Draw Media

پێناسەیەک بۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم

پێناسەیەک بۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم

2018-10-30 17:40:19


■   بەرهەم مستەفا

لەم کابینەدا سەرۆکی حکومەت لە پشکی پارتیە ، ئەگەرێکی زۆر دووبارە و چەند بارە هەر خودی نێچیرڤان بارزانی ئەم پۆستە وەربگرێتەوە ، بەواتایەکی تر ئەقڵیەتی دەوڵەتداری و بەڕێوەبردنی ئەم حکومەتە نەک گۆڕانکاری بەسەردا نایەت ، بگرە پێشبینی ئەکرێ جۆرێک لەغرور و عەنتەریات لەم کابینەدا بەدی بکرێ.
چونکە هێشتا بە ئەقڵێکی داخراو و خێڵەکیەوە هەنگاوەکانی حکومەتداری بەڕێوە ئەچێ..

مامەڵەی حکومەت و پەرلەمان:
بێگومان ئەمجارە حکومەتی نوێ گوێڕایەڵ ئەبێ بۆ پەرلەمان ! ، بەومانایە نا ٫ کەڕێز لەپەرلەمان ئەگرێ وەک دەسەڵاتێکی باڵا ، بەڵکو پارتی ئەو پەرلەمانەی دەستکەوت ، کەئەیویست ، دواجار بەدەستی هێنا ، پەرلەمانێک پڕاوپڕ لەبەیعەت و چەپڵە بۆ سیاسیە شکستخواردوەکان ..لێرە بەدواوە وەک پیشەی هەمیشەیی یەکێتی بە تەشیەکەی پارتی ئەیڕێسێ و پەرلەمان ئەبێتە شوێنی دەرچواندنی ئەو یاسا حەکیمانەی کە لە دیوەخانی مەکتەب سیاسی ئەم دوو هێزەوە دەرئەچێ ،.. حکومەتیش بێ سەرئێشە و بێ لێپرسینەوە ئاشی خۆی ئەگێڕێ ..جا ئەگەر وەزیرێکی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ، لەم کابینە نوێیەدا بونی هەبێ و ڕۆژێ لەڕۆژان بێ گوێی بکات ..، ئەوا بەئیعازێکی حکومەت لەپەرلەماندا ئەبێتە پۆڕی خوراو، سیقەی لێ وەردەگیرێتەوە. بەمەش دەکرێتە هەڵایەکی ڕاگەیاندن ، کە پەرلەمانەکەی خۆشمان توانای لێسەندنەوەی متمانەی هەیە لەوەزیرەکان...

بەرنامەی کاری ئەم حکومەتە چیە ؟:
بەرنامەی کار جگە لە وەرەقەیەک لەڕووی ئیعلامیەوە هیچی تر نیە ، جا هەر هێزێک بەشداربێ ،بە یەکێتیشەوە هەمویان ئەڵێن بەرنامەی کارمان هەیە ، بەڵام ئەسڵی مەوزوع تاکە بەرنامە ٫ بەرنامەی پارتیە و بەس.

یەکێتی و کابینەی نوێ :
یەکێتی شینی ئێستا و داهاتوشی بۆ ئەوەیە کە پارتی بیکاتە شەریک لەسەر ئەساسی خۆیان وتەنی مێژوو و دەسەڵات و توانای عەسکەری٫ نەک ژمارەی کورسی وەک پێوەرێک.، پارتیش ئەیەوێت بەحەجمی کورسیەکانی بەشداری پێ بکات ، بەڵام لەهەردوو حاڵەتدا پارتی و یەکێتی لەیەکتر دانابڕێن و ڕێک ئەکەون ..، گرێ کوێرەیەکی تر بۆ یەکێتی ، بزوتنەوەی گۆڕانە هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کە گۆڕان بەشدار نەبێ لەم حکومەتەدا و لەڕێگەی پەیجە سێبەرەکانیەوە دوو دڵیەکی بۆ بزوتنەوەکە دروست کردوە کەبەشداربێ یانا ، بەڵام ویستی یەکێتی بەشدارینەکردنی گۆڕانە لەم حکومەتەدا...

گۆڕان و کۆمەڵ و حکومەتی نوێ:
لە دوو حاڵەت تێپەڕ ناکات ، ئەگەر بەشداری نەکەن ، ئەوا دەبنە ئۆپۆزسیۆنێک و بەڵام هەمیشە چەکوشی یەکێتی و پارتی بۆ سەریان ئامادەیە ..، ئەبێ ئەو ڕاستیەش بزانن کەناتوانن ڕێگری بکەن لەهەر یاسایەک کە بەدڵی ئەوان نەبێ ، چونکە ئەستەمە دروستکردنی بەریەک لەو هێزانەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و جێنەهێشتنی یەکتری ..! هەرچەند ئەم بەرەیەش ناتوانی ڕێگربێ لەهەر جوڵەیەکی سیاسی ئەم دوو هێزە کە پارتی ویەکێتی یە ، جا هەر لەخۆبایی بونێکی یەکێتی لەداهاتودا کە هەبێ ، ئەوە قورسایی خۆی نیە ،بەڵکو خۆهەڵواسینیەتی بەپارتیەوە و ناتوانێ دەستبەرداری بەرژەوەندیەکانی بێت.
تەنها سودی ئۆپۆزسیۆن بونی گۆڕان وکۆمەڵ ئەوەیە کە لەڕاگەیاندن و لەسەر مستەوای لۆکاڵی و نێودەوڵەتی عەیب و عارەکانی یەکێتی و پارتی بخەنە ڕوو ، واتە کار بۆ چوارساڵی داهاتو بکەن.
حاڵەتێکی تر ئەوەیە بەشداری حکومەت بکەن و نەهێڵن خەونی یەکێتی بێتەدی و پارتی ناچار بکەن هەرکەسەو بەحەجمی خۆی بەشداری پێبکرێ ..، بەڵام ئەم بەشداریکردنەش ئەبێ یان لەگەڵ هەنگاوەکانی پارتی دا هەنگاوبنێن و ڕەخنەکانیان سنورداربێ ، یاخود هەمان شانۆی کابینەی بەسەرچوو دووبارە ئەبێتەوە..

کێشەیەک کەڕەنگە ڕیسەکە بکاتەوە بەخوری :
نوسین و پێداچونەوە و ئامادەکردنی دەستورێک بۆ هەرێمی کوردستان لەنێو پەرلەمانی ئەمجارەدا مشتومڕێکی توند بەدوای خۆیدا ئەهێنێ ، کە دەستورێک ئەبێ بەدڵی پارتی و بە مورعاتی یەکێتیەوە ، بۆ هێزەکانی تریش یان ڕازیبوون یان پرتەو بۆڵەیەک کەجێگە ناگرێ ، ڕەنگە ئەمە جۆرێک لە ژاوەژاوی سیاسیش دروستبکات بەڵام دەرئەنجام تێپەڕ دەبێت .

یەکگرتوو ، نەوەی نوێ و حکومەت :
یەکگرتوی ئیسلامی بڕیاڕی پێش وەختەی خویداوەو ئەبێتە ئۆپۆزسیۆن ،کەئەمەش بەشێکی پەیوەندی بەنیگەرانی هەوادارەکانیەوە هەیە ، کە لەڕابردوو دا نیگەران بوون ، ئەمجارە نایەوێ کوڕی خۆی بکاتە قوربانی کچی کەس ..، ئەیەوێت بەم هەنگاوەی لانی کەم بۆ داهاتوو کورسیەکانی پێشووی مسۆگەر بکاتەوەو لەڕیزبەندی هێزە ئیسلامیەکاندا ببێتەوە بەهێزی یەکەم ..جا ئەرکی ئاسان نابێ لەکاری ئۆپۆزسیۆنیدا ، چونکە جەمسەری بادینان کەمتر دڵخۆشن بەم بڕیاڕە ..ئەرکی یەکگرتوو کاتێک قورستر ئەبێ گۆڕان و کۆمەڵ بەشداربن لەحکومەتی داهاتوو ، بەپێچەوانەوە ئەوا جۆرێک لەئاهێکی پێدا دێتەوە لە کاری ئۆپۆزسێونیدا.
هەرچی نەوەی نوێ یە ، تاقی نەکراوەتەوە لەکاری پەرلەمانی و حکومیدا ..، بەڵام ئەگەرەکە ڕوونە کەبەشداری حکومەت ناکات و خەڵکیش ئەیەوێت بزانی جوڵەی سیاسی ئەم هێزە بەکوێ ئەگات لەنێو کاری پەرلەمانی و لەشەقام ..، ئایا خیتابی ئەم هێزە بەئاراستەیەکی جیاواز ئەبێ ، یاخود نەخێر هەمان تاس و هەمان حەمام ئەبێ ؟ لە هەموو حاڵەتێکدا دەنگدەرەکانی چاوەڕێن . ...لەکۆتاییدا حکومەت حکومەتی پارتی ئەبێت بە پاشکۆیەتی یەکێتی یەوە ، ئەو هێزانەی تریش لەئەگەری بەشداری لەم کابینەدا ، ئەوا ئەبێ قبوڵیان بێ وەزیر وەردەگرن نەک وەزارەت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand