Draw Media

ئەگەری بەرکەوتەی حیزبەکان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

ئەگەری بەرکەوتەی حیزبەکان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

2018-11-05 14:35:44


بەختیار شارەزوری - سەرکەوتی جیهاز
هێشتا گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم دەستی پێ نەکردوە و پەرلەمان یەکەم دانیشتنی نەکردوە و سەرۆک و جێگر و لیژنەکان دروست نەکراوە ، بەڵام ئەوەی هەیە تەنها چەند پەیوەندییەکی تەلەفونی و ڕای هەندێ سیاسی حیزبی بوە ، وەک ئەوەی دەبینرێت لە گشتدا جۆرێک لە پێشبینی دەکرێت و کۆمەڵێک ئەگەر لە ئارادا دەبن ، بەڵام ئەوەی هەیە دۆسیەکان هەموی پەیوەندی بە تەوافقی حیزبەکانەوە هەیە لەسەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و شۆڕ بونەوە بۆ پۆستەکانی تر کە دەتوانین بڵێین (٣) فایل لەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەدا ڕۆڵی دەبێت ( پۆستە پەرلەمانیەکانی هەرێم ، پۆستەکانی حکومەتی عێراق ، پۆستەکانی حکومەتی هەرێم ) ، ئەگەر بە پێ ی دابەشکاری و بەرکەوتەی حیزبەکان بێت ئەوا بەدەرلە وەزارتەکان کە (٢١) وەزارەت و (٤) فەرمانگە و (٢) دەستە لە خۆ دەگرێت ، ئەوەی جێگەی سەرەنجە هەر لە سەرەتای گەمەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەوە قسە لەسەر کەمکردنەوەی وەزرەتەکان هەیە ، کە ئەمەش جۆرێکی ترە لە یاری حیزبەکان بۆ بەرکەوتەی زیاتری جومگەکانی حکومەت ( بۆ نمونە وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتیەکان لە یەک بدرێت و ...هتد) تا ئەو ڕادەیەی کابینە ببێت بە (١٥) وەزارەت ، کە ئەمەش لە قازنجی حیزبی زۆرینەدا دەبێت و پارتی جارێکی تر دەکاتەوە خاوەنی زۆرینەی جومگەکان ، ئەوەی هەیە و سەرەتاکانی دەرکەوتوە یەکێتی پێوانەی (خەبات و دەستەڵات ) دەخاتە ناو ساحەکەوە و کە هەموشمان دەزانین هیچ یەکێک نە لە پارتی و نە لە یەکێتی ناتوانن حکومەت پێکبهێنن ئەگەر بشتوانن بێ یەک (٥٠+١) دەنگی پەرلەمانیش بە دەست بهێنن ، وە بە بێ یەکێتی حکومەت ناتوانرێت دروست بێیت و پێچەوانەکەشی ڕاستە ، وە سەرەتای بەشداری یەکێتی دەرکەوتوە کە دەوترێت ( دەبێت شەریک بین نەک بەشدار ) کە دەکاتە ئەوەی بڵێن ئەگەر پارتی حکومەتمان بێ تەواو بکات وەک حیزبێکی خاوەن خەبات و دەستەڵاتی زۆنی سەوز ئەوە قبوڵی ناکەن ، ئەمە ڕای سەرەتایی هەندێک لە سیاسیەکانی ناو یەکێتیە ، خۆ ئەگەر ڕێککەوتنی ستراتیژی و ئەو ئەمرە واقعیە نەبوایە ئەوا پارتی لەگەڵ کەمینەکاندا (١١ کورسی) دەیتوانی حکومەت بێ ئەو حیزبانەی تر دروست بکات بە یەکێتیەشەوە ، بەڵام ئێستە پارتی دەیەوێت بڵێت ( فیفتی بە فیفتی) کۆتای هاتوە و دەبێت ڕێگایەکی تر هەبێت ، کە ڕێگای حکومەتی بنکە فراوانە ، بژاردەیەکی تریش لەبەردەستە ئەویش حکومەتی شەراکەتی نیشتمانی یە ، هەرچەند پارتی وەک کارت جار و بار ئەوە دەڵی کە لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ حکومەت پێکبهێنێت وەک بەدیلی یەکێتی لە زۆنی سەوزدا ، هەموشمان دەزانین زۆرینەی دەستەڵاتە ئیداریەکانی زۆنی سەوز لای یەکێتیە و کە ئەمەش بوە بە باوێکی سازان (تەوافق) و دەچێتەوە سەر دابەشکاری ڕێککەوتنە بەدناوەکەی ستراتیژی ، کە ئەمەش تەواو زەرەری لە پرۆسەی دیموکراسی زۆرینە داوە و دەستاو دەستکردنی دەستەڵاتی کردوە بە شتێکی نەبوی حەتمی کە بزوتنەوەی گۆڕان لە ستراتیژی درێژ خایەنیدا دەستکاری کردنی ئەم نەخشەیە ، کەواتە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم وەک لەسەرتاوە دەردەکەوێت ( پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) بەشدار دەبن و ( نەوەی نوێ و یەکگرتو) دەبنە ئۆپۆزسیونێکی پەرلەمانی ، خۆ ئەگەر گۆڕانی بەسەردا نەیەت کە ئەگەری گۆڕانی هەیە ، ئەوا لە پۆستە گەورەکانەوە دەست پی دەکات کە سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی دەبێت و سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت ، هەرچەندە پارتی دەلێت دەبێت سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت بۆ ئێمە بێت ، لەم حاڵەتەدا هەردو جێگر بۆ یەکێتی دەبێت و جێگری دوەمی سەرۆکی حکومەت کە ئەگەر تەوافقی لەسەر بکرێت بۆ گۆڕان دەبێت ، هەمو ئەمانەش بەستراوە بە تەوافقی پۆستەکانی ناو بەغدادیشەوە ، کە ئەگەر کۆچ وکۆچبەران نەدرێت بە یەکێتی ئەوا لێرەش گۆڕانی بەسەردا دێت کە لە کۆی (٣) وەزارەتی بەغداد پارتی (٢) وەزارەتی بردوە  ، لەم حاڵەتدا بۆ ئەوەی ڕێکبکەون دەچەنە سەر دابەشکاری لە وەزارەتە سیادیەکاندا ( دارایی ، ناوخۆ ، سامانە سروشتیەکان ، پێشمەرگە) وەک سەرەتا و بەرکەوتە ئەگەری هەیە بەم شێوەیە بێت و دوایی بە پێ ی ڕێککەوتن گۆڕانی بەسەردا بێت کە ئەگەر لە کۆی (٢١) وەزارەت (٤) وەزارەتی سیادی لێدەرکەین ئەوا (١٧) وەزارەتی دەمێنێتەوە ، خۆ ئەگەر وەزارەتێک بدرێت بە کەمایەتیەکان ( کە ئەم ئەگەرە دورە ) ئەوا ئەمەی خوراەوە گۆڕانکاری تێ دەکەوێت :
1.    پارتی (٤٥) کورسی دەکاتە (٩) وەزارەت لەگەڵ (٢) سیادیدا کە ئەگەری هەیە دارایی و سامانە سروشتیەکان بێت، کە دەکاتە (١١) وەزارەت.
2.    یەکێتی (٤) وەزارەت و (١) سیادی کە ئەگەری هەیە ناوخۆ بێت ، کە دەکاتە (٥) وەزارەت.
3.    گۆڕان (١٢) کورسی (٣) وەزارەت و (١) سیادی کە ئەگەری هەیە پێشمەرگە بێت، کە دەکاتە (٤) وەزارەت .
4.    کۆمەڵ (١) وەزراەت و لە بەرامبەر نەبونی پشکی لە وەزارەتەکانی سیادیدا ئەگەری هەیە دەزگای مینی پێ بدرێت.
وە لە بەرامبەر دەستە و فەرمانگەکانیشدا کە هەندێکیان وەزارەت نین و سەرۆکەکەی سیفەتی وەزیریان هەیە  ، دیسانەوە لەبەرامبەر پۆستەکانی تردا ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت .
خۆ ئەگەر ساڵی ٢٠١٩ ساڵی نەمانی پاشەکەوت بێت و هەناردەی نەوتی هەرێم بگاتە زیاتر لە (٤٠٠)هەزار بەرمیل و نرخی هەر بەرمیلێک ٦٧ دۆلار بێت و ئەو بڕە پارەییەی (٣٦٥ ملیۆن دۆلار بۆ ساڵیک) کە ئەمریکا دەیدات بە پێشمەرگە ، ئەوا دەبێتە ساڵێک تەواو جیاواز لە ساڵانی قەیرانی دارایی ، ئەمەش وا دەکات ئاستی بەرپرسیاریەتی لە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردان قورستر بێت ، بە تایبەت یەکێتی و پارتی کە ئێستە و لە ڕابردوشدا دو هاوبەرژەوەندی و دو هاوگەندەڵی سەرەکی کۆی داهاتی هەرێم بون و جارێکی تر دەبنەوە شەریکە بەش ، کە هەمومان دەزانین لەم هەڵبژاردنانەدا ڕێژەی بەشدار بون تا ئاستی ٤٠% بوە ، واتا ئەم حکومەتە نابێتە جێ ی ڕەزامەندی زۆرینەی خەڵک ، بۆیە هەر حیزب و لایەنێک بەشدار بێت دەکەوێتە بەر بەرپرسیاریەتیەکی مێژویی قورسەوە ، بەدەر لەمە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم حیزبی دەبێت ، هیچ ڕوانگەیەک نیە بۆ ئەوەی هیچ نەبێت وەک بەغداد خەڵکانی تەکنۆکرات بەشداریان بکردایە ٣٠% ، بەڵام تا ئێستا هیچ باسێک لەو بارەوە نی یە ، ئەوەش دەزانین کە پارتی و یەکێتی دوو بازرگانی هاوبەشی سیاسین و بەرژەوەندییەکانیان وەک تەونی جاڵجاڵۆکە پێکەوە گرێدراوە ، لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتن یان قوڵبونەوەی زیاتری گەندڵی ڕوبەڕوی کارەساتی گەورە دەبینەوە .

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand