خەڵکە پێویستە بەرگری وپارێزگاری لەماف وبەرژەوەندی خەڵک بکات، کەچی ئەم بەرژەوەندیەکانی خۆی کردوە بەیاسا وبەسەر خەڵکدا سەپاندوێتی.
2) خانەنشینکردنی وەزیر وبەشێکی زۆریش لەخانەنشینە ناحەقەکان بەیاسا کراون، ئەو یاسایانەش لەلایەن پەرلەمانەوە دەرکراون وپەرلەمانتاران دەنگیان پێداوە، بۆیە خەڵک پەرلەمان وپەرلەمانتار بەهۆکاری راستەقینەی خانەنشینکردنی بەناحەق دەزانێت.
3) خەڵک گومانی بۆ دروستبوە لەبەرامبەر راستگۆیی پەرلەمانتاران چونکە زۆربەی زۆریان لەراگەیاندنەکانەوە دژایەتی خۆیان بۆ خانەنشینکردنی پەرلەمانتار دەرئەبڕن، بەڵام کە قسە دێتە سەر یاساو دەنگدان، دەنگ بۆ خانەنشینی ئەدەن و لەکۆتایی خزمەتیشدا بەشانازیەوە وەریدەگرن.

کۆمەڵە هۆکاری دووەم: هۆکارە مەبەستدارەکان:
هۆکاری دووەمی بەتەنها نیشانگرتنی پەرلەمان وپەرلەمانتاران لەبابەتی خانەنشینیدا، مەبەستدارەوە پەیوەندی بەحوکمڕانیەوە هەیە لەکوردستاندا. بۆ ئەوەی تەفسیری هەڵە بۆ ئەم قسەیەم نەکرێت، من لەسەرەتاوە وتومەو وئەیڵێم، خانەنشینکردنی پەرلەمانتار لەدەرەوەی تەمەنی خانەنشینی وبەیاسایەکی تایبەت، دژی بنەماکانی دادپەروەریە وکارێکی ناحەق ونامەعقولە. بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە بۆچی خانەنشینکردنی پەرلەمانتار بەتەنها ئەوروژێنرێت؟ ئایا لەکابینەی چواردا چەند کەس بەپلەی وەزیر، بریکاری وەزیر ،وراوێژکار وبەڕێوەبەری گشتی بەناحەق خانەنشینکراون؟ بۆ کەس باسی ئەوان ناکات؟ بەرای من پارتی بەپشکی شێر وئینجا یەکێتی وکەسانی دەستڕۆیشتوی ناو حکومەت رۆڵیان هەیە لەوروژاندن ودنەدانی ئەم بابەتە، ئەوەش لەپێناو چەند ئامانجێکدا، لەوانە:
1) ئەو جوڵەیەی کە گۆڕان لەپەرلەماندا دروستی کرد بەتەواوی خەفە بکرێت، بەمەش بەهای پەرلەمان نەهێڵرێت ووسیستمی پەرلەمانی بخرێتە ژێر پرسیارەوە.
2) داپۆشینی گەندەڵی ونادادیەکان کە لەبواری خانەنشینیدا کراوە.
3) شاردنەوەی شکستی حوکمڕانی وبەردەوامی دان بەم جۆرە حوکمڕانیە.
4) تەرکیز خستنە سەر پەرلەمان ودروستکردنی وێنایەکی ناشرین بۆ پەرلەمان، وەکو ئەوەی بەخەڵک بوترێت ئەم پەرلەمانە تەنها بارە بەسەر کۆمەڵگەوە، بۆیە پشتگیری حوکمڕانی بنەماڵەیی ئێمە بکەن تا نەهێڵین پەرلەمان وپەرلەمانتاران مافەکانتان زەوت بکەن.

چوارەم/ دەرەنجام
چارەسەری بابەتی خانەنشینکردنی پەرلەمان بەهەوڵی تاکەکەسی ناکرێت، بەوە ناکرێت پەرلەمانتارێک بڵێت من دژی خانەنشینیم، یەکێکی تر بڵێت لەگەڵیدا نیم وخولەکانی پێشو کردویانە، کەسی سێیەم بڵێت من 49 ملیۆن دینارەکەم ناوێت، کەسی چوارەم بڵێت من 49 ملیۆنەکە ئەبەخشم بە فڵان دەزگا یان رێکخراو. ئەمانە هەموی هەوڵی تاکەکەسین ورەنگە مەبەستی کەسیان لەپشتەوە بێت وبەجۆرێک لەموزایەدەش لێکبدرێنەوە، وەهیچ لەئەسڵی کێشەکە وناحەقیەکە چارەسەر ناکەن یاخود ناگۆڕن. من خۆم دەستخۆشی لەو جۆرە هەوڵانە ناکەم، لەبەرامبەردا لۆمەی ئەو پەرلەمانتارانەش ناکەم دوای تەواو بونی خول خانەنشین دەکرێن، چونکە ئەم یاسا خراپەی خانەنشینی پەرلەمانتار پێویستی دەکات لەسەر پەرلەمانتار خانەنشین بێت، واتە پەرلەمانتار ئەگەر دوای تەواوبونی خولەکەی بیەوێت بگەڕێتەوە سەر کارەکەی پێشوی، ناتوانێت بگەڕێتەوە، چونکە بەپێی تەفسیرێکی خراپ، خراپتر لەیاساکە، بەدەر لەویست وداوای خۆی خانەنشین دەکرێت، ئەمەش وا دەکات نوخبەی خاوەن پۆست، یان پایەی زانستی وکارگێڕی کەمتر هەوڵی چونە پەرلەمان بدەن، لەبری ئەمان خەڵکێکی تر دەچنە پەرلەمان کە رەنگە نەتوانن سودێکی ئەوتۆ بەم دەسەڵاتە گەورەو گرنگە بگەیەنن. 
کەواتە پێویست ناکات چیتر بابەتی خانەنشینکردنی پەرلەمانتار بکرێت بە مادەی بانگەشەی هەڵبژاردن، یان بکرێت بەچەکوشێک وبکێشرێت بەسەر پەرلەمان وسیستمی پەرلەمانیدا، هەروەها نابێت رێگە بدرێت پەرلەمانتار بیکات بەبابەتی موزایەدە. 
بەڵکو لەجیاتی هەمو ئەوانە، چارەسەرێکی ئاسان وریشەیی بکرێت، ئەویش بەهەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی پەرلەمانتار بەئەسەرێکی پێشوەخت ( أپررجعی ) هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو یاسایانەی رێگە بەخانەنشینی ناحەق ئەدەن، لەبری ئەوە بەبڕیارێک لەپەرلەمانەوە یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق جێبەجیێ بکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand