حكومەت كەی گۆڵێكی بۆ دەكرێت
2018-10-31 19:04:05
■ شوان مەمەندی
بۆ ماوەی 5 ساڵە باشوری كوردستان بە قەیرانێكی خراپی ئابووری گوزەر ئەكات، كە لەلای زۆرینەی هاووڵاتییان ڕوونە كە هۆكردەكانی ئەم قەیرانانە لە چییەوە سەریان هەڵداوە، ئێمە ناگەڕێینەوە قۆناغەكانی پێشووی خۆمان، كە چۆن ڕۆژگاری داهاتوویی باشوریان بەهەند وەرنەگرت لە زۆربەی ڕووەكانەوە بەتایبەتی پلانی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی سەرو ژێری ئەم خاكە، بوونی هەزرارن ناوی خانەنشینكراوی هەمەجۆر لەگەڵ خانەنشینی پەرلەمانتارانی كۆن ئێستاش كە بە ملیاران دینار لەسەرحكومەت كەوتووە..
ئێمە تۆزێك سودمان لە ئەزموونی وڵاتانیتر بینیبایە لەم جیهانە پان و بەرینەدا ڕۆژگارمان جۆرێكی تر ئەبوو، بەس ئاوڕێك لە مێژووی وڵاتی ئەڵمانیا بدینەوە بە چی قۆناغێك گوزەریان كردووە. لەماوەی جەنگی جیهانی یەكەم 1914- 1918 توشی شكستێكی گەورەهاتن لە سەردەستی هاوپەیمانان و كە چەندان پەیمانیشیان بەسەردا سەپێندرا و دواتریش تووشی قەیرانی ئابووری گەورە بوویەوە 1929- 1933، كەچی ئەمە چۆكی بەو وڵاتە نەداو سەركەوتوو بوو لەدووبارە بنیات نانەوەی خۆی لە ڕێی چەندینن پڕۆژەی ناوەخۆیی و جیهانی و لەماوەی 21 ساڵ بووە جەمسەرێكی بڕیار دان لە ئەوروپادا، دووبارەش لە جەنگی جیهانی دووەم 1939- 1945تووشی گەورەترین شكست هات، بەڵام هێشتاش نەبووە وڵاتێكی لاوەكی، لەكاتی ئێستادا لە هەرە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهانە.
ئێستا دوای 27ساڵ لە ئەزموونی خۆماڵی و لە ساڵی 2018دا دەپرسین قەرزی دەركی هاتە ئاراوە، مووچەی خەڵكی بەگشت چینوو توێژەكانەوە كەمكرایەوە بۆ چارێگ و نیوە، كە درێژەیی هەیە تا ئەم ساتە، داهاتی باجی ناوەخۆ زیادی كرد، نرخی نەوت ڕۆژ بە ڕۆژ بەرزبووەوە، ئەم هەموو پانێڵانە گێردران بە مەسروفی ملیۆنان دینار، كەچی لەسەر ئەرزی واقع هەر خولانەوەیەو هیچ ڕۆشناییەك بەرچاو ناكەوێت، كە دابڕانێك لە قۆناغی پێش خۆمان بێتە ئاراوە كە بتوانین هێما بۆ باشتر بوونی دۆخی ئابووری بكرێت و دۆخی حكومەت و خەڵكی سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت.
من هەموو كات ئەو قسەیەیی ئاشتی هەورامیم بیر ئەكەوێتەوە ئەچمە ڕامانێكی قوڵەوە تۆیەك خاوەنی دەوڵەمەندترین سەرمایەیی دەستی كاری گەنج و ئاو و سامانی لە بن نەهاتووی ئەم خاكە بە پیتە بیت كەچی بڵێت نەوت بگاتە 100 دۆلاریش دۆخی ئابووری باش نابێت، ئەبێت ڕیشی ئەم گەلە بدرێتە دەست ئەم جۆرە كەسانە كە سیاسەتی ئابووری بچەقێنن، واتا چاوەڕوانی ئەوەم لێمەكەن كە لەڕێگەی نەوتەوە داهاتی حكومەت زیاد بكەم و مووچەی خەڵكی بگەڕێتەوە باری ئاسایی، پەرلەمان و بەناو ئەندام پەرلەمانەكانیش نەیان گوت ئەرێ لەسەر چ بنەمایەك؟ هەر هیچ نەبێت لێكۆڵینەوەیەك لەگەڵی بكرێت، پەلكێشی هۆڵی پەرلەمانیان بكردبایە لەسەر ئەم لێدوانە. بەداخەوە گەر دەستێكی ئەمین هەبێت ئەبێت ئێستا قۆناغی گەیشتن بە وڵاتێكی گەشەسەندوی وەك توركیا تێپەڕێندرابایە نەوەك هەر لە قۆناغی داتەپینی ئابووری و چاوت لە بودجەی بەغداو بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بێت.
پسپۆڕان و خاوەن شارەزایان بۆ ناپرسن كەرتی كشتوكاڵی و بەرهەمی ناوەخۆ بۆ ئەوەندە هەژارە، كوا بەسەدان كارگە لەماوەی 27 ساڵی تەمەنی دەسەڵاتی خۆماڵی كوردی كە ئێستا بە هەزاران دەرچوو ئێستا سود مەندی یەكەم دەبوون. كوا پلانی ئاسایشی خۆراك، پلانی بەرەنگاربوونەوەی كێشەی كەم ئاوی دروستنەكردنی سەدەی پێویست بۆ بەهەدەر چوونی ئاوی شیرنی ساڵانە، كوا پلانی ئاسایشی تەندروستی، بەڵام بەردەوام بوون لەسەر ئەم ڕێچكەیە بەهیچ پێودانگێك نامان گەیێنێتەوە سەر ڕێچكەی كەناری ئارامی.