Draw Media

کوڵاندن و قەلاندن

کوڵاندن و قەلاندن

2018-11-05 11:38:03


 

■  ستران عەبدوڵا

کە تەواوکردنی حکومەتی عادل عەبدولمەھدی لەبەر کێشمەکێشی حزب و لایەنەکان بە دوو حزبی یەکێتی و پارتیشەوە کەوتە قۆناغی دووەمەوە تا دوا رێککەوتنی لەسەر دەکرێت تەوقیتی دوو پرۆسەی کوردستان و بەغدا تێکەڵبۆوە. جارێکی تر ئەوی بەغدا کار لەکەین وبەینی پێکھاتنی حکومەتی ھەرێم دەکا و ئەوی ھەرێمیش کاردانەوەی لە بەغدا دەبێت. لە بەغداش گرنگتر دۆسێ بێنازەکەی کەرکوک ھەیە کە پێکوتەی سیاسەتی ناوخۆی کوردستان و سیاسەتی کوردستان و بەغدا لەبەرامبەر یەک بۆشاییەکی ھەلپەرستانەی بۆ پارێزگاری بە کەفالەت دروستکردووە تا دوا ھەلی تەعریب بەکاربێنێت.
کەرکوک ھەر نەیسە کە چەقی بەستووە و چاوەرێی گەرێکی تری ململانێی سیاسییە، ئەی ھەرێم بۆ خاوەخاوێتی لە خۆرێکخستنەوەی دۆسێکانی؟ بادینی گوتەنی چەند بیکوڵێنی و بیقەلێنی ھەر ھێلکەیە. پرۆسەی سیاسیی چۆن بگیرسێتەوە ھەر لەسەر ئەوە رادەوەسێت کە ئیستحقاقی ھەڵبژاردن و ھاوسەنگی ھێز و نەخشەی دابەشبوونی سیاسیی دوو دەیەی رابردوو دەبێتە بنەما . نە یەکێتی گەرەکێتی ئیستحقاقەکە فەرامۆش بکات و نە پارتیش نەشئەی ٤٥ کورسی تا سنووری وەتاقخستنی ھێزەکان یان وەتاقکەوتنی خۆی دەبات تاڵەدەزویەکی ورد و باریکە کە چوون پەرینەوە بەسەر پردی سیراتدا چاوتیژی و حەوسەڵەی پەرٍینەوەی دەوێت.
لەبەر ئەم رەھەندانەی نێوان ھاوسەنگی و ئیستحقاق کە جەبری واقیعی کوردستان دەیخوڵقێنێت ھەر دواخستنێک لە پرۆسەکە کە تەوقیتی پێویست بۆ گەڵاڵەی کابینەی نوێ تێبپەرێنێت لەسەر حیسابی ئەرکە نەتەوەییەکەی لەگەڵ بەغدا چاوەرێمان دەکات تەواو دەبێت. کەرکوکیش لەسەر رێی چوونە بەغدامانە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand