لۆجیکی دەوڵەت
2018-10-31 09:20:18
■ سەردار عەزیز
یەکێك لە کێشەکانی مرۆڤی کورد لە بیرکردنەوەی لە دونیا ئەوەیە کە لە لۆجیکی دەوڵەت تێناگات.
مرۆڤی کورد هەر ئەوەندە نیە کە مرۆڤێکی بێدەوڵەتە، بەڵکو مرۆڤێکە لە دەرەوەی لۆجیکی دەوڵەت و هەروەها لۆجیکی سیستەمی جیهانی. ئەمە هەمیشە دۆخێکی دەرونی و سیاسی سەختی بۆ ئەم مرۆڤە دروست کردوە. لێرەدا دەمەوێت بە نمونەیەکی مێژوویی باسی ئەم دۆخە بکەم و پاشان هەوڵ ئەدەم کە چەند دەرئەنجامێک دابڕێژم.
ئەو نمونەیەی کە باسی لێوەئەکەم پەیوەندی نێوان عێراق و یەکێتی سۆڤیەتە. ئەم دوو وڵاتە لە ڕۆژگاری شەڕی سارددا پەیوەندییان زۆر نزیک و تۆکمەبوو. سۆڤیەت نەک تەنها چەکیان بە عێراق دەفرۆشت، بەڵکو لە ناوەندی زۆری پیشەسازی، سەربازی، ئاسایش و سیخوڕی عێراقیدا ئامادەبوون. دەتوانین بڵێین کە دەوڵەتی سۆڤیەت هەر لە سەرەوەی هەرەمەکە هەتا خوارەوەی لە پەیوەندیدا بوو لە گەڵ عێراقدا.
بەڵام سۆڤییەت لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان توشی قەیرانی سەخت بوو، لە سەردەمی گۆرباتچۆفدا هەوڵی ئەوە درا کە ئەم قەیرانە تێپەڕێنرێت، بەڵام چاکسازی ئەگەر لە کاتی گونجادا ئەنجام نەدرێت ئەوا لە بڕی ئەوەی چاکی کات دەیکوژێت.
عێراق لە مانگی ئابی ١٩٩٠ کوێتی گرت. ئەم ڕووداوە بە عەقڵی کەسدا نەدەچوو، بۆیە ئاسان نەبوو هەتا کۆتایی بڕوای پێبکرێت. لە شەوی یەک لە سەر دووی مانگ، سۆڤیەت بێئاگابوون. ئەو کاتە گۆرباتچۆف لە سەر دەریای ڕەش بوو لە هۆڵیدەی (پشوی هاوینە)، شیفارنادزە لە سایبیریا بوو لە گەڵ جەیمس بیکەردا لە قەراخ دەریاچەیەک. ئەمریکاییەکان بەئاگابوون کە عێراق هێرش دەکات، بەیکەر شیفارنادزەی ئاگادارکردەوە، ئەویش گۆرباتچۆفی ئاگادارکردوە. ئەمە مانای وەهایە کە سۆڤیەت ئاگادارنەبوون لە نیازی عێراق. گۆرباتچۆف و شیفارنادزە هەردوو لە گەڵ ئەوەدابوون کە عێراق سزا بدرێت. هەروەها هەوڵیاندا کە روداوەکە وەها بقۆزنەوە کە بیکەنە رێخۆشکەرێک بۆ پەیوەندی باشتری نێوان سۆڤییەت و ئەمریکا. بە مانایەکی تر هاوڕابوون لە گەڵ ئەمریکادا. بەڵام عەربیستەکانی ئیدارەی سۆڤییەت، لە سەروی هەمویانەوە بریماکۆڤ، لە گەڵ ئەوانەی کە سودمەندبوون لە عێراق و کەس و کاریان لە عێراق بوو دژ بوون و هەوڵی ئەوەیاندا کە سۆڤیەت هەمان ڕای ئەمریکای نەبێت.
ئەم رووداوە چەند ئاماژەیەکمان پێئەدات:
یەکەم، کاتێک سیستەمی جیهانی لە قۆناغێکەوە دەگوێزێتەوە بۆ قۆناغێکی تر، ئەوا سەرجەم پەیوەندیەکان دەگۆڕێن. ئەگەر بتەوێت ئەکتەرێک بیت لە نێو کۆمەڵگای جیهانیدا، ئەوا دەبێت هەمیشە بە ئاگابێت کە ئەم ساتەوەختی گواستنەوەیە چۆنە و کاریگەری چۆن دەبێت. ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە چەندین ئاستدا لە گواستنەوەدایە، ئاستی ئابوری، تەکنەلۆجی، ململانێی هێز، جەمسەرگیری و دروستبوونی فرە جەمسەری پڕ پشێویی. بەئاگابوون لە هەموو ئەمانە و هەڵسەنگاندیان ئاسان نیە.
دووەم، لە ساتی وەرچەرخاندا، دەکرێت هاوڕێیەتی نەک کۆتایی پێبێت بەڵکو وەک چەکێک دژت بەکاربێت. ئەم دیاردەیە بۆ عەقڵی کوردی و عەقڵی ڕۆژهەڵاتی، کە هێشتا باس لە پیاوەتی و مەردایەتی و دۆستایەتی و پشتگیرییکردن دەکات ئاسان نیە قوت بدرێت. بۆیە نزیکیی یان دۆستایەتی لە نێوان هیزەکاندا نەک هەر گەرەنتی خراپە نەکردن نیە، بەڵکو ئەگەری هەیە کە ئەو نزیکایەتیە بە دژت بەکاربێت.
سێیەم، هێزی گەورە هەمیشە ڕەفتاری جیاوازە لە هێزی بچوک. ئەمە لە داهاتوودا زیاتر ئاڵۆزتردەبێت چونکە لە کاتێکدا دونیا بەرەو فرە چەمسەری دەڕوات ئەوا ململانێی هێزەکان چڕتر و ئاڵۆزتر دەبێت. لە دۆخێکی وەهادا لۆجیکی هێز زاڵ دەبێتەوە. لۆجیکی هێز بە تەواوی لۆجیکی ناسەقامگیری پڕ لە ململانێیە.
لە دۆخی گواستنەوەی دونیا بەرەو فرە جەمسەری؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر پەرت و پڕ لە ململانێ دەبێت، چونکە نە وڵاتەکانی تۆکمەن نە دەتوانن پێکەوەبونێک پێک بهێنن. لەم ڕوانگەیەوە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش یاشکە فیشەر وتارێکی دەربارەی برێکسیت نوسیبوو بە جەختکردنەوە لە سەر ڕەهەندی سیاسی، دیدێکی خستبوە بەرچاو کە زۆر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گونجاوە. فیشەر دەڵێت ئەگەر یەکێتی ئەوروپا نەبێت، ئەوروپا نابێت، چونکە سەردەمی دەوڵەتداری بە مۆدێلی وێستڤیلیا کۆتایی هات. وێستڤیللیا جەختی لە سەر سەروەری دەوڵەت دەکردەوە. فیشەر دەڵێت ئەگەر یەکێتی ئەوروپا لە ئەنجامی فاشیزمی ئەوروپی و برێکسیت هەڵوەشێت ئەوا وڵاتانی ئەوروپا بە تەنها ناتوانن بەرژەوەندی خۆیان لە دونیادا بپارێزن و لە ئەنجامدا دەبنە گۆڕەپانی ململانێی هێزەکانی تر. ئەمە ئەمڕۆ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. کورد نێچیرێكی ئاسانی ئەم ململانێیانەیە!